Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 04:34

مانگرتن لە كوردستانی ئێران دەستی پێكردەوە

کوردستان TV
100%


بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ، مانگرتن لە جوانڕۆ بەتەواوی دەستی پێكردو هەواڵەكان لە سنە باس لەوە دەكەن كە بەشێكی زۆر لە كارمەندی بانك و ئیدارەكانیش بە نەچوونەتە سەر كارەكانیان دەستیان بە مانگرتن كردووە.هەروەها خەڵكی شاری دیواندرە و بازاڕییەكانی ئەو شارە بە داخستنی دووكان و بازاڕ ئیرادەی كردووە.
هاوكات مانگرتنی گشتی لە بەلوچستان دەستی پێكردووەو بەلوچستان دەنگی خۆی خستۆتە پاڵ دەنگی كوردستان و پاڵپشتی خۆی لە مانگرتن و ڕاپەڕینی سەرانسەریی ئێراندا پێشان دایەوە.
هەروەها لە دزەی مەرگەوەڕ مانگرتن گشتگیرە و بانگەوازی مانگرتن و هەڵوێست بۆ مەحكووم‌ كردنی كردەوەكانی كۆماری ئیسلامی لەلایەن خەڵكەوە بە تەواوی وەڵام دراوەتەوە.
هەروەها مانگرتنەكان لە زانكۆكانی فیردەوسیی مەشهەد، عیلم و سەنعەتی تاران، زانستگەی پزیشكیی كەرەج و زانكۆی زەنجانەوە لەو زانكۆیانە گشتگیر و بەربڵاون.
هاوكات لە ئیلام، ڕەبەت و شارەدێی نێ مەریوانیش مانگرتنەكە گشتییە. خەڵكی ئیلام، ڕەبەت و شارەدەێی نێ تابلۆیەكی دیكە لە نواندنی ئیرادەی گەلیان پێشان دایەوە.
هەروەها هەواڵەكان لە پاوە و كامیاران باس لە مانگرتنێكی گشتی و بەرفراوان لەو دوو شارەی كوردستان دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە قوتابیانی زانكۆی ددانی ‌پزیشكیی زانكۆی ئازادی تاران بە بەرزكردنەوەی دروشم لەدژی دەسەڵات و داوای ئازادكردنی قوتابییە بەندكراوەكان هاتوونەتە ڕیزی مانگرتنی سەرانسەریی وڵاتەوە.

شاری سەقز، شوێنی لەدایكبوونی ژینا ئەمینی و شوێنی لێدانی چەخماخەی نوێی ڕاپەڕینی جەماوەریی كوردستان، سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەكان جارێكی دیكە بە مانگرتنی گشتی نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی پێشان دایەوە.
هەروەها لە محەممەدیارخەڵكی كورد و ئازەری پێكەوە و هاودەنگ و هاوپشت لەگەڵ یەكتری مانیان گرتوە و دووكان و بازاڕیان داخستووە.قوتابیانی زانكۆی زەنجان-یش بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی كوردستان و سەرانسەری كردنی ناڕەزایەتییەكان مانیان گرتووە و نەچوونەتە نێو  پۆلەكانی خوێندن.
هەروەها ناوچەی گەشتیاریی "بەندی ورمێ" بەتەواوی داخراوە و خەڵكی بازاڕی و ناوچەكە بە تەواوی بەرەوپیلی مانگرتنەكە چوون. سەرچاوەكانی هەواڵیش باس لەوە دەكەن كە شارۆچكەی گوێكتەپە لە نیزیك مەهاباد بەتەواوی داخراوە.
هاوكات مانگرتنەكان لە پیرانشار بە داخستنی شەقامی 24 میتری بەرەو هەوراز دەستی پێ كردوە و شەقامی بازاڕی سیگار داخراوە. بەپێی زانیارییەكانیش سەتا 95ی شاری پیرانشار بەتەواوی داخراوە.
هەروەها لە شارەكانی بۆكان، مەریوان، مەهاباد، سنە، شنۆ، پیرانشار، بالۆی ورمێ و نەغەد مانگرتنەكە بەتەواوەتی بە ڕوخساری شار و شوێنە گشتییەكانەوە دیارە.
لە شازدەهەمین ڕۆژی ڕاپەڕینی سەراسەری و لە دووهەمین مانگرتنی گشتیی كوردستاندا زۆربەی زۆری شارەكانی كوردستان مانیان گرتووە و بە داخستنی دووكان و بازاڕ و چۆڵكردنی شوێنە گشتییەكان تابلۆیەكی دیكەیان لە ڕق و بێزاریی خۆیان كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشان داوەتەوە .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.