Erbil 38°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 06:11

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا دەکات

کوردستان TV
100%

ڕۆژی شەممە 1ـی 10ـی 2022 لە سەڵاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سێناتۆر کریستیان کامبۆن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لە بارودۆخی عێراق و کوردستان هەبوو و ڕاشیگەیاند کە سەرۆک ماکرۆن ڕایسپاردووە کە سەردانی سەرۆک بارزانی بکات بۆ وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەش ئاڵوگۆڕ کرا کە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننە و کورد لەسەر بنەمای دەستوور ئەنجام دراوە، جەختیش لەوە کرایەوە کە کێشەکانی عێراق لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

پەیوەست بە پەلامارە مووشەکیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، هەردوولا لێدانی خەڵکی سڤیل و بۆردومانی قوتابخانە و شوێنی مەدەنیان بە تاوانێکی گەورە لە قەڵەم دا.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە بە تایبەتیش هاتنی سەرۆک ئۆڵاند لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر کوردستان ئاماژەیەکی گەورەی دۆستایەتیی گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان بوو.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنساش ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتی و دۆستایەتیی گەلی کوردستان. لە کۆتایی دیدارەکەشدا میدالیای پەرلەمانی فەڕەنسای وەک دیاری پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.