Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 23:13

ئارام تیگران.. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌رمه‌نییه‌ی بۆ هونه‌ری كوردی ژیاو ئاوازو سترانی بۆ گه‌لی كورد چڕی ...!

 ( 1934_ 8/8/2009)
کوردستان TV
100%

گه‌لی كورد و ئه‌رمه‌ن ، دووگه‌لی دێرینی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن ، له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاو  و خاكی خۆیان ژیاون،  ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌ ژیان دۆسته‌ ساڵانێك وه‌ك دوو نه‌ته‌وه‌ی هاوسێ وه‌ك برا پێكه‌وه‌ژیاون، به‌هۆی سیاسه‌تی خۆداسه‌پاندن و داگیركاری ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه‌(كورد و ئه‌رمه‌ن) ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی و له‌ناوچوون بوونه‌ته‌وه‌،

له‌كاتێكدا جیهان به‌جه‌نگێكی وێرانكه‌ر و پڕ مه‌ترسیدا تێده‌په‌ڕی ،(جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی) له‌ڕێكه‌وتی ( 24/4/1915) سوپای ده‌وڵه‌تی عوسمانی فه‌رمانی قڕكردن و كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نییه‌كانی ده‌ركرد، ئه‌و فه‌رمانه‌ و زه‌نگه‌ مه‌ترسیی و خوێناوییه‌  ته‌نها بۆ گه‌لی ئه‌رمه‌ن نه‌بوو ، به‌ڵكوپڕیشكی ئه‌و قات و قڕیی و ماڵوێرانییه‌ گه‌لی كوردیشی گرته‌وه‌‌، سوپای عوسمانی  و سواره‌ی( حه‌میدیه‌) به‌شێوازێكی زۆر دڕندانه‌و نامرۆڤانه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌یان به‌رامبه‌ر  گه‌لی ئه‌رمه‌ن ئه‌نجامدا ، ئه‌و نه‌ته‌وه گه‌وره‌یه‌ی ئه‌رمه‌ن‌ په‌رته‌وازه‌و تالێواری توانه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ هاتن.

خۆش به‌ختانه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ دژوار و لێوانلێو له‌نه‌هامه‌تی و چاره‌ڕه‌شیه‌ بۆ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ ( كورد و ئه‌رمه‌ن) له‌ناو گه‌لی كوردی ژیان دۆست و دڵئاوه‌دان وخاوه‌ن ویژدان وڕه‌وشتی به‌رزی كورده‌واری، تاوئه‌وجێیه‌ی كه‌ژیانی خۆشیان كه‌وتبێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌هانای گه‌لی ئه‌رمه‌نی زوڵملێكراوه‌ چوون و ده‌رگای ماڵیان بۆ  خستنه‌ سه‌رپشت و داڵده‌یان دان و پاراستویانن.

هونه‌رمه‌ند ئارام تێگران، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد ژیانی  باوكی یان  له‌مه‌رگ ڕزگاركرد..؟!

له‌پشت هه‌موو مرۆڤێكه‌وه‌ چیرۆكێك بوونی هه‌یه‌ ،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چیرۆكه‌ تراژیدیاكان زۆرترن تا دڵگه‌شیی و خۆشگوزه‌رانی، له‌وانه‌یه‌‌ لێمان بپرسن باشه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌رمه‌نییه‌، بۆ هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخان كردووه‌ بۆ چڕینی ئاوازی كوردی و بۆته‌ په‌پوه‌ندییه‌كی پته‌وی دۆستایه‌تی نێوان  هه‌ردوو گه‌لی كورد و ئه‌رمه‌ن..؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ سوپای عوسمانی به‌هه‌موو هێزییه‌وه‌ فه‌رمانی له‌ناوبردنی گه‌لی ئه‌رمه‌نی له‌ساڵی (1915)  جێبه‌جێكرد..!

له‌كاتی ئه‌و كاره‌ساته‌ تراژیدیایه‌ كه‌ سوپای عوسمانی به‌دڕندانه‌ترێن شێوه‌ جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرد، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و نیو مرۆڤی به‌دبه‌ختی‌ ئه‌رمه‌ن بوونه‌ قوربانی ، پیاوێكی ئه‌رمه‌نی شه‌كه‌ت و ماندووی ترس لێهه‌ڵگه‌ڕاوی ناوچه‌ی ( ساسۆن) ی سه‌ربه‌ شاری (دیاربه‌كر)  به‌ناوی ( مه‌لیكیان) كه‌ ته‌نها كوڕێكی ته‌مه‌ن (  هه‌شت ، نۆ ) ساڵانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ هانای بۆ ماڵه‌ ئاغایه‌كی كورد هێناوه‌ و له‌لوتكه‌ی نائومێدی دا تكا ده‌كا و ده‌ڵێ ته‌نها ئه‌و منداڵه‌م ناوی ( تیگران) ه‌ ،  له‌خانه‌واده‌كه‌م ته‌نها ئه‌ومنداڵه‌م ماوه‌ و به‌ڵكو بۆم بپارێزن بائه‌وه‌ش له‌ناو نه‌برێت..؟!

ئاغای كوردی‌ جوامێر و مێرخاس‌ منداڵه‌كه‌ی لێوه‌رده‌گرێت و به‌ڵێنی پاراستن و داڵده‌دانی پێده‌د‌ات  و له‌ده‌ستی جه‌ندرمه‌كانی تورك ده‌یپارێزێت، دوای چه‌ند ساڵ ئه‌و ئاغا مرۆڤدۆسته‌ (تیگران) ده‌پارێزێت و داڵده‌و به‌خێوی ده‌كات چه‌ندین جار باجی ڕۆحی و ماڵیشی داوه‌ له‌پێناو ئه‌و منداڵه‌ به‌دبه‌خته‌ ئه‌رمه‌نییه‌، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی كۆماری توركیا ، زوڵم و سته‌م زیاتر به‌رۆكی خه‌ڵك ده‌گرێت و ، چیتر ناتوانێت درێژه‌ به‌و داڵده‌دانه‌ بدات ناچار له‌ڕێی قاچاغه‌وه‌ ، له‌ساڵی (1928) واته‌ ماوه‌ی (12) ساڵ مانه‌وه‌و به‌خێوكردنی، ( تیگران) ده‌بێت له‌وكاته‌دا ته‌مه‌نی گه‌یشتبێته‌ (20) به‌هار، ئاغای كوردی جوامێر ئه‌و مێرد منداڵه‌ چاره‌ڕه‌شه‌ بێ كه‌س و كاره‌ ڕه‌وانه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌كات و ڕاده‌ستی خانه‌واده‌یه‌كی كوردی موسڵمانی شاری ( قامیشلۆ) ی ده‌كات ، ئه‌و خانه‌واده‌ كورده‌بێ به‌ش له‌منداڵ ، وه‌ك و دایك و باوكێكی دڵسۆز ده‌یگرنه‌ خۆیان و سۆزو خۆشه‌ویستی دایك و باوكی پێده‌به‌خشن و سه‌رپه‌رشتی و په‌روه‌رده‌ی ده‌كه‌ن  له‌سه‌ر ڕه‌وتی ئاینی مه‌سیحی و داب و نه‌ریتی ئه‌رمه‌نی به‌خێوی ده‌كه‌ن.

كاتێك تێگرانی ئاواره‌و ده‌ربه‌رده‌و چه‌وساوه‌ی ده‌ستی سوپای تورك ، له‌ناو سۆزی ئه‌و خانه‌واده‌ كورده‌ دا گه‌وره‌ ده‌بێت، له‌قامیشلۆ  كچێكی ئه‌رمه‌نی ئاواره‌و ده‌ربه‌رده‌ری وه‌ك خۆی بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌ و به‌شێوازو نه‌ریتی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌رمه‌ن، تیگران له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ هاوسه‌رگیری ده‌كات، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ ، ( چوار كوڕو  دوو كچ ) ده‌بێت ، نۆبه‌ره‌كه‌یان له‌ساڵی (1934) كوڕ ده‌بێت و له‌و ژینگه‌ ئارامه‌ی نێو وڵاتی  كوردان  نێوی ده‌نێن ( ئارام) .

كه‌واته‌ ( ئارام تیگران مه‌لیكیان) به‌زمانی كوردی و  ( ئارام دیگران) به‌زمانی ئه‌رمه‌نی، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ سمبوله‌ جوانه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان و برایه‌تی  هه‌ردوو گه‌لی كوردو ئه‌رمه‌ن، له‌(15/1/1934)  له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و نه‌داری ئه‌رمه‌نی په‌ڕیوه‌و ده‌ربه‌رده‌ر له‌شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان  چاوی به‌هه‌وارزو نشێوه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه‌.

ئارام تێگران له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ عاشقی مۆسیقا و ئاوازی فۆلكلۆری كوردی بووه‌، چونكه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یان زۆربه‌یان ده‌نگخۆش بوون و ستران و لاوكی كوردی و ئه‌رمه‌نییان زانیوه‌،  له‌وته‌مه‌نه‌دا هه‌ست به‌تواناو حه‌زو خولیاكانی كراوه‌ ئارام كراوه‌ كه‌ ئاره‌زوومه‌نده‌ بۆ مۆسیقا و هونه‌ری سترانچڕین،

تیگرانی باوكی سه‌ره‌ڕای ئه‌و ژیانه‌ هه‌ژارییه‌ی خۆی و خانه‌واده‌كه‌یی تێدا ده‌ژی ، به‌ڵام هه‌میشه‌ به‌حه‌سره‌تی ئه‌وه‌وه‌ بووه‌  كه‌ منداڵه‌كانی وا گه‌وره‌و په‌روه‌رده‌بكات كه‌ دڵسۆزو وه‌فادار بن به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی كورد،هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی (12) ساڵیدا له‌لایه‌ن باوكییه‌وه‌ درك به‌ هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ جوانه‌كه‌ی  ئارامی كوڕی ده‌كات و هاوكار و پشتیوان و ڕێنیشانده‌ری ده‌بێت تا به‌رده‌وام بێت  له‌گه‌ڵ هونه‌ری ئاواز و ستراندا.

 یه‌كێك له‌مامه‌كانی ژه‌نیارێكی باشی ئامێری (عوود) بووه‌ و له‌ڕێی مامییه‌وه‌ به‌و ئامێره‌ مۆسیقیه‌ ئاشنا بووه‌ و مامی ئامێری عوودی به‌دیاری  پێشكه‌ش ده‌كات ، له‌سه‌ر داخوازی باوكی ده‌ست ده‌داته‌ فێربوونی ئامێری ( عوود) به‌ڵام زۆر نامێنێته‌وه‌ و ئه‌وئامێره‌ فه‌رامۆش ده‌كات، دواتر ئامێری ( جومبوش)  هه‌ڵده‌بژێرێت به‌ومه‌به‌سته‌ی زانیاری زێده‌تر له‌سه‌ر ئه‌و ئامێره‌  به‌ده‌ست بێنێ، هونه‌رمه‌ند ده‌چێته‌ لای هونه‌رمه‌ندێك ، ژه‌نیار و دروستكه‌ری ئامێری جومبوشه‌، بۆماوه‌ی (6) مانگ له‌لای ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌مێنێته‌وه‌  و وانه‌ی خوێندووه‌ تا به‌باشی شاره‌زا ده‌بێت و فێری ژه‌نینی ئامێری جومبوش ده‌بێت ( وه‌ستایه‌كی جومبوشمان دۆزییه‌وه‌  و منی فێركرد ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌لای ئه‌و مامۆستایه‌  وانه‌ی جو‌مبوشم خوێند به‌لێدانی نۆته‌ فێربووم ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌وشی ئابووریی باوكم باش نه‌بوو ،نه‌متوانی له‌قوتابخانه‌ وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی موزیك وه‌ربگرم ) (1) .

له‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌به‌باشی خۆی فێری ئامێری جومبوش ده‌كات، هه‌موو كاته‌كانی ژیانی به‌ عه‌شق و دڵسۆزییه‌وه‌ بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی چڕین ته‌رخان ده‌كات، كاتێك ته‌مه‌نی بووه‌ به‌ (20) ساڵ ، واته‌ ساڵی (1954) به‌هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ پڕ ووزه‌كه‌ی و ئامێره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌شاری قامیشلۆ چۆته‌ سه‌رشانۆ و هه‌روه‌ها به‌شداری له‌ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌نده‌كاندا كردووه‌ و سترانی كوردی و ئه‌رمه‌نی و عه‌ره‌بی خوێندووه‌، له‌ڕێی ئه‌م به‌شداریكردنه‌ هونه‌رییانه‌ ڕێچكه‌ی هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌شه‌ ده‌كات و ناو و ناوبانگ په‌یدا ده‌كات، به‌ڵام ڕاسپارده‌و ئه‌مه‌گناسیی و وه‌سیه‌ته‌كه‌ی (تیگران) ی باوكی فه‌رامۆش ناكات، ئارام تیگرانی هونه‌رمه‌ند به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت ( وه‌ك زۆربه‌ی ئه‌رمه‌نییه‌كانی دیكه‌ ، به‌هۆی كورده‌كانه‌وه‌ له‌ده‌ستی زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌و قڕكردنی توركه‌كان ڕزگاریان بووه‌، باوكی منیش له‌سه‌رده‌می كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نییه‌كاندا ، له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه‌ له‌مه‌ترسیی كوشتن له‌سه‌ر ده‌ستی توركه‌ مرۆڤ كوژه‌كان ڕزگاركرا، بۆیه‌ به‌رده‌وام باوكم پێمی ده‌گووت : كوڕی من سه‌نگ و بایه‌خ و به‌های گه‌لی كورد بزانه‌..! كورده‌كان له‌بیرمه‌كه‌ ، ئه‌رك و ئه‌مه‌ك و منه‌تیان له‌سه‌ر من زۆره‌، ئه‌وان منیان پاراست و خاوه‌ندارێتییان كردم ، ئه‌گه‌ر ئێستا ئێوه‌، براو خوشكه‌كانت له‌ژیاندان ، به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ژین، ئه‌گه‌ر دوژمن منی كوشتبا ئێوه‌ش نه‌ده‌هاتنه‌سه‌ر دنیا، ئه‌و ئاغایه‌ی له‌كاتی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌دا منی به‌نهێنی له‌ماڵی خۆیدا پاراست و خاوه‌ندارێتی له‌من كرد و دواتر منی ڕه‌وانه‌ی ڕۆژئاوای كوردستانی كردم و ژیانی ئێمه‌ی ڕزگاركرد، ئێستا به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌یه‌ كه‌له‌سه‌ر ڕووی دنیاین و ده‌ژین، بۆیه‌ نابێ هه‌رگیز ئه‌مه‌ك و نمه‌كی ئه‌وان له‌بیر بكه‌ن ، سترانه‌كانی خۆتان به‌زمانی كوردی بڵێن..! ئه‌و شیعرانه‌ی ده‌یده‌مه‌ تۆ ، بیانكه‌ گۆرانی خۆش و بۆ خۆیشت ببه‌ به‌ دۆستێكی باشی كوردو هه‌رگیز نمه‌كیان له‌بیر مه‌كه‌) (2).

ئارام تیگرانی هونه‌رمه‌ند ، نه‌ك هه‌ر وه‌سیه‌ته‌كه‌ی باوكی فه‌رامۆش نه‌كرد به‌ڵكو  بووه‌ هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆز و به‌ئه‌مه‌ك كه‌ هه‌موو ژیانی خۆی له‌وپێناوه‌دا ته‌رخانكرد.

 هونه‌رمه‌ند ئارام تیگران به‌ده‌نگ و ئامێره‌كه‌ی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بوونی خۆی سه‌لماند و گه‌شتی هونه‌ریی ده‌ستپێكرد و ڕۆژ به‌ڕۆژ خۆشه‌ویستر ده‌بوو له‌لای جه‌ماوه‌ر ،  تازه‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ (23) به‌هار  ، ساڵی (1957) ، هونه‌رمه‌ند ژیانی هاوژینی له‌گه‌ڵ خاتوو( سیروارت مه‌لیكیان 1941 قامیشلۆ ) كچی خانه‌واده‌یه‌كی ئه‌رمه‌نی ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ری  ده‌ستی جه‌ندر‌مه‌كانی تورك هاوسه‌رگیری ده‌كات ، په‌روه‌ردگار دوو كچ و كوڕێكیان پێ ده‌به‌خشێت به‌ناوه‌كانی ( سیڤان ، ئایچه‌نیك و یاقووب)، ئه‌م خانه‌واده‌ هونه‌رمه‌نده ئه‌رمه‌نییه‌‌ جیاله‌وه‌ی كه‌ ئارام تیگران له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت  به‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی ده‌كات، به‌رده‌وام له‌ماڵه‌وه‌ش شێوه‌ی ئاخاوتن و ده‌موو دوویان به‌زمانی شیرینی كوردی دواوون و قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كدا كردووه‌.

ئارام تیگران مه‌به‌ستی گرنگیدان به‌هونه‌ره‌كه‌یی و زیاتر ڕۆچوونه‌ نێو جه‌ماوه‌ره‌وه‌ هانا بۆ دیوانی هۆنراوه‌ی شاعیرانی كورد ده‌بات و تێكستی به‌رزو لێوان له‌هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و دژ به‌داگیركه‌ران  هه‌ڵده‌بژێرێت و ئاوازیان له‌سه‌ر داده‌نێت ، یه‌كه‌م ئاوازی له‌ساڵی ( 1965) له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی شاعیری مه‌زن ( جگه‌رخوێن 1903_ 22/10/1984) به‌ناوی ( شه‌ڤ چوو) داده‌نێت و زۆر به‌خێرایی له‌نێو هۆگرانی ده‌نگ و هونه‌ری ئارام تیگران بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ته‌مه‌نی مێردمنداڵییه‌وه‌  ئاشنا بووه‌ به‌ناو هۆنراوه‌كانی (جگه‌رخوێن) چونكه‌ دۆستێكی دێرینی باوكی بووه‌، هۆنراوه‌كانی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داناوه‌.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوژمنانی گه‌لی كوردو ئه‌رمه‌ن، هه‌ر زۆر زوو له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی هونه‌رمه‌نددا دروست ده‌كه‌ن و پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی ڕۆحی و ده‌روونی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ند و له‌ هه‌ردوو وڵاتی ( سوریا و توركیا) له‌ساڵی (1966) به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئازادیخوازه‌ لێوان لێوه‌ له‌ برایه‌تی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كورد و ئه‌رمه‌ن، به‌ناچاریی ڕۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی به‌جێ دێڵن و ڕووده‌كه‌نه‌  وڵاتی ( ئه‌رمه‌نستان) به‌ڵام به‌هه‌گبه‌یه‌كی تژی له‌ هونه‌ر و ئاوازی كوردی .

هونه‌رمه‌ند ئارام تیگران و ڕادیۆی یه‌ریڤان ...!

 یه‌كێك له‌و ڕادیۆ كوردییانه‌ی  كه‌ نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌ خزمه‌تی به‌  ستران و لاوك و داستانی كوردی دا  ڕادیۆی یه‌ریڤان  بووه‌، ( ده‌ستپێك به‌ ووشه‌ی ( یه‌ریڤان خه‌به‌ر ده‌دا) ئه‌و ڕادیۆیه‌ هه‌واڵ و لاوك و كه‌لام و سترانی كوردی به‌هه‌موو ماڵه‌ كوردێكدا ده‌وه‌شاند ، پاش ڕۆژئاوابوون له‌جیاتی چرا هه‌موو ماڵه‌ كرمانجێكی ڕۆشن ده‌كرده‌وه‌ ، له‌ساڵی (1955) له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی سۆڤێته‌وه‌ ، ڕادیۆی كوردی یه‌ریڤان بۆماوه‌ی چاره‌گه‌ سه‌عاتێك ، كه‌پاشان له‌ساڵی (1961) كرا به‌سه‌عات و نیوێك و به‌ڕابه‌رایه‌تی ( جاسمێ جه‌لیل25/8/1908 _ 24/8/1998) دامه‌زرا) (3).

دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ڕژێمی سوریاوه‌ فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رده‌چێت ، هونه‌رمه‌ند ئارام تیگران و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌ربازده‌بن و له‌وڵاتی ئه‌رمه‌نستان، له‌شاری ( ئه‌بوڤیان)  نیشته‌جێ ده‌بن،  ئارامی شه‌یدا و هۆگری ئاوازو سترانی كوردی و ئه‌رمه‌نی  به‌گوڕو تینێكی پڕ ووزه‌و ئه‌سپی هونه‌ری خۆی تاو ده‌دات و به‌هاوكاری هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تی دڵسۆز خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ ڕادیۆی یه‌ریڤان و بێ وچان كۆشش ده‌كات و ده‌ست ده‌كات به‌ چڕین و تۆماركردنی سترانه‌ له‌دڵاشیرینه‌كانی ( له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زێدی ڕه‌سه‌نی باب و باپیرانی ئارام به‌هاوكاری  هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( ئه‌حمه‌دی گۆگێ  و خه‌لیل مرادۆ) كه‌به‌رپرسی به‌شی كوردی ڕادیۆی یه‌ریڤان بوون، ده‌ستی به‌كاری گۆرانی گوتن كرد، دوای ماوه‌یه‌ك هه‌له‌وێ به‌هاوكاری ( جه‌میلا جه‌لیل ، كاراپاتی خاچۆ  و كه‌ره‌مێ سه‌ییاد) ئارامی شه‌یدای ئاواز و گۆرانیی كوردی هێنده‌ی تر له‌ده‌ریای هونه‌ری كوردیدا ڕۆژوو به‌گیانی كوردانه‌و عیشقی بۆزمانی كوردی ) ( 4).

هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی (18) ساڵ له‌ڕادیۆی یه‌ریڤان به‌وپه‌ڕی له‌خۆبوردویی و دڵسۆزییه‌وه‌ تێكۆشاوه‌و كاری هونه‌ری له‌ڕادیۆی ناوبراو له‌هه‌ردوو به‌شی ( كوردی و عه‌ره‌بی) ئه‌نجامداوه‌،له‌ڕێی ڕادیۆی یه‌ریڤانه‌وه‌به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی په‌خش بوونه‌ته‌وه‌و ده‌نگی به‌سۆزو سۆلۆی جومبوشه‌ شیرینه‌كه‌ی چۆته‌ ناو هه‌موو ماڵێكی كوردانه‌وه‌ له‌ته‌واوی كوردستانی گه‌وره‌، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج  و جێی تێڕامانه‌ هونه‌رمه‌ند ناو و ناونیشانی گۆرانییه‌كانی هه‌مووی به‌كوردی بڵاوكردونه‌ته‌وه‌،

هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ری به‌چه‌ندین زمان گۆرانی خوێندووه‌، ئه‌م سمبوله‌ جوانه‌ی برایه‌تی كوردو ئه‌رمه‌ن، زیاتر به‌زمانی شیرینی كوردی ئاوازی چڕیوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌بیر و هزرو ئه‌ندێشه‌یدا به‌شێوه‌یه‌ك وێنه‌ی كردووه‌ كه‌ جیاوازییه‌ك له‌نێوان میلۆدی  كوردو ئه‌رمه‌ندا نییه‌و زۆر نزیكن له‌یه‌كه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌  سترانی كوردی له‌هونه‌ری به‌رزو جوانی ئارام تیگران دا پشكی شێری به‌ركه‌وتووه‌ ،هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی (500) سترانه‌و،  نزیكه‌ی (250) گۆرانی كوردی خوێندووه‌و (150) گۆرانی به‌زمانی ئه‌رمه‌نی و ئه‌وانی تری به‌زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و یۆنانی و توركی چڕیوه‌ ،

له‌كۆی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی كه‌به‌شێوه‌یه‌كی جوان تۆماركراون له ماوه‌ی (75) ساڵی ته‌مه‌نی هونه‌رمه‌ند تیگران دا‌(15) ئه‌لبوومی هونه‌رییه‌ ، پێشكه‌شی گه‌لی كوردو ئه‌رمه‌نی و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی كردووه‌، ناوی هه‌موو ئه‌لبومه‌ هونه‌رییه‌كانی به‌زمانی شیرینی كوردی بڵاوكردۆته‌وه‌،

1/ چیایێ گه‌بارێ

2/ زیلان

3/ سه‌رخوه‌بوون خوه‌شه‌

4/ كوردستان

5/ زانی دیسا زاربووما

6/ ڕابن

7/  ئه‌ڤینا فه‌قێ ته‌یران

8/ كه‌چێ دینێ

9/ ئه‌ی وه‌لاتۆ ئه‌م هه‌لیان

10/ ئای دلبه‌رێ

11/ دایێ من به‌رده‌

12/ دیاربه‌كرا

13/  ئای دل

14/ ئه‌م هاتن

15/ هه‌ڤال فرات .

 له‌یه‌كێك له‌ سترانه‌كانیدا ده‌لێت :

په‌نابه‌رم په‌نابه‌ر

وه‌ك كۆچه‌ران ده‌ربه‌ده‌ر

وه‌ڵات ، وه‌ڵات دگه‌ڕێم  ....

  سترانه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ربه‌رده‌رو ئاواره‌یه‌ و له‌نیشتمان و زێده‌كه‌ی دووره‌ و بۆیه‌ هاوارده‌كات كه‌ كه‌شكۆڵه‌كه‌ی له‌پشته‌و وڵات به‌وڵات ده‌گه‌ڕێت به‌دوای ئازادیدا ، به‌ڵام هه‌رده‌م توانیویه‌تی به‌هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ی ئازاری چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌یی بگه‌یه‌نێته‌ گوێی بیسه‌ر و ئازادیخوازان ، گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند  هه‌ریه‌كه‌یان چیرۆكێكی خه‌ماوی ، دوور له‌نیشتمان ،  چه‌وساندنه‌وه‌ و  تێكۆشان له‌پێناوئازادی له‌پشته‌ ، به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ ئاوازله‌سه‌ر ئه‌و هۆنراوانه‌ دابنێ كه‌ له‌گه‌ڵ ژیانی خۆیی و نه‌ته‌وه‌كه‌یدا گونجاو و هاوته‌ریبه‌ .

له‌ساڵی (2016) له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ( جه‌واد مه‌روانی)  به‌زمانی ( لاتیتنی ) كتێبێكی قه‌باره‌ گه‌وره‌ی (951) لاپه‌ڕه‌یی به‌چاپ گه‌یه‌ندراوه‌ ، به‌ناوی ( ستران و ڕیتم له‌ ڕادیۆی یه‌ریڤان ) ، له‌لاپه‌ڕه‌ (36 تا 155) ئاماده‌كار و كۆكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و په‌رتووكه‌ به‌نرخه‌ ( جه‌واد مه‌روانی) تایبه‌ت كردووه‌ به‌ (57) سترانی هونه‌رمه‌ند ئارام تیگران كه‌له‌ڕادیۆی یه‌ریڤان خوێندونی و بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وه‌ ،ئه‌و گۆرانیانه‌ به‌ تێكست و نۆته‌ وه‌  چاپ كراوه‌ ، جێی ستایش و ده‌ستخۆشییه‌.

هه‌ندێك له‌سترانه‌ دیاره‌كانی هونه‌رمه‌ند ( هه‌ی لۆلۆ ، ئه‌ڵماست، شه‌ڤ چوو ، ئای دولبه‌رێ ، داوه‌ت ، بلبلۆ،خه‌ملی زۆزان، چیایێ مه‌ ، دیلان، گوڵستانێ ، لۆلۆ پس مامێ ، ئه‌ی وه‌ڵات ، زه‌مان و یار ، ته‌ دلی منی ، شڤانێ سه‌رچیایێ  و .....تاد ) ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ناوازانه‌ له‌دوای خۆی به‌خشی به‌نه‌ته‌وه‌ی كورد و ئه‌مڕۆ بۆنه‌ته‌ سامانێكی به‌نرخی گه‌نجینه‌ی هونه‌ری ستران و مۆسیقای كوردی .

دوای (24) ساڵ  مانه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی له‌ساڵی (1990)  ‌وڵاتی ئه‌رمینیا جێدێڵێ و ڕووده‌كاته‌ كیشوه‌ری ئه‌وروپا، له‌وڵاتی ( به‌لجیكا) وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌رده‌گیرێن و نیشته‌جێ ده‌بن ، له‌هه‌نده‌رانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی ڕۆژئاوای كوردستان و ئه‌رمینیا هونه‌رمه‌ند به‌خۆشه‌ویستیه‌وه‌  درێژه‌ به‌كاروانه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی ده‌دات ، به‌شداری  ته‌واوی ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نیشتمانی  و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌رنامه‌ هونه‌رییه‌كانی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان،زۆربه‌ی وڵاتانی   ئه‌وروپا گه‌ڕاوه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی.

هونه‌رمه‌ند تیگران به‌رده‌وام خه‌ون و ئاواتی بووه‌ كه‌به‌ئازادی بگه‌ڕێته‌وه‌ زێدی باب و باپیرانی ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوژمنانی كوردو ئه‌رمه‌ن ڕێگربوون له‌به‌رده‌م ئه‌و حه‌سره‌ته‌ له‌مێژینه‌ی هونه‌رمه‌ند دا، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیدا هونه‌رمه‌ند دووچاری نه‌خۆشیی ( شێرپه‌نجه‌) ده‌بێت ، له‌ ته‌مه‌نی (74) ساڵیدا كۆتا به‌رهه‌می تۆمارده‌كات هه‌رچه‌نده‌ باری ته‌ندروستیشی له‌بار نه‌بووه‌، له‌دواین گه‌شتی بۆ (ئه‌سینا) ی پایته‌ختی وڵاتی ( یۆنان) له‌ڕێكه‌وتی (8/8/2009) به‌هۆی جه‌ڵته‌ی (مێشكه‌) ه‌وه‌ كۆچی دوایی ده‌كات، به‌رله‌كۆچی دوایی وه‌سیه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێت هه‌ركاتێك مردم ده‌خوازم له‌شاری (دیاربه‌كر) بمنێژن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تی توركیا رێگه‌نادات كه‌ له‌خاكی باب و باپیرانی ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستان بكرێت، ناچار ته‌رمه‌ ساردو سڕه‌كه‌ی ده‌بنه‌وه‌ وڵاتی به‌لجیكا و له‌ گۆڕستانی شارۆچكه‌ی ( ژێته‌) ی نزیك برۆكسل به‌خاك ده‌سپێردرێت،

هاوسه‌ری هونه‌رمه‌ندئارام تیگران ، خاتوو( سیروارت مه‌لیكیان) دوای به‌سه‌ربردنی (52) ساڵ پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی، دوای هه‌ورازو نشێو و ده‌ربه‌رده‌ریی و ئاواره‌یی و دڵ پڕ له‌حه‌سره‌ت، ئه‌ویش له‌ته‌مه‌نی (81) ساڵیدا له(‌ 18/5/2022)  چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و له‌هه‌مان گۆڕستان له‌ته‌نیشت هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌خاك ده‌سپێردرێت.

دروود و سڵاو بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌مه‌گناسه‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌سیه‌تی باوكی و پابه‌ندبوون  به‌ نمه‌ك گیریی و قه‌درزانین و وه‌فای بۆ گه‌لی كورد ، ئه‌و مرۆڤه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ژیاندۆسته‌ سترانه‌كانی بۆهه‌میشه‌ وێردی سه‌رزاری خه‌ڵكی كورده‌ ، تاهونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بوونی هه‌بێت ، به‌رێزو حورمه‌ته‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تی و هونه‌ری به‌رزی هونه‌رمه‌ند ئارام تیگران ده‌ڕوانن و به‌عشق و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ سترانه‌كانی ده‌ڵێنه‌وه‌.

جه‌مالی ده‌لاك (31/8/2022) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

كورد ژیانی باوكی ڕزگار كرد ،ئه‌ویش به‌وه‌فاداری مایه‌وه‌ ، نوسینی ( ئومێد نه‌جم) ، ماڵپه‌ڕی ( په‌یسه‌ر) ( 23/12/2018).

(2 و4)  ئارام تیگران ، ئه‌ستێره‌ی ڕۆحێكی نه‌مر به‌ ئاسمانی كوردستانه‌وه‌ ، نوسینی ( نوری بێخاڵی )  ( باسنیوز) ( 16/7/2018).

(3) ڕادیۆی كوردی یه‌ریڤان مێژوویه‌كی پرشنگدار له‌ڕاگه‌یاندنی كوردیدا ، كتێبی ( یارو دیار) كۆمه‌ڵێك بابه‌ت ده‌رباره‌ی فه‌رهه‌نگی كوردستان ، له‌ئێران و تۆران، له‌خانه‌قینه‌وه‌ تا لاچین، نووسینی ( جه‌میل مه‌لاقه‌ره‌) لاپه‌ڕه‌ (9) .

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.