Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 07:07

له‌ چامپیۆنسلیگدا ڕیال مه‌درید و سیتی و دۆرتمۆند و چێڵسی و یوڤێنتوس سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا و پاریسیش كه‌وته‌ داوی یه‌كسان بوون

کوردستان TV
100%

یانەی ڕیال مەدرید پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا سێیەم سەركەوتنی لەسەریەكی لەم وەرزەی خولەكە بەدەستهێناو لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكان، بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی شاختار دۆنێستیكی ئۆكراینی میوانی بردەوە.
 سەرجەم گۆڵەكانی یاریەكە لە گێمی یەكەم تۆماركرا، لە خولەكی سێزدەدا، ڕۆدریگۆی بەڕازیلی گۆڵێكی بۆ یانەی شاهانە تۆماركرد.
پاشان بەڕازیلیەكی دیكە كە ئەویش ڤینیسیۆز جونیۆر بوو، تیپی میوانداری كردە خاوەنی گۆڵی دووەم، لە خولەكی سیی و نۆشدا، یاریزان ئۆلێكساندر زوبكۆڤ تاكە گۆڵی شاختاری لە یاریەكە تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە بە سوودی میرێنگی تەواوبوو، لە گێمی دووەمیش ئەنجامی یاری گۆڕانكاری دیكەی بەخۆوە نەبینی.
 بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی ڕیال مەدرید لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی شەشەم بۆ نۆ خاڵ بەرزبووەوەو شاختاریش بە چوار خاڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت .
 
هەر لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ و لە گڕوپی حەوتەمدا، یانەی مانچستەرسیتی سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناو بە پێنج گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی كۆپنهاگنی دانیماركی میوانی بردەوە.
 دوای تێپەڕبوونی حەوت خولەك بەسەر فیكەی دەستپێكی یاری، ئێرلینگ هالاندی نۆروێژی و ئەستێرەی مان سیتی گۆڵێكی بۆ تیپەكەی تۆماركرد، پاشان هالاند گۆڵی دووەمی خۆی و میواندارەكانی لە خولەكی سیی و دوو بەدەستهێنا.
 لە خولەكی سیی و نۆشدا، داڤیت خۆشۆلاڤای جۆرجی و بەرگریكاری كۆپنهاگن گۆڵی سێیەمی سیتیزێنزی بە هەڵە لە گۆڵی تیپەكەی خۆی تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەمیش هێرشەكانی مان سیتی بۆ سەر گۆڵی میوانەكەی درێژەی هەبوو، یەكێك لە هێرشەكانیش لێدانێكی سزای لێكەوتەوەو ڕیاز موحریزی جەزائیری لێدانەكەی سەركەوتووانە جێبەجێ كردو گۆڵی چوارەمی تیپەكەی لە خولەكی پەنجاوپێنج بەدەستهێنا، دواتر هێرشبەری ئەرژەنتینی، جولیان ئەڤارێز گۆڵی پێنجەمی مان سیتی لە خولەكی حەفتاوشەش تۆماركردو كۆتایی بە كەرنەڤالی گۆڵەكانی یاریەكە هێنا.
 بەم ئەنجامەش مانچستەرسیتی سێیەم یاری لەسەریەكی لە قۆناغی كۆمەڵەكان بردەوەو كۆی خاڵەكانی لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی حەوتەم گەیاندە نۆ خاڵ، كۆپنهاگنیش بە تەنها خاڵێك لە دوایین خانەی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.

لە یاریەكی دیكەی هەمان گڕوپی چامپیۆنس لیگ، یانەی بروسیا دۆرتمۆند سەركەوتنی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێناو بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی سیڤیلیەی میوانداری بردەوە، یاریزانانی هەردوو تیپ بە شێوەیەكی بەهێز دەستیان بە ڕووبەڕوو بوونەوەكە كردو لە خولەكی شەشدا، ڕافائێل گوێرێرۆی پۆرتوگالی گۆڵێكی بۆ دۆرتمۆند تۆماركرد.
 پاشان ناوەڕاستكاری لاوی ئینگلیزی، جود بێلینگهام گۆڵی دووەمی تیپە ئەڵمانیەكەی لە خولەكی چلویەك بەدەستهێنا، دوای دوو خولەكی دیكەش، یاریزان كەریم ئەدیمی دۆرتمۆندی كردە خاوەنی گۆڵی سێیەم و گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاویەكدا، هێرشبەری مەغریبی، یوسف نەسیڕی گۆڵێكی بۆ سیڤیلیە تۆماركردو جیاوازی گۆڵەكانی لە نێوان هەردوو تیپ كەمكردەوە، دواتر، یاریزان جولیان براندێت گۆڵی چوارەمی میوانەكانی لە خولەكی حەفتاوپێنج بەدەستهێنا.
 بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی دۆرتمۆند لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپی حەوتەم بۆ شەش خاڵ بەرزبووەوەو سیڤیلیەش تەنها خاڵێكی هەیەو لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دایە.

هەر لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاو لە یاری لوتكەی گڕوپی پێنجەمدا، یانەی چێڵسی بە سێ‌ گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی ئەی سیی میلانی میوانی بردەوە.
 لە خولەكی بیست وچواردا، وێسلی فۆنانای فەڕەنسی گۆڵێكی بۆ چێڵسی تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاوشەشدا، پیێر ئیمریك ئۆبامیانگی گابۆنی گۆڵی دووەمی تیپی میوانداری بەدەستهێنا، پاشان یاریزان، ڕیس جیمس گۆڵی سێیەمی بلوزی لە خولەكی شەستویەك تۆماركرد.
 بەم بردنەوەش چێڵسی سەركەوت بۆ پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپی پێنجەم و كۆی خاڵەكانی گەیاندە چوار خاڵ، میلانیش بە هەمان ژمارەی خاڵەكان و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت .

یانەی پاریس سانجێرمان كەوتە داوی یەكسان بوون و دوو خاڵی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنس لیگ لەدەستداو بە گۆڵێك لەگەڵ یانەی بەنفیكای میوانداری یەكسان بوو.
 یاریەكە لە یاریگای دالوز لە لەشبۆنەی پایتەختی پۆرتوگالی بەڕێوەچوو، لە خولەكی بیستودوودا، لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی و ئەستێرەی پی ئێس جی گۆڵێكی بۆ تیپەكەی بەدەستهێنا، پاشان دانیلۆ پێرێرای پۆرتوگالی و بەرگریكاری پاریس سانجێرمان گۆڵی بەرامبەری بەنفیكای بە هەڵە لە گۆڵی تیپەكەی خۆی لە خولەكی چلویەك تۆماركردو ڕووبەڕوو بوونەوەكەش بەم ئەنجامە كۆتایی هات، سەرەڕای یەكسان بوونی لەم یاریە، پاریس سانجێرمان بە حەوت خاڵ پارێزگاری لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی هەشتەم كرد، بەنفیكاش بە هەمان ژمارەی خاڵەكان و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.
 
لە یاریەكی دیكەی هەمان گڕوپی چامپیۆنس لیگ، یانەی یوڤێنتوس بە سێ‌ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی ماكابی حەیفای ئیسڕائیلی میوانی بردەوە.
 لە خولەكی سیی و پێنجدا، ئەدریان ڕابیۆی فەڕەنسی گۆڵێكی بۆ یوڤێنتوس تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجادا، هێرشبەری سڕبی، دوشان ڤلاهۆڤیچ گۆڵی دووەمی تیپی میوانداری بەدەستهێنا، لەو لاشەوە یاریزان دیان داڤید گۆڵێكی بۆ ماكابی حەیفا لە خولەكی حەفتاوپێنج تۆماركردو جیاوازی گۆڵەكانی لە نێوان هەردوو یانە كەمكردەوە.
 لە خولەكی هەشتاوسێشدا، ئەدریان ڕابیۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یوڤێی بەدەستهێنا، بەم ئەنجامەش یوڤێنتوس یەكەم یاری لەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ بردەوەو بە كۆكردنەوەی سێ‌ خاڵ لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپی هەشتەم دێت، ماكابی حەیفاش سێیەم یاری لەسەریەكی دۆڕاندو بەبێ‌ هیچ خاڵێك لە پلەی چوارەم و كۆتایی ڕیزبەندی گڕوپەكە دایە .

 
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.