Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 02:22

نێچیرڤان بارزانی:  تیرۆر بە تەنیا بە هێزی ‏چەك لەناو ناچێت

کوردستان TV
100%

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2022/10/5 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ‏هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە نیكۆلاس گارنەر، نوێنەری ئەمەریكا بۆ كاروباری باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.‏
لە دیدارێكدا كە كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی ‏بوو، دوایین پێشهاتەكانی سووریا و عێراق و هەڕەشەكانی داعش، پەیوەندیی نێوان ‏لایەنە كوردییەكان و پێكهاتەكان لە سووریا و بارودۆخی كەمپەكان بەتایبەتی ‏كەمپی ئەلهۆل، تاوتوێ كرا.‏
‏ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاریكاریی هاوبەش بۆ ‏بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش كردەوە كە هێشتا مەترسییەكی ‏ڕاستەقینەیە لە سەر سووریا و عێراق و ناوچەكە، هەروەها بە پێوستیان زانی وڵاتانی ‏ئەورووپا و ناوچەكە بۆ گێڕانەوەی هاووڵاتیانیان لە كەمپی ئەلهۆل لە ‏سووریا بۆ وڵاتەكانیان، هاوكار بن. ‏
لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە تیرۆر بە تەنیا بە هێزی ‏چەك لەناو ناچێت، بەڵكو بۆ نەهێشتنی تیرۆر دەبێ لە ڕێگەی پەروەردە و ‏قوڵكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی و یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیان، ڕووبەڕووی بیر ‏و ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و توندوتیژی ببینەوە.‏
پێویستیی گفتوگۆ و یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكان و پێكهاتەكانی دیكە لە ‏سووریا، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، ‏تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.‏
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.