Erbil 38°C شەممە 18 کانوونی دووەم 08:17

گوتەکانی پلاسخارت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان

کوردستان TV
100%

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق گوتەی خۆی لەسەر دۆخی عێراق خستەڕوو.

جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 04ـی 10ـی 2022 لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتی وەرزیی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ لەبارەی دۆخی عێراق خستەڕوو، ڕایگەیاند: عێراق بە مەترسیدارترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت و پێویستە سەرکردەکای عێراق گفتوگۆ بکەن.

ڕاشیگەیاند: دۆخی عێراق مه‌ترسیداره‌ و گرووپە چەکدارەکان هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی عێراق، جەخت لە ڕێزگرتن لە سەروەری و دەستووری عێراق دەکەینەوە‌.

پلاسخارت ئاماژەی بەوەش دا کە ئاڵۆزی لە خۆپیشاندانەکاندا هەیە‌ و هێزە ئەمنییەکانی عێراق فەرمان جێبەجێ دەکەن‌.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری عێراق پلاسخارت گوتی: دوا هەڵبژاردنی عێراق ئامانجەکەی نەپێکاوە و لایەنە سیاسییەکان هەڵەی ستراتیژییان کردووە و دەرفەتیان لەدەست داوە و بەردەوام شکستیان هێناوە.

گوتیشی: پێكنه‌هێنانی حكوومه‌تی نوێ له‌ عێراق دوای نزیكه‌ی ساڵێک هیچ پاساوێک هه‌ڵناگرێت، چارەسەر بۆ دۆخی عێراق هەیە ئەگەر بە مێشکێکی کراوەوە گفتوگۆ بکرێت و پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.

پلاسخارت باسی لەوەش کرد کە سەرچاوەی داهات لە عێراق زۆرن، گه‌نده‌ڵی كێشه‌ی سه‌ره‌كی عێراقه‌، گه‌نده‌ڵی عێراقی تووشی شێرپه‌نجه‌ كردووه‌.

لەبارەی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە پلاسخارت ئاماژەی بەوە دا کە جارێکی دیکە لە عێراق داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێتەوە، ئێمە وەک یۆنامی ناتوانین هاوکاریی هەڵبژاردنێکی دیکەی عێراق بکەین، چونکە عێراق لە قۆرخکردنی دەسەڵات بووەتە ئاڵۆزی و دڵنیایی چییه‌ كه‌ ڕێز له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق ده‌گیرێت.

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختیشی کردەوە کە دەبێت سیاسییەکان بەرژەوەندیی وڵات بپارێزن.

پلاسخارت هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە عێراق مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات.

سەبارەت بە بۆردوومان و هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت ئەم كارە بێباكانە بوەستێنرێت و هیچ دراوسێیەک نابێت مامەڵە لەگەڵ عێراق بكات وەک ئەوەی ماڵی خۆی بێت، پێشتریش هۆشداریم لەسەر بۆردومانەکانی ئێران و تورکیا لە عێراق دابوو کە بەردەوام دەبێت و دەبێتە دۆخێکی ئاسایی.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.