Erbil 38°C شەممە 18 کانوونی دووەم 10:44

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق جه‌خت له‌سه‌ر باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان ده‌كه‌نه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ سێشه‌م شاندێكی باڵای سه‌ربازیی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یان كرد و هه‌ردوولا دووپاتیان له‌ بایه‌خدان‌ له‌ فراوانكردنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی نێوانیان له ‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م فه‌ریق روكن عیسا عوزێر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێشوازی كرد له‌ فه‌ریق روكن قه‌یس خه‌له‌ف یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و شاندێكی هاوڕێی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی چڕ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ كرا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێستای نێوان هه‌ردوولا و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ به ‌دیاریكراوی له‌ ئاڵۆگۆره‌ ئیدارییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهه‌نگی و پشكی فێرخوازانی پێشمه‌رگه‌ له ‌كولێژه‌ سه‌ربازییه‌كان و کۆلیژی ئەرکان و کۆلیژی فەرماندایەتی لە ناوه‌نده‌كانی خوێندنی سه‌ربازی له‌ وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە هەمانکاتدا خولی رشتەکان بۆ پێشمەرگە و گرفتی دواکەوتنی پشکی پێشمەرگە لە هاوکارییەکان، هاوكات به‌ بایه‌خه‌وه‌ تاوتوێی گرینگی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق كرا.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: جێی خوشحاڵی ئێمه‌یه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی پێشمەرگە لە ئێستادا پەیوەندییەکى باش و پتەوى بەردەوامی لە گشت ئاستەکان لەگەڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری و سوپای عێراق هەیە و ئێمە وەک وەزارەتى پێشمەرگە کار بۆ باشترکردنى زیاترى ئەو پەیوەندییانە دەکەین و هەوڵ بۆ هەماهەنگى زیاتر و پتەوكردنى پەیوەندییەکانى نێوانمان لە سەرجەم لایەنەکانەوە دەدەین، بەتایبەت لەو ناوچانەى کە بۆشایى ئەمنییان هەیە، لەم ڕووەشه‌وە پێویستمان بە هەماهەنگى و کارى باشتر هەیە بۆ پاراستنى خاکى ئەو ناوچانە و باشترکردنى دۆخى ئەمنى و تێكشكان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مەترسییەکانی داعش لەسەر ئەو ناوچانە.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ لێكتێگه‌یشتنی ورد و بابه‌تییانه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی به‌شداریی هێزه‌كان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و پشكی كورد و پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی باڵای سه‌ربازی و نزیككردنه‌وه ‌و فراوانكردنی زیاتری ئاڵۆگۆر و هاوكارییه‌ ئیدارییه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری كۆتایی هات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.