Erbil 38°C شەممە 18 کانوونی دووەم 21:37

پارێزگاری هه‌ولێر بۆ باڵیۆزی ئوستڕالیا: كێشه‌ی ئێمه‌ش وه‌ك وڵاتان كێشه‌ی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وایه‌

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له‌ میانه‌ی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئوستڕالیا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێمه‌ش چه‌شنی وڵاتانی جیهان كێشه‌ی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا و مه‌ترسی وشكه‌ساڵی و ئه‌گه‌ری روودانی لافاوه‌.

ئه‌مرۆ چوارشه‌م ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر پێشوازی له‌ باولا گانلی بالێۆزی وڵاتی ئوستڕالیا له‌ عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا وێڕای ئاڵوگۆڕكردنی خۆشحاڵی دڕبڕین به‌و دیداره‌، باولا گانلی بالێۆزی وڵاتی ئوستڕالیا له‌ عێراق رایگه‌یاند:‌ مه‌به‌سه‌ت له‌و دیداره‌یان زیاتر به‌رچاوڕوونییه‌ له‌ هه‌ندێ پرسی هه‌ستیاری عێراق و هه‌رێمی كوردستان. جه‌ختیشی كرده‌وه‌‌ كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ دیداری له‌گه‌ل سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی دیكه‌ی باڵا سازداوه ‌و سه‌رنج و تێبینییه‌كانی ئه‌وانیشی تۆماركردووه‌. له‌م رووه‌شه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكی له‌گه‌ل پارێزگاری هه‌ولێر گه‌نگه‌شه ‌كرد.

لای خۆیه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر به‌ تێرو ته‌سه‌لی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر چه‌ند پرسگه‌لێك كرد رایگه‌یاند:‌ پرسی سیاسیی عێراق ئالۆز و ئاڵۆزكاوه ‌و ئه‌وه‌ بۆ سالێك ده‌چێ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام به‌ هۆكاری ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمایه‌تی و زاڵبوونی ململانێ و بیری مه‌زهه‌بگه‌رایی هێشتا حكوومه‌ت له‌ عێراق پێك نه‌هاتووه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دۆخی هاووڵاتییان شلۆقتر ده‌بێت و به‌و شێوه‌یه‌ش به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌ش‌ ئاینده‌ی عێراق به‌ره‌و نادیاری هه‌نگاو ده‌نێ، چونكه‌ بۆشایی ئه‌منی رۆژ له‌ دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت و دیموكراسییه‌ت ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

ئومێد خۆشناو روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی ده‌روانێ، تاوه‌كو كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێدراوه‌كانی له‌گه‌ل به‌غدا یه‌كلایی بێته‌وه‌ و چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ بڕینی بودجه‌ دیاری بكرێ كه‌ قووتی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

پارێزگاری هه‌ولێر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ململانێی نێوان حیزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌ تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتی ته‌نها نواندنی دیوی نۆڕماڵی پرۆسه‌ی دیموكراسییه‌ته‌، به‌ دلیلی ئه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ هۆكاری په‌كخستنی كاری حوكمڕانییه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حیزبه‌ كوردستانییه‌كان په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تییه‌ و له‌پێناو به‌رقه‌راركردنی ئاشتی و دیموكراسییه‌. له ‌شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ل كۆرۆنا هه‌موو له‌یه‌ك به‌ره‌ی به‌رگریكردندا بوون.

ده‌رباره‌ی كێشه‌ی راسته‌قینه‌ی هه‌ولێری پایته‌ختیش رایگه‌یاند:‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كیمان چه‌شنی وڵاتانی جیهان كێشه‌ی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وایه، مه‌ترسی وشكه‌ساڵی و ئه‌گه‌ری روودانی لافاوه، ئه‌وانه‌ هه‌موو كێشه‌ی جیدین بۆ هه‌ولێر، بۆیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامداین تاوه‌كو ئالییه‌ت و رێگیرییه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی بدۆزینه‌وه‌، هه‌روه‌ها كێشه‌ی ئاواره‌كانیش به‌لای ئێمه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كین كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستانن و كۆمه‌كییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان له‌سه‌ر بڕاوه‌ و له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ بڕیاری داخستنی كه‌مپه‌كان دراوه‌، به‌لای ئێمه‌شه‌وه‌ وه‌ك كارێكی ئینسانی ته‌ماشا ده‌كرێن، بۆیه‌ ناكرێ به‌ زۆره‌ملێ وه‌ده‌ر بنرێن.

پارێزگاری هه‌ولێر، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و كێشه ‌و ئاریشانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ رێگر له‌به‌رده‌م به‌رده‌وامیدان به‌ پرۆسه‌ی چاسازی و چاكتركردنی بژێوی هاووڵاتییان و به‌رقراركردنی ئاسایش و سه‌رخستنی كاری حكوومه‌ت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌م رۆحییه‌ته‌ش پێویستمان به‌ پاڵشتی نێوده‌وڵه‌تییه.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ باولا گانلی بالێۆزی وڵاتی ئوستڕالیا له‌ عێراق سوپاسی وڵامی راشكاوانه‌ی پارێزگاری هه‌ولێری كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئوستڕالیا له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری گۆڕانكارییه‌ ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و هیواخوازیشه‌ به‌ زووترین كات كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.