ئەمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، له كۆبوونهوهكهدا پڕۆژهیاسایهك و ڕهشنووسی بڕیارێك پهسند كران.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای (بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای کەرەنتینی کشتوکاڵیی فیدراڵی ژمارە 76 ی ساڵی 2012 ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان) کە لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو. پاشان لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ڕاسپێردرا بە ئاراستەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی تەشریعکردنی.
ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، ڕێکخستنی پرۆسەکانی دەستاودەستکردنی ڕووەک و بەرهەمەکانی و هاوردەکردن و هەناردەکردنیانە لەپێناوی ڕێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی دەرد و پەتای کشتوکاڵی و بڵاوبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان، بە پیادەکردنی هەمان ئەو پرۆسە و ڕێکار و پێوەرانەی لە سەرتاسەری عێراق کاری پێ دەکرێت، یاساکە لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێ دەکرێت کە نوێنەری وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، ناوخۆ، بازرگانیی و پیشەسازیی، دارایی و ئابووری، تەندروستی) و دەستەی پاراستن وچاكکردنی ژینگە لەخۆ دەگرێت.
ئەم پڕۆژە یاسایە، بەرکارکردنی یاسایەکی فیدڕاڵییە لە هەرێم دوای هەموارکردنی و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم، بە ئاراستەی یەکخستنی ڕێکارەکانی کەرەنتینی کشتوکاڵیی لە هەرێم و عێراق و لە هەمانکاتدا کارئاسانییشە بۆ بازرگانانی هەرێم و هەروەها جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە زامنیی دروستی و کوالیتی ئەو کەرەستە و پێداویستییە سەرەتاییانە دەکات کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی هەرێم و لە کاتی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵیی هەرێم بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە ئاستەنگیان بۆ دروست نەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن دامەزراوەکانی هەرێمەوە هەمان ڕێکاری کەرەنتینی کشتوکاڵی پەیڕەو دەکرێت.
پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە و لەچواچێوەی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی (9) لە یاسای چاکسازی لەلایەن عەبدولحەکیم خسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەشنووسی بڕیارەکەی پەسەند کرد.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی پێداگیریی خۆی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە پێناوی ڕێکخستنەوەی وەزیفی گشتیی و خانەنشینی و هێنانەدی دادپەروەریی لە سوودمەندبوون لە داهاتی گشتیی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردان و سوودمەندبوونی ناڕەوا، بە مەرجێک مافی خەڵکانی شایستە پارێزراو بێت و نەبێتە هۆی بێبەشکردنیان لە شایستە و مووچەی ڕەوای خۆیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.