Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:28

ئۆرگانە ئاینییەكانی ئێران: خامنەیی مەرجەع نییە و نابێت فەرمانەكانی جێبەجێ بكرێن

کوردستان TV
100%

ئەو خۆپیشاندانە سەرانسەرییانەی لە ئێران كە پێش 15 رۆژ لەبەر كۆشتنی كچێكی كورد بەناوی ژینا ئەمینی دەستیان پێكرد، سەرەڕای هێرش، كۆشتن، برینداركردن و گرتنی خۆپیشاندەران بەردەوامن و بگرە رۆژ لە دوای رۆژ بەرفراوانتر و بە جۆش وخرۆشتر دەبن. 
شەوی رابردوو لە زیاتر لە 158 شاری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دران. لە تاران، خۆراسان، سیستان و بەلووچستان، ئیسفەهان، ئەردەبیل، تەورێز، سنە، كرماشان، بووكان، مەریوان، سەقز، رەشت، ساری، سمنان، ئیلام، نەقەدە و چەندین شاری دیكە خۆپیشاندانی زۆر گەورە ئەنجام درا. هێزەكانی رژێمیش هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و چەند خۆپێشاندەرێكیش كۆژران كە یەكیان گەنجێكی تەمەن 23 ساڵەی خەڵكی مەریوانە.
هەروەها لە هەمووی ئەو شارانەدا، سەرەڕای سووتاندنی وێنە و پەیكەرەكانی خامنەیی، خۆمەینی، قاسم سولێمان و بەسیجییەكان، هاوكات خۆپێشاندەران ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕی هێزەكانی رژێمیان سووتاندووە و دروشمی: ئێران هی ئێمەیە، بۆ ئێران شەڕ دەكەین و ئازادی دەكەین، كۆشتن و گرتن نامانترسێنێت، بمرە دیكتاتۆر، ئامانجی هاوبەشمان هەڵوەشاندنەوەی رژێمە، كوردستان چاو و رووناكی رێگای ئێمەیە گوترانەوە.
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكانیش هێزەكانی رژێمیش توندوتێژییەكی زیاتر لە دژی خۆپێشاندەران بەكار دەهێنن و تەنیا رۆژی هەینی لە شاری زاهێدان زیاتر لە 58 كەس لە لایەن هێزەكانی رژێمەوە كۆژران و خەڵكیش سێ بەرپرسی باڵای سوپا و 19 سەربازی رژێمیان لە شارەكەدا كوشت.
دوای ئەوەی بەختیارییەكان و ئازەرییەكانیش لە راگەینراوی هاوبەشدا دژایەتی خۆیانیان بۆ رژێم و بەرپرسانی رژێمی ئێران دەربڕی، ئەمجارەیش كە كار لەكار ترازا، ناوەندی ئاینییەكانی ئێران ( قوم، مەشهەد و تاران) كە وەكو ئۆرگانی فەرمی رژێم لە قەڵەم دەدرێن، راگەیەنراوی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.
لە راگەیەنراوە هاوبەشەكەی ئەو ناوەندە ئاینییانەدا هاتووە" ئێمە وەكو ناوەندە ئاینی و پیاوانی ئاینی و پێشەنگ و خوێندكارانی ئاینی، پشتیوانی و هاوسۆزی خۆمان بۆ خەڵكی خۆمان دەردەبڕین و رادەگەینین كە لە دژی ئەم سیاسەتەی سەركۆتكارانەی رژێمین و پشتیوانی لە خەڵك و ویست و داواكاری خەڵك دەكەین.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا رەخنەی زۆر توند لە خامنەیی و رژێمەكەی گیراوە و بە رژێمێكی زاڵم، ستەمكار و بكۆژ لە قەڵەم دراوە و نووسراوە: بە گوێرەی مەزهەبی ئێمەی شیعە ئەوەی كەسێكی دیكە بكوژێت یا فەرمان بۆ كۆشتنی كەسێكی دیكە دەربكات ناتوانێت ببێتە مەرجەع، پێشەنگ و دەم راست، بۆیە لەمڕۆ بەدواوە خامنەیی مەرجەع و پێشەنگی ئێمە نییە و ئێمە بە هیچ شێوەیەك نە فەرمانەكانی خامنەیی و نە فەرمانەكانی سەرۆكانی دەسەڵاتەكانی سەربە خامنەیی جێبەجێ ناكەین. زیاتر لەمەیش لە رووی خوێندنی ئاینییەوە خامنەیی ئەوەندە خوێندەواری نییە كە بتوانێت ببێتە مەرجەع، بەڵام لە دوای مردنی خومەینی ئێمە ناچار بوون ویلایەتی خامنەیی قەبووڵ بكەن. خامنەیی لە ماوەی دەسەڵاتداری خۆیدا تاوانی زۆر گەورەی ئەنجامداوە كە لە نێو دین ئیسلامدا سزایان زۆر گرانە و لێ خۆشبوونیان ئەستەمە، بۆیە ئێمە داوا لە هێزەكانی رژێم دەكەین كە بنەماكانی ئاینی ئیسلام بكەنە مەشغەڵی خۆیان و نەبنە ئامرازێك بۆ سەركوت كردن، كوشتن و گرتنی خەڵك.
دوابەدوای ئەم راگەیەنیراوە هاوبەشە كە شارەزایان وەكو پارچە بوونی رژێم و وەشاندنی گورزی كوشندە لە رژێم لە قەڵەمەی دەدەن، رژێمی ئێران چەندین كۆبوونەوەی بەپەلەی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە ئەنجامداوە و لە كۆبوونەوەكاندا بڕیاری بەكار هێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەران دراوە.
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە پەرلەمانی ئێران بە بەشداری وەزیری ناوخۆ و فەرماندارانی سوپا، ئارتەش، پۆلیس، بەسیج و هێزەكانی دیكە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر دۆخی ناوخۆیی ئێران. 
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.