Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 18:24

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا: درۆنێکی ئێرانیمان خستەخوارەوە کە ئاراستەی هەولێر کرابوو

کوردستان TV
100%

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هێرشی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە هەولێر شەرمەزار کرد، هاوکات خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەنراوێک كۆڵۆنێڵ جۆ پوچینۆ، بەڕێوەبەری كاروباری گشتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا ڕایگەیاند:  سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە دەکەین كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر پارێزگای هەولێر دەستی پێ كردووە و هەڕەشە لە خەڵکی مەدەنی بێتاوان و سەقامگیری ناوچەکە دەکەن کە بە سەختی بەدەست هاتوون.

جەختیشی كردەوە كە هیچ ئەندامێکی هێزی ئەمریكی لە ئەنجامی لێدانەكاندا بریندار نەبووە و نەكوژراوە، هەروەها هیچ زیانێكیش بە ئامێرە ئەمریكییەكان نەگەیشتووە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: نزیکەی کاتژمێر 02:10 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، هێزەکانی ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێ سەرنشینی ئێرانی موحەجەر-6ـیان خستەخوارەوە کە بە ئاراستەی هەولێر دەڕۆیشت، بەو پێیەی وا دیاربوو مەترسی دروست دەکات بۆ سەر هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.

كۆڵۆنێڵ لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش داوە کە کارمەندانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی عێراق لە عێراق کاردەکەن بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژ و هاوکاری و بەهێزکردنی هێزە هاوبەشەکان بۆ شکستپێهێنانی بەردەوامی تیرۆریستانی داعش.

دووپاتیشی کردەوە کە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن، وەک پشتگیرییەک لە هێزە هاوبەشەکانیان لە عێراقدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.