Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 22:25

وه‌زیری ئه‌وقاف ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر بڕیاری داخستنی سه‌نته‌ره‌كانی فێركردن و له‌به‌ركردنی قورئان ده‌دات

کوردستان TV
100%

وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ میانی سه‌ردانی شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بڕیاری داخستنی سه‌نته‌ر و بنه‌كه‌كانی فێركردن و له‌به‌ركردنی قورئانی پیرۆز دا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م شاندێکی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان کرد.
د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە دیداره‌كه‌دا ڕوونكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بڕیاری داخستنی سەنتەر و بنکەکانی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز دا و ڕایگه‌یاند كه‌ مەبەست لێی چالاکی ئەو ڕێکخراوانە نییە کە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان و بەپێی ڕێنماییەکان مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە، بەڵکو مەبەست ھەر کەس و لایەنێکە كه‌ مۆڵەتی ڕەسمییان نییە و چالاکیی جۆراوجۆری ئاینی ئەنجام دەدەن.

وه‌زیری ئه‌وقاف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئەمە ئەرکی وەزارەته‌كه‌یانه‌ بەپێی یاسا وەک لایەنی پەیوەندیدار لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی یاسایی و شەرعی ڕێک بخات.

هه‌ر له‌ کۆبوونەوەکەدا پلان و بەرنامەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی خرایەڕوو لە بایەخدان بە بنکە و سەنتەرەکانی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز و خوێندنی ئیسلامی کە لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان وەزارەتی ئەوقاف سەرپەرشتی زیاتر لە 100 بنکەی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز و 136 حوجرەی فەقێیان و 21 قوتابخانەی ئاینی بۆ خوێندنی ئیسلامی دەکات.

له‌ كۆتاییدا شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بە گرینگییەوە چالاکی و بەرنامەکانی وەزارەتی ئەوقافی ھەڵسەنگاند و جەختی لەسەر بەردەوامیى ھەماھەنگیی نێوان لیژنەی ئەوقاف و وەزارەتی ئەوقاف کرده‌وە لەپێناو بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئاینی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.