Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 10:44

واده‌ی پێشكه‌شكردنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق ئاشكرا كرا

کوردستان TV
100%

ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا واده‌ی پێشكه‌شكردنی كابینه‌ نوێیه‌كه‌ی حكوومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی ئاشكرا كرد كه‌ له‌ مانگی داهاتوودا ده‌بێت.

حه‌یده‌ر ئه‌لموولی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاند: ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق هه‌نگاوێكه‌ بۆ ڕێڕه‌وی ده‌ستووری و یاسایی و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ دواكه‌وتنی زه‌ره‌ر و زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاووڵاتییان ده‌دات.

ڕاشیگه‌یاند: گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر دیاریكردن و پێشكه‌شكردنی كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌رده‌وامه‌ و هه‌نگاوی باشی بۆ ڕێككه‌وتن بڕیوه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاماژه‌كان باشن.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: دوای ده‌نگدان له‌سه‌ر كاندیدی پۆستی سه‌رۆك كۆمار، پاڵێوراوی سه‌رۆك وه‌زیران مانگێك مۆڵه‌تی ده‌بێت بۆ پێشكه‌شكردنی كابینه‌كه‌ی.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێكی داهاتوودا پۆستی سه‌رۆك كۆمار و كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ مه‌حموود مه‌رعی سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح ڕایگه‌یاند: چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌وڵ ده‌دات له‌ قۆناغی داهاتوودا حكوومه‌تێكی خزمه‌تگوزاری پێكبهێنێت كه‌ هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ خواست و داوكاری هاووڵاتییانی عێراق.

گوتیشی: هه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانێك بۆ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق دیاری بكرێت، ئه‌ركی داهاتووی بریتی ده‌بێت له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق به‌ ڕه‌زامه‌ندی خودی موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی سه‌دریش كراوه‌ له‌ مانگی 10ی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق ئه‌نجام بدرێ.

جێی باسه‌ ڕۆژی چوارشه‌می ڕابردوو دوای زیاتر له‌ دوو مانگ له‌ هه‌ڵپه‌ساردنی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو و تێیدا ‌له‌نێو هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ پرسی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كلایی كرایه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئاماده‌بووان داواكه‌ ڕه‌تكرایه‌وه‌، له‌ بڕگه‌یه‌كی تریشدا موحسین مه‌نده‌لاوی به‌ جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردرا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.