Erbil 38°C شەممە 18 کانوونی دووەم 14:02

کەشی هەورامان بۆ گوێز لەبار نەماوە

کوردستان TV
100%

لەم ساڵدا بەهۆی سەرماوسۆڵەی سەختی زستانی رابردوو، هاوكات بەهۆی ئەو وشكەساڵییەی ماوەیەكە هەرێمی كوردستانی عێراقی گرتۆتەوە بەرهەمی گوێز لە ناوچەی هەورامان كەمی كردووە.
یەكێك لە خاوەن باخە گوێزەكانی بیارە، عومەر عەبدولقادر لەدایكبووی 1966 بەم شێوەیە باس لە كەمی بەرهەمی باخەگوێزەكەی دەكات و دەڵێت "ئەمساڵ بەرهەممان نەبوو. گوێز كەمە، ساڵانی پێشتر كە دارگوێزمان شەن دەكرد، هەر لەم باخەدا 70 بۆ 80 هەزار گوێزمان دەوەراند. بەڵام ئەمساڵ بەرهەممان كەم بوو، ئەوەش بەهۆی كەشی ناوچەكە و گەرما و بێئاویەوەیە.
ئەو باخەوانە بە ئەزموونەی ناوچەی بیارە باس لە دیاردەیەكی سەیر دەكات كە لەنێو دارگوێزەكاندا دروست بووە لەمساڵدا و بۆتە هۆی كەمی بەرهەمەكانی و ئاماژە بە بوونی شیلەیەك دەكات بەسەر گوێزەكانەوە و دەڵێت "شیلەیەكی زۆر بەسەر گوێزەكاندا بارین و بارانی بەهار كەم بوو. گەرماكەی زۆر بوو، گوێزەكان نیوەی رەش بوونەتەوە و كەشەكەی لەبار نەماوە. ژینگەی ناوچەكە هەمووی گەرم بووە. كرم و مێروو زۆرن. دەرمان ناوەشێنرێت و حكوومەتیش هاوكاری ناكات. 
هەروەها مام عومەری باخەوان ئاماژە بە ساڵانی رابردوو دەكات لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی گوێزداو دەڵێت : جاران باخە گوێزەكان بە دە بۆ دوازدە رۆژ شەن دەكران ئەوەندە بەرهەمەكە زۆر بوو، بەڵام ئێستا بە یەك رۆژ شەنەكەی تەواو دەبێت.
هاوكات ستار مە‌حمودی باخەوان دەڵێت : باخەوانەكان دەستیان لە هەندێك لە باخەكان هەڵگرتووە. هەندێك باخ هەیە ئاوی پێ ناگات، لەبەر ئەوەی ئاو كەم بووەتەوە و وشكەساڵییە.
ئەو باخەوانە هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی بەرهەمی گوێز لە هەوراماندا دەگەڕێنێتەوە بۆ كەمی ئاو و وشكبوونی كانی و كانیاوەكانی هەورامان و دەڵێت : من 25 ساڵ زیاترە شەنی گوێز دەكەم. هیچ ساڵیك هێندەی ئەمساڵ و ساڵی پار كەمبارانی و كەمڕەحمەتی و كەمبەرهەمیم نەبینیوە. ئەمساڵ ئاو كەم بووەتەوە و بەشی هەموو باخەكان ناكات.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.