Erbil 38°C شەممە 18 کانوونی دووەم 08:13

ده‌ست به‌ پڕۆژەى ئاوی قورسی هه‌ولێر ده‌كرێ.. بزانه‌ سووده‌كانی پڕۆژه‌كه‌ چی ده‌بێت؟

کوردستان TV
100%

كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند پڕۆژە‌یه‌كه‌وه،‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن و دووباره‌ به‌كارهێنانه‌وه‌ی ئاوی قورسی ماڵانی داوه‌، یه‌كێك له‌و پڕۆژانەش کە ئێستا له‌ شاری هه‌ولێر‌ له‌ قۆناغی ته‌نده‌رینگە و بڕیاروایە ده‌ست به‌ دروستكردنی بكرێت، پڕۆژەى وێستگه‌ی ئاوی قورسی هه‌ولێرە.

پڕۆژه‌كه‌ بە گوژمه‌ی (288) ملیۆن دۆلار له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنییه‌وه‌ لە ته‌نده‌رینگە و كاری ڕاوێژی بۆ ئەنجام دەدرێت و وه‌ك قه‌رزی درێژخایه‌ن له‌لایه‌ن دوو كۆمپانیای ژاپۆنی و به‌ سه‌رپه‌رشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوی جایكا جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئێستادا زه‌وی بۆ پڕۆژەکە ته‌رخان كراوه‌ و بڕیاروایه‌ لە سه‌ره‌تای ساڵی نوێ ده‌ست بە پڕۆژەکە بكرێت.

ئەم پڕۆژەیە دوو كاری گرینگ ئه‌نجام دەدات:

یه‌كەم/ دروستكردنی وێستگه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ به‌ ته‌كنه‌لۆجیای ژاپۆنی بۆ پاڵاوتن و پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاوه‌ی له‌ ماڵان ده‌رده‌چێت، جیا له‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئاوی باران.

دووه‌م/ تۆڕی ئاو له‌ چه‌ند گه‌ڕە‌كێك دروست ده‌كرێت و بە ئاوی قورسى ئەم وێستگه‌یه‌وه‌ دەبەسترێنەوە، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی پاككردنه‌وه‌ی ئاوی ژێرزه‌وی.

له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا یه‌ك له‌سه‌ر هه‌شتی پرۆژە‌ی ئاوی قورسی هه‌ولێر دروست دەكرێت و 75 كیلۆمه‌تر تۆڕی ئاوه‌ڕۆی له‌گه‌ڵدایه‌ كه‌ هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و هێڵه‌ ناوه‌ندی و لاوه‌كییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، لەكاتی ته‌واوبوونی 100%یشدا، 840 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی ئاوه‌ڕۆ له‌ ڕۆژێكدا پاك ده‌كاته‌وه‌.

جێبه‌جێكردنیئەم پڕۆژەیە،‌ سێ گه‌ڕە‌كی شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاوه‌ڕۆیه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌ و ئاوی قورسی ماڵان له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌و وێستگه‌یه‌ ده‌ڕوات، دواتر هه‌ر له‌و وێستگه‌یه‌دا ئاوه‌ قورسه‌كه‌ ده‌پاڵێورێت به‌ جۆرێك كه‌ ده‌گاته‌ 90%ی ئاوی ئاسایی كه‌ ته‌نیا بۆ خواردنه‌وه‌ ناشێت، به‌ڵكو بۆ كشتوكاڵ و سه‌وزایی و پیشه‌سازی و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ش به‌كار دێت.

سوودەکانی پڕۆژەکە:

چه‌ندین گرفت كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا سوودی جۆراوجۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌وانه‌:

ـ له‌ ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ وا ده‌كات ئاوی ژێرزه‌وی زیاتر پیس نه‌بێت.

ـ ته‌واوكردنی ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌نده سه‌ره‌كییه‌‌كانی وه‌ك (كه‌ندی توڕە‌ق و عاره‌ب كه‌ند) ته‌نیا ئاوی پاكی پێدا بڕوات.

ـ ئه‌و ئاوه‌ی لەسەر زه‌ویه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ واتا سه‌رخانه‌كه‌ی ده‌توانرێت بۆ مه‌به‌ستی كشتوكاڵی سوودی لێ وه‌ربگیرێت.

ـ ده‌توانرێت ئه‌و ئاوه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ پاركه‌كانی وه‌كو شانه‌ده‌ر و سامی عه‌بدوڕە‌حمان و ئه‌وانی دیكه‌ تا بۆ مه‌به‌ستی ئاودان سوودی لێ وه‌ربگیرێت.

- ئه‌و پڕۆژە‌یه سوودی بۆ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شه‌قامی 120 مه‌تری و 150 مه‌تری ده‌بێت بۆ زیادكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی له‌و ناوچانه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.