لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە سەرۆكایەتیی دانیشتنی ژمارە (6)ی پەرلەمانی كوردستانی دەكرد، ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانی سەبارەت بە بۆردوومانكردنی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران خوێندەوە، كە تێیدا بەتووندی ئیدانەی ئەم هێرش و پەلاماردانە دەكات، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
جەماوەری بەشەڕەفی كوردستان..
ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان..
دوێنی 2022/9/28، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەندین مووشەك و درۆنی خۆكوژ، چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانی لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی بۆردوومان كرد.
پێش چەند ڕۆژێكیش پەلاماری هەندێ ناوچەی سنووری سیدەكان و دەڤەری برادۆستی دابوو.
لە ئەنجامی ئەم هێرشە ناڕەوا و بۆردوومانە بێ پاساوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەك هاووڵاتی شەهیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون. لەم پەلامارەدا چەندین ناوچەی سیڤیل و قوتابخانە و ماڵ كرابوونە ئامانج.
بەناوی پەرلەمانی كوردستانەوە، بە تووندی ئیدانەی ئەم هێرش و پەلامارانە دەكەین و پێمان وایە لە ژێر هەر بیانوو و پاساوێكدا ناكرێ پەنا بۆ تووندوتیژی و مووشەك و پەلاماری سەربازی و بۆردوومانكردن ببرێ.
پەرلەمانی كوردستان سوورە لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەكەی خۆی بەوەی كە خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەش و سەروەری و بنەماكانی دراوسێیەتیی باش و بەپێ یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ دراوسێكانیدا و پشتیوانیی هیچ هەوڵ و جووڵەیەكی نییە كە خاكی هەرێمی كوردستان بۆ پەلاماری وڵاتان بەكار بهێندرێ. پێمان وایە چارەسەری سەربازی و هێرش و پەلامار نەك كێشەكان چارەسەر ناكات و ڕیشەكێش ناكات، بەڵكو ئاڵۆزی دەكات.
پەرلەمانی كوردستان داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، ئاستێك بۆ ئەم پەلامار و پێشێلكردنانەی خاك و سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان دابنێن.
جارێكی دیكە، وێڕای نیگەرانیی قووڵمان و سەركۆنەكردنی ئەو هێرش و پەلامارانەی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی پەرلەمانی كوردستان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
2022/9/29
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.