Erbil 38°C شەممە 18 کانوونی دووەم 11:06

ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ 20 مادده‌ی تر له‌ پڕۆژه‌یاسای په‌روه‌رده‌ و فێركارى كرا

کوردستان TV
100%

له‌ درێژه‌ی دانیشتنه‌كانیدا به‌ مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای په‌روه‌رده‌ و فێركارى، ئه‌مڕۆ سێشەم په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ژماره (8)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ چوو.

به‌ر له‌ده‌ستكردن به‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان داوای له‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینی كرد ده‌رئه‌نجامی به‌دواداچوونى لێژنه‌كه‌یان بۆ ڕێنماییەكی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەبارەت بە سەنتەر و بنکەکانی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز كه‌ له‌ دانیشتێكی پێشووترى په‌رله‌مان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ لێژنه‌كه‌ ڕاسپێردرابوو كه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بكات، بخاته‌ ڕوو.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د. هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینی ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ به‌ڕێزتان ڕاتانسپارد، بابه‌ته‌كه‌مان فه‌رامۆش نه‌كرد به‌ڵكو یه‌كسه‌ر چووین به‌ده‌مییه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ 27ی 9 بوو له‌ دانیشتنی ئاسایی ژماره‌ (4)ى په‌رله‌مان بوو ڕۆژی شه‌مه‌، هه‌ر له‌ 27ی 9 دانیشتنی خۆمان كرد وه‌كو لێژنه‌ی ئه‌وقاف، لێژنه‌یه‌كی لاوه‌كیمان به‌پێی په‌یڕه‌و پێكهێنا، بۆ 28ی 9، واته‌ بۆ سبه‌ینێ یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ئه‌وقاف و شاندی یاوه‌رى له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كۆبووینه‌وه‌، پاش زیاتر له‌ دوو كاتژمێر كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكردن سوپاس بۆ په‌روه‌ردگار گه‌یشتینه‌ ده‌رئه‌نجامێكی زۆرباش، گه‌یشتینه‌ ده‌رئه‌نجامێك كه‌ هه‌موولایه‌كمان پێی ڕازین و هه‌مووریه‌كمانی دڵخۆش كرد.

سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئه‌وقاف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌یه‌: ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ و ئه‌و ڕێكخراوانه‌ له‌ دوو حاڵه‌ت به‌ده‌رنین، ئه‌وانه‌یان كه‌ مۆڵه‌تى فه‌رمییان هه‌یه‌، له‌ ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان بۆ كارى خۆیان ئه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ و له‌سه‌ر ئیش و كارى خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و فه‌رمی به‌رده‌وام ئه‌بن له‌سه‌ر كارى خۆیان، ئه‌وانه‌شیان كه‌ كار ده‌كه‌ن له‌م بواره‌دا، به‌ڵام مۆڵه‌تی فه‌رمییان نییه‌، ئه‌وا بۆ له‌مه‌ودوا ڕێنماییه‌كی تازه‌ ده‌رئه‌چێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌، ڕێنماییه‌كه‌ش خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ هاوكاریكردن و هه‌ماهه‌نگیكردن له‌نێوانیاندا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ئه‌وانیش به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌سه‌ر ئیش و كاره‌كانی خۆیان به‌رده‌وام بن.

ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ و چاره‌سه‌ر كراوه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشی كرد بۆ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ئه‌و بابه‌ته‌.
به‌پێی تاكه‌خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیرى په‌روه‌رده‌، د. سه‌یوان عه‌لی بریكارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه ‌چوو، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ مادده‌كانی (61 تا 65) له‌ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان كرا كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ (به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانی دیكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كاندا، ئه‌ركه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ر، ئه‌ركاكانی یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ر و دامه‌زراندنی مامۆستا و ئه‌ركه‌كانی مامۆستا، ئه‌ركه‌كانی ڕێنماییكارى په‌روه‌رده‌یی). ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆ ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌.

له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه‌، ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خرایه‌ ڕوو.

به‌مجۆره‌ د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی كۆتایی دانیشتنه‌كه‌ی به‌یانیی ده‌كرد، كۆتایی به‌به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند "كاتژمێر 2ی پاشنیوه‌ڕۆ درێژه‌ به‌دانشتنه‌كه‌مان ئه‌ده‌ین".

كاتژمێر 2ی پاشنیوه‌ڕۆ به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستی پێ كرد و له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ مادده‌كانی (66 تا 80)ى پڕۆژه‌یاساكه‌ كرا كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ (ئه‌نجوومه‌نی دامه‌زراوه‌ و ئه‌ركه‌كانی، مه‌رجه‌كانی دانانی به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌ر و مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندنی مامۆستا و ڕێنماییكارى په‌روه‌رده‌یی، ڕێكاره‌كانی دامه‌زراندنی مامۆستا و ڕێنماییكارى په‌روه‌رده‌یی و فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌، ڕێكاره‌كانی دانانی به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ر، كۆتاییپێهێنانی كارى به‌ڕێوه‌به‌ر، ماف و ئه‌ركی فه‌رمانبه‌ران، به‌شه‌وانه‌كان و دابه‌شكردنیان له‌ دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كاندا، دابه‌شكردنی ژماره‌ی به‌شه‌وانه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كاندا، لێژنه‌كانى قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌ و په‌یمانگه‌ حكوومییه‌كان).

ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتر پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش.

له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خرایه ‌ڕوو.

به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند‌ "سبه‌ی درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كانمان ده‌ده‌ین".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.