Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 23:52

سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی.. گۆرانیبێژه‌ شادی به‌خشه‌كه‌ی زه‌ماوه‌ند و ڕادیۆ و دیوه‌خانه‌كان

( 1932_ 30/11/1995)
کوردستان TV
100%

ماوه‌ی نیوسه‌ده‌ به‌ده‌نگه‌ خۆڕسك و بێخه‌وش و شادی به‌خشه‌كه‌ی ، له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌و  ئاهه‌نگ و دیوه‌خان و زه‌ماوه‌نده‌كان، له‌ به‌غدا، تاران ، كرماشان ، سنه‌، هه‌وشار، سه‌قز و ....تاد ، به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی گۆرانی شادی چڕی ، دڵی ئاماده‌بووانی هێناوه‌ته‌وه‌ جۆش و خرۆش، ئێستا جه‌سته‌ی ساردو سڕی له‌ئامێزی خاكی پیرۆزی كوردستاندا ، له‌شاره‌جوانه‌كه‌ی كانی هونه‌ر ، شاری ( سه‌قز) ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نێژراوه‌،

به‌ شێوازێكی جوانی جواننووسی ،ئه‌و چه‌نددێڕه‌ له‌سه‌ر گڵكۆی پیرۆزی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ میللییه‌ به‌رزه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان نوسراوه‌:

( سینگێكی پڕ له‌ئاواز و

دڵێكی كازه‌كار و

گه‌روویه‌كی وه‌كو سازو

گه‌نجینه‌یه‌كی پڕ له‌ڕاز

له‌م مه‌زاره‌دا نوستووه‌ ) .

ڕاسته‌ ئه‌و گه‌نجینه‌ به‌نرخه‌ی هونه‌ری میللی ئاوازو گۆرانی كوردی به‌جه‌سته‌ له‌ناوماندا نه‌ماوه‌و له‌ئامێزی  خاكی پیرۆزی  وڵاتدا نوستووه ‌، به‌ڵام له‌هه‌ركوێیه‌ك ده‌نگی باڵه‌بان و زه‌ڕب و ده‌ف ، زه‌ماوه‌ندو شادی بوونیان هه‌بێت ، ده‌نگ و هونه‌ری به‌رزی هونه‌رمه‌ند ( سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی) بوونی هه‌یه‌و شه‌وق و به‌زمی هه‌ڵپه‌ڕكێ به‌گوێ و جه‌سته‌ی بیسه‌ر ده‌دات.

چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك زیاتره‌ ، سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی  ، خاوه‌ن هونه‌ری كۆڕیی شایی و زه‌ماوه‌ندو مه‌جلیسی مێرخاسان و كه‌سایه‌تی ناوداران، هێشتا هونه‌ره‌كه‌ی هه‌رزیندووه‌و جۆش و خرۆشی شان هه‌ڵته‌كاندن و جوڵه‌ و ئاره‌زووی هه‌ڵپه‌ڕكێ مان پێده‌به‌خشێت،

له‌دوای ژیانئاوایی هونه‌رمه‌ند ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌ره‌كه‌ی زیندووه‌و بۆهه‌میشه‌ ده‌نگ و میلۆدیی و تێكسته‌كانی له‌به‌ردڵانه‌، كه‌چی زۆر له‌و به‌هره‌دار و ده‌نگبێژانه‌ی ئه‌وڕۆكه له‌و شێوازه‌ گۆرانی ده‌خوێنن،‌ له‌سه‌ر سفره‌و خوانی هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌د سه‌فایی ده‌خۆن و كه‌ڵك وه‌رده‌گرن، له‌( تێكست و میلۆدیی و شێوازی وتن).

هونه‌رمه‌ندانی موزیك و گۆرانی  به‌تایبه‌ت بواری میللی ، تێكڕا خزمه‌تێكی به‌رچاو و مه‌زنیان به‌ هونه‌ری به‌ند و به‌یتبێژی و گۆرانی شادی به‌خش كردووه‌، ئه‌و هونه‌ره‌ی زاده‌ی بیرو هه‌ستی جوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی هونه‌رمه‌ندانی میللی  كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رچووی هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری بن ، یان زانستێكی مۆسیقایان خوێندبێ، نه‌خێر به‌ڵكو زاده‌و هه‌ڵقوڵاوی سرووشت و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورو هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ی كوردستانن، هونه‌رێكیان له‌ماوه‌ی ژیانیاندا به‌بێ تیپێكی مۆسیقای فره‌ ئامێر و ژه‌نیاری ده‌رچووی مۆسیقا و ، ستۆدیۆیه‌كی به‌واتا هونه‌ری تایبه‌ت به‌تۆماركردن له‌خزمه‌تیاندا بووبێت، به‌و كه‌م ده‌رامه‌ته‌ هونه‌رییه‌وه‌ دنیایه‌ك كاری جوان و هونه‌ری ڕه‌سه‌نیان پێشكه‌ش كردووه‌ ، ئیمڕۆ به‌شانازییه‌وه‌ گوێیان بۆڕاده‌دێرین و به‌مێژوویه‌كی به‌نرخی هونه‌ری  میللی نه‌ته‌وه‌كه‌مان لێیان ده‌ڕوانین، ئه‌وه‌ش بۆئه‌و هه‌ست و سۆزو خۆشه‌ویستیه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ مه‌به‌ستیان بووه‌ له‌ڕێی ئه‌و به‌هره‌و تواناهونه‌ریه‌وه‌ خزمه‌ت بكه‌ن ، هه‌ریه‌ك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگبێژه‌ خۆڕسك و خۆشخوانانه‌ تائه‌و جێیه‌ی ده‌رفه‌تیان بۆڕه‌خسابێت درێغی یان نه‌كردووه‌، به‌هه‌موو  شێوه‌یه‌ك بوونی خۆیان و هونه‌ره‌كه‌یان له‌شایی و زه‌ماوه‌نده‌كاندا سه‌لماندووه‌، به‌ڵام پێویسته‌ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ بۆ كارو تێكۆشانی هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژی پڕخۆشیی و شادی، ده‌بێت به‌وپه‌ڕی ڕێزو حورمه‌ته‌وه‌، سوپاسگوزاریی ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری( ڤیۆلۆن، سه‌نتوور ، تار ، باڵه‌بان  و  زه‌ڕب ژه‌ن بكه‌ین، له‌گه‌ڵ سۆزی ده‌نگی ده‌نگبێژ ئه‌وانیش به‌ هه‌ستێكی زۆربه‌رزی هونه‌رییه‌وه‌ به‌  سینه‌ی پڕ له‌هه‌ناسه‌و گه‌روو و ده‌ست و په‌نجه‌ی  زێڕینی هونه‌رییان هاوكار و پشتوان و هه‌ست جوڵێنه‌ری  هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ بوون.

هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، به‌ته‌نیا هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش  نه‌بووه‌، به‌ڵكو بلیمه‌ت و خاوه‌نی هونه‌رێكی بێ خه‌وشی لێوڕێژ له‌كه‌یف و سه‌فا و شادی به‌خش ، هه‌میشه‌ جه‌سته‌و هونه‌ره‌كه‌ی له‌بازنه‌ی شادیداسوڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌ست و نه‌ستی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بزواندووه‌‌ ،هونه‌رمه‌ند شاعیرێكی زمان شیرین بووه‌، كه‌ده‌ڵێین شاعیر، له‌كاتی گۆرانی چڕیندا كه‌هه‌موو هه‌ست و نه‌ست و هزری له‌خزمه‌تی گۆرانیه‌كه‌دابووه‌، جیا له‌ فۆلكلۆر خودی هونه‌رمه‌ند ڕاسته‌وخۆ كۆپله‌ی شیعری داناوه‌و خوێندوویه‌تی ، هه‌روه‌ك هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری سه‌نتوور كاك (عه‌زیزی سه‌یفی)  پێی ڕاگه‌یاندم ( سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی، له‌كاتی گۆرانی گوتندا( خۆوێژ) بوو، واته‌ ڕاسته‌وخۆ شیعری داده‌ناو له‌سه‌رهه‌مان ڕیتمی گۆرانییه‌كه‌ ڕیزبه‌ندی  ده‌كرد) (1) .

هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تیه‌كی خۆشه‌ویستی نێو خانه‌واده‌و خه‌ڵك و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌و كۆمه‌ڵایه‌تی فراوان بووه‌،  سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كه‌یف و سه‌فاو شه‌وق و جۆش و خرۆشه‌ هونه‌ریه‌ی هه‌یبووه‌ ،كه‌سێكی متمانه‌ به‌خۆ و باوه‌ڕدار به‌ خوای په‌روه‌ردگارو پێغه‌مبه‌ر و ئاینی ئیسلام و ئیماندار بووه‌،  دڵسۆز بۆ هونه‌ره‌كه‌یی و ده‌ست و دڵ فراوان و ئاوه‌دان، كوردپه‌روه‌ر و نیشتمان دۆست بوو، له‌هونه‌ردا خاوه‌نی ڕێچكه‌و شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی بوو، جیا له‌به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و توانای چڕینی گۆرانی ، مامۆستا و وه‌ستایه‌كی شاره‌زاو لێهاتووبووه‌ له‌ ژه‌نینی ئامێری  ( ده‌ف و دایره‌) دا، بۆ هه‌ركۆڕو كومه‌ڵ و شایی و زه‌ماوه‌ندێك چووبێت ، ده‌فه‌كه‌ی هاوڕێی بووه‌و،به‌شێوازی ژه‌نینه‌كه‌ی ئاماده‌بووانی سه‌رسام كردووه‌.

سه‌یدمحه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی ، ناسراو به‌سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، ساڵی ( 1932) له ئاوایی ( بلووز)ی سه‌فاخانه‌ی هه‌وشار له‌بنه‌ماڵه‌و خانه‌واده‌یه‌كی ( سه‌ید) چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌، ته‌مه‌نی منداڵی له‌ گونده‌كه‌ی خۆیان به‌سه‌ربردووه‌، به‌داخه‌وه‌ نه‌خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن و به‌نه‌خوێنده‌واری به‌ره‌و ژیان هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه‌،

سه‌باره‌ت به‌بنه‌ماڵه‌كه‌یان، (سه‌یدعادل ئه‌حمه‌دی) برازای هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ له‌ساداتی سه‌فاخانه‌ی پیرخدرین ، باو باپیرانمان سه‌یدی ئه‌وێن)(2).‌ 

سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئامێری ( ده‌ف) دا..!

لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ له‌ڕێی ئه‌و وێنه‌ ده‌نگی و ڕه‌نگییانه‌ی له‌ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ندو كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كاندا سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی گۆرانی ده‌خوێنێ، له‌هه‌رهه‌موویاندا ئامێری ده‌ف یان دایره‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و هاوكاره‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری گۆرانییه‌كانی ، پێوه‌ندی هونه‌رمه‌ند و ئه‌م ئامێره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ورانی منداڵی ، چونكه‌ خۆی له‌خانه‌واده‌یه‌كی سه‌ید و ئیماندار بووه‌ و، له‌ته‌مه‌نی ده‌ ساڵیدا واته‌ ساڵی (1942) له‌ئامێزی گه‌رمی دایك و باوك بێ به‌ش ده‌بێت  و  كۆچی دوایی ده‌كه‌ن ، ته‌نها شوێنێك ئه‌م منداڵه‌ بگرێته‌ خۆیی و په‌لكێشی بكات ( ته‌كیه‌و خانه‌قاكان‌) بووه‌،  سه‌یدی  منداڵ به‌رده‌وام هاتوچۆی خانه‌قا ده‌كات‌، له‌وێوه‌ سه‌رنجی داوه‌ له‌كاتی زیكر و موناجاتی به‌كۆمه‌ڵی ده‌روێشه‌كان ،كاریگه‌ریی ئه‌و ئامێره عیرفانییه‌ی له‌سه‌ربووه‌ و ، هه‌روه‌ها فێری  خوێندنی مه‌ولود نامه‌ بووه‌.

( ده‌ف هه‌میشه‌ له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا وه‌ك ئامێرێكی عیرفانی ناسراوه‌ ، ئه‌توانین به‌ئامێرێكی تایبه‌تی موزیكی عیرفانی دابنێین، له‌وكاته‌وه‌ی ده‌روێشه‌كان له‌كاتی زیكر و موناجاتی به‌كۆمه‌ڵ سوودیان لێ وه‌رگرتووه‌ ، به‌گرنگترین ئامێری( خانه‌قا) داده‌نرێت ، له‌بۆنه‌ی شادیش سوودی لێوه‌رده‌گیرێت، له‌كاتی بووك گواستنه‌وه‌ ، جه‌ژنه‌كان ، ده‌فژه‌نه‌كان له‌میلۆدی شادی پڕجۆش و خرۆش كه‌شێكی جووڵه‌ ئامێز بۆگوێگرانی دروست ده‌كات ، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئامێره‌ ده‌ستی یه‌كتری ده‌گرن و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌هه‌ڵپه‌ڕكێ)(3) .

هونه‌رمه‌ند سه‌فایی له‌خانه‌قاوه‌ فێری ژه‌نینی ئامێری ده‌فژه‌نین بووه‌ ، جیا له‌لایه‌نه‌ عیرفانییه‌كه‌، زیاتر بۆ لایه‌نه‌ شادی و به‌زم و كه‌یف و سه‌فا به‌كاری هێناوه‌و چێژی به‌گوێگرو ئاماده‌بووان به‌خشیوه‌،

( مامم له‌منداڵییه‌وه‌ده‌فژه‌نین فێربووه‌، هه‌ركارێك له‌منداڵیه‌وه‌ فێری ببی حه‌تمه‌ن زۆرباش فێری ده‌بی ، به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕواته‌ لای كه‌سێك ، خۆی له‌خانه‌قاوه‌ ئه‌و هونه‌ره‌ فێربووه‌، ئه‌وڕیتمانه‌ی  له‌ژیانی هونه‌ریدا ژه‌نیویه‌تی به‌ده‌ف  به‌بێ بوونی مامۆستایه‌ك هه‌مووی له‌خانه‌قاوه‌ سه‌رنجی داوه‌و فێربووه‌، زیاتر سوودی له‌سرووته‌ ئایینی و عیرفانیه‌كان كه‌له‌خانه‌قا گوێی لێبووه‌ كه‌ڵكی لێوه‌رگرتووه‌ و له‌به‌ری كردووه‌، زیاتر ئه‌شعاره‌كانی ( ئه‌حمه‌دی كۆر) خه‌ڵكی(ئه‌مبار) ی لای بۆكانه مه‌به‌ستی ( شێخ ئه‌حمه‌دی كۆری موكریانی  1774_1879) بووه‌( ج،د)‌،زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ له‌مه‌دح و سه‌نای پێغه‌مبه‌ردا وتوویه‌تی ، ئه‌میش هه‌مووی له‌به‌ركردووه‌ و دواتر له‌ڕێی سۆزی ده‌نگی خۆشییه‌وه‌ خوێندوونی ) (4) .

له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا جیا له‌سه‌ردانی خانه‌قا، كاریگه‌ریی  جوانی سرووشت و ده‌وڵه‌مه‌ندی  گوندو ناوچه‌كه‌ی له‌باری كه‌لتوور و هونه‌ره‌وه‌، ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی به‌یت بێژ و به‌ندبێژ و شایگێڕی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی له‌سه‌ر بووه‌ ، خۆری ده‌ركه‌وتنی توانای هونه‌ریی ، هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ، له‌ته‌مه‌نی (12) ساڵییه‌وه‌، ( 1944) دا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ستی پێده‌كرێت ئه‌م مێردمنداڵه‌ خاوه‌ن دووبه‌هره‌ی سه‌رنج ڕاكێشه‌  به‌هره‌ی ( ده‌فژه‌نی و گۆرانی خوێندن) .

هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی  له‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ له‌ گونده‌ی خۆیان ده‌رده‌كه‌وێت و به‌ره‌و ژینگه‌ی جیاواز تر له‌ئاواییه‌كه‌ی خۆیان ، چونكه‌ موریدی شێخ ( سه‌یدجه‌لاله‌دینی نه‌قشبه‌ندی) شێخی گه‌وره‌ی (هه‌مڕۆڵه‌) بووه‌ و هاتۆته‌ ناوچه‌ی هه‌وشار، ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌روێش و موریده‌كانی شێخدا بووه‌، ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێت  و ڕوو ده‌كاته‌ كوردستانی باشوور و شاری سلێمانی و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا ده‌ڕوات، به‌پێی سه‌رچاوه‌كان و خودی هونه‌رمه‌ند له‌دیدارێكدا باس ده‌كات بۆیه‌كه‌مجار هونه‌رمه‌ندو بیلمه‌تی نه‌مر مامۆستا ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) له‌شه‌قامی ڕه‌شید له‌به‌غدا ده‌بینێ ، ماوه‌ی (4) ساڵ ده‌مێنێته‌وه‌، خودی هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌و یه‌كه‌م دیداره‌مان بۆده‌گێڕێته‌وه‌ ( من له‌ته‌مه‌نی 12 ساڵییه‌وه‌ ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كردووه‌ ، له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌كی به‌ڕێز ، ئه‌وه‌ڵ كه‌چوومه‌ته‌ به‌غدا له‌ ( شارع ڕه‌شید) ماڵه‌كه‌ی په‌یداكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاشنابووم و چه‌ند به‌رهه‌مێكمان پێكه‌وه‌ زه‌بت كردووه‌) (5).

به‌پێی وته‌كانی هونه‌رمه‌ند بێت ، كاتێك كه‌چۆته‌ به‌غدا ، ده‌بێت له‌سه‌ره‌تای ساڵی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو بێت ، چونكه‌ به‌پێی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی  ڕادیۆی كوردی به‌غدا، ئه‌وكاته‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌شاری به‌غدا ژیاوه‌ ، واته‌ ساڵی (1953 تا 1958) .

دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌شاری به‌غداو باشووری كوردستان ، هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و درێژه‌ به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌دات،

به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌ندێك دیكۆمێنتاری له‌سۆشیاڵ میدیا، باس له‌چیرۆكێك ده‌كرێت گوایه‌ پێشتر هونه‌رمه‌ند دره‌وێشێكی ته‌ریقه‌تی قادری بووه‌، عاشق و شه‌یدای كچه‌ شۆخێك بووه‌ و داوای له‌شێخه‌كه‌ی كردووه‌ و بچێته‌ داخوازی مه‌عشوقه‌كه‌ی، به‌ڵام شێخ كاتێك سیمای جوان و باڵای كچه‌ شۆخه‌كه‌ ده‌بینێ ، په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌و  بۆخۆی داخوازی ده‌كات، له‌پای ئه‌و ڕووداوه‌دا سه‌یدی جوانخوێن  و خاوه‌ن به‌هره واز له‌ته‌ریقه‌ت و ده‌روێشایه‌تی دێنێ و به‌ چوارینه‌یه‌ك وه‌ڵامی شێخه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت :

( ‌ ڕیشەکەم تاشی پرچەكەم لە بێخ

بەرماڵ و تەسبیحم ناردەوە بۆ شێخ

وتم یا شێخ گیان من تۆبە ناکەم

بەڵکو تا جوانم یەکێ پەیا کەم) .

ئه‌و چیرۆكه‌ تراژیدیایه‌ له‌لای زۆر له‌هۆگران و هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ری سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فای بۆته‌ بابه‌تێكی سه‌رنج ڕاكێش و جێی بڕوانه‌بوون، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند تائه‌و ڕۆژه‌ی كه‌له‌ژیاندابووه‌و ته‌ندروستی باش و نه‌خۆشییه‌كه‌ی شه‌كه‌تی نه‌كردبوو ، نوێژ و ڕۆژ و خوداپه‌رستی خۆی كردووه و له‌سه‌ر ڕێبازه‌ ئیماندارییه‌كه‌ی به‌رده‌وام بووه‌‌ ، سه‌باره‌ت به‌و چیرۆكه‌ هه‌ریه‌ك  له‌ خاتوو ( ئایشێ مورادی) هاوسه‌ری سێیه‌می هونه‌رمه‌ند و ، سه‌یدعادل ئه‌حمه‌دی برازای سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ، ئه‌و ده‌نگۆیه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌و  ده‌ڵێن هیچ ڕاست نییه‌ و ته‌نها بۆ له‌كه‌داركردنی ناوی شێخ و  هونه‌رمه‌ند ئاغای سه‌فایه‌،

خاتوو ( ئایشێ مورادی) هاوسه‌ری سێیه‌می ده‌رباره‌ی هاوسه‌ره‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی ده‌ڵێت  ( ئاغای مه‌رحومی سه‌فایی به‌ته‌نها هه‌رهونه‌رمه‌ند نه‌بوو ، به‌ڵكو خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی خۆی بوو، له‌گه‌ڵ كه‌سانی به‌رزو به‌رێزدا هه‌ڵده‌ستا و داده‌نیشت ، له‌ناوخه‌ڵكیدا زۆر رێزی لێده‌گیرا، خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بوو ، مرۆڤێكی پاك  و دڵساف و هه‌میشه‌ ده‌م و سیما به‌خه‌نده‌ بوو، له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی هه‌بوو هه‌میشه‌ وه‌ك هاوڕێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كردین، مه‌رحومی ئاغای سه‌فایی له‌ته‌واوی ژیانیدا، سێ جار هاوسه‌رگیری كردووه‌، هاوسه‌رگیری یه‌كه‌م ( فاتیمه‌ خانم) خه‌ڵكی سه‌فاخانه‌ بوو ، له‌م خاتوونه‌ ( دووكوڕو دووكچی) هه‌یه‌، هاوسه‌رگیری دووه‌م له‌گه‌ڵ خاتوونێكی خه‌ڵكی دیوانده‌ره‌ بوو ماوه‌ی دووساڵێك پێكه‌وه‌ بوون و دواتر جیابوونه‌وه‌، هاوسه‌رگیری سێیه‌میش ( ئایشێ مورادی )  منیش سێ كچم هه‌یه‌،سوپاس بۆ په‌روه‌ردگار و گه‌رده‌نی ئاغای سه‌فایی هه‌زارجار ئازاد بێت ، منداڵه‌كانمان هه‌موویان گه‌یشتوونه‌ته‌ دواپله‌ی خوێندن و خزمه‌ت ده‌كه‌ن) (6).

سه‌باره‌ت به‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی له‌ خانه‌قاوه‌ بۆ ناو كۆڕو كۆمه‌ڵ و ڕادیۆ، كێ هاوكارو رێنیشانده‌ری هونه‌رمه‌ند بووه‌..؟ ( مه‌رحومی سه‌یدجه‌لاله‌دینی نه‌قشبه‌ندی) بۆخۆی پێشنیاری كردووه‌ بۆ مامم و پێی گوتووه‌ ، كه‌تۆ ئه‌وده‌نگه‌ خۆشه‌ت هه‌یه‌ و له‌خانه‌قا ده‌خوێنی ، من وای به‌باش ده‌زانم كه‌تۆ بێیت و ئه‌و میلۆدییانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بیڵێیت تاخه‌ڵك سوودی لێ ببینێ ، ئه‌و خۆی نامه‌یه‌كی بۆ مامم نوسیوه‌ بۆ براده‌رێكی له‌تاران تاهاوكاری بكه‌ن سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی له‌ ڕادیۆ گۆرانی بخوێنێ) (7).

سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی خاوه‌نی ده‌نگ و ئاوازی شارو گوندی كورده‌واری له‌دوای ساڵی (1958)  ڕووده‌كاته‌ تاران و له‌وێش به‌دیداری هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) شادده‌بێته‌وه‌ و پێكه‌وه‌ گۆرانی تۆمارده‌كه‌ن، گوایه‌ ئه‌و گۆرانیانه‌ له‌ئه‌رشیفی ڕادیۆی تاران دا ماوون..؟!

دواتر سه‌ید به‌خۆیی و هه‌گبه‌ لێوڕێژه‌ له‌هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و ئاوازی كوردی یه‌وه‌ دێته‌ شاری كرماشان و ماوه‌یه‌كیش له‌وشاره‌ دێرنه‌ی كورد ، له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك پێكه‌وه‌ هاوماڵ ده‌بن  و پێوه‌ندییه‌كی زۆر دۆستانه‌و هونه‌رییان پێكه‌وه‌ ده‌بێت و سه‌ید محه‌مه‌د زۆر ڕێزو حورمه‌ت بۆ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك داده‌نێت ، له‌ڕادیۆ كرماشان له‌گه‌ڵ تیپی ئۆركێستری ڕادیۆ ، به‌هاوكاری ده‌ست و په‌نجه‌ی مۆسیقاژه‌نانی ڕادیۆی كرماشان به‌تایبه‌ت  هونه‌رمه‌ند ( موشته‌باری میرزاده‌) ، شه‌ش بۆ حه‌وت گۆرانی تۆمارده‌كات ، گۆرانییه‌ ناوداره‌كانی ئه‌وكاته‌ی ڕادیۆكرماشان ( كوڵه‌نجه‌ ڕێ ڕێ ، دیسان باری غه‌م ، خرینگه‌و  ئای بۆ هه‌للامه‌)  له‌ڕێی ده‌نگ و سه‌دای ڕادیۆی ناوبراوه‌وه‌  هونه‌رمه‌ند زیاتر ناو و ناوبانگ په‌یدا ده‌كات و له‌نێو خه‌ڵكیدا ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی زیاتر ده‌ناسرێت. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌، هونه‌رمه‌ند ئاغای سه‌فایی ده‌چێته‌ ڕادیۆی شاری سنه‌ و له‌وێش به‌رهه‌می هونه‌ری تۆمارده‌كات.

سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، ئه‌و مرۆڤه‌ دڵپاك و هه‌میشه‌ كه‌یف و سیما خۆشه‌ ، كه‌له‌ناخه‌وه‌ مه‌به‌ستی بووه‌  دڵی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی خۆش كات  چ به‌هونه‌ره‌كه‌یی و چ به‌ نوكته‌و قسه‌ی خۆش و به‌سه‌رهاته‌كانی ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌مه‌به‌ستی ژیان و درێژه‌پێدان به‌هونه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌لێك شوێن ژیاوه‌ ، وه‌ك ( تیكاپ ، ساین قه‌ڵا ، دیوانده‌ره‌ ، كرماشان  و ماوه‌یه‌ك له‌شاری بۆكان  و دواتر تادواساته‌كانی ژیانی له‌شاره‌ جوانه‌كه‌ی سه‌قز ) نیشته‌جێ بووه‌.

 

سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی چه‌ند گرنگی داوه‌ به‌ گۆرانییه‌كانی و مه‌به‌ستی بووه‌ هونه‌ره‌كه‌ی له‌چوارچێوه‌ی هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی بێ خه‌وش پێشكه‌ش به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات و له‌پاڵ ئه‌و هونه‌ره‌دا زمانی كوردی پاراستووه‌و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ وشه‌و زمانی شیرینی كوردی كردووه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ش گرنگی به‌ پۆشاك و شیك پۆشی وداب و نه‌ریت و جل و به‌رگ ، مشكی و فه‌قیانه‌ داوه‌ و به‌رده‌وام له‌ئاهه‌نگه‌كاندا به‌ جلی كوردی جوانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه ، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ جوانی  هونه‌ر و باڵاپۆشییه‌كه‌شی سه‌لماندووه‌‌( سەید محەمەد پیاوێکی پابەند بە داب و ڕەسم بوو و هەمیشە جلوبەرگی شۆخی لەبەر دەکرد و لە نیشانە تایبەتییەکانی،سۆرانی سپی و شاڵی کەسک و پێچی ڕەش بوو. بۆ شایی و زەماوەند دەچوو و لە گۆرانی گوتندا نەشەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو کە غەمی لە دڵی بینەر و بیسەر لادەبرد. لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بە تایبەت سەقز، سنە، قوروە و دیوانده‌ره‌ ئۆگری هەبوو و بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر خۆشیان دەویست) ( 8).

به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ..!

كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند زۆرترینیان فۆلكلۆرن و سوودی له‌باخچه‌ فراوان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی فۆلكلۆری ناوچه‌كه‌ی خۆی وه‌رگرتووه‌، له‌ناو گۆرانییه‌كانیدا سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ، جیا له‌پیاهه‌ڵدان و ناوهێنانی كیژ و ئافره‌ت،  ده‌بێته‌ جوگرافیاناس و گه‌ڕیده‌، كێوماڵ ده‌كات به‌ناو گونده‌كانی كوردستاندا و له‌دوای یه‌ك ناویان ڕیزده‌كات و به‌گوێی بیسه‌ری ئاشنا ده‌كات، هونه‌رمه‌ند ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌ له‌زیندوكردنه‌وه‌ی میلۆدییه‌ خۆشه‌كانی ناوچه‌كه‌ی له‌لێواری فه‌وتان و له‌بیر چوونه‌وه‌داڕزگاری كردوون، به‌شێوه‌یه‌كی جوان به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌ پڕ له‌ نه‌شئه‌كه‌ی خوێندونیه‌تیه‌وه‌ ،

له‌لای هه‌مووان  به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی عاشق و هه‌واداری ئه‌و ده‌نگه‌ میللییه‌ پڕ كه‌یف و سه‌فا و شادی یه‌ن، ڕۆشنه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ئه‌وانه‌ی له‌ زه‌ماوه‌ند و دیوه‌خان و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كاندا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان  خوێندوونی له‌تۆمارگاندا بوونیان هه‌یه‌، له‌وانه‌یه‌ چه‌ند به‌رهه‌مێكی تایبه‌تی له‌ماڵان  له‌لای خاوه‌ن داوه‌ت و زه‌ماوه‌نده‌كه‌ مابێته‌وه‌و تا ئێستا بڵاو نه‌كرابێته‌وه‌ ، به‌ڕێز ( ئه‌سه‌د داوه‌ری) خاوه‌نی تۆمارگای ( هه‌ژار ) له‌شاری سه‌قز ، له‌ساڵی (1979) وه‌ سه‌رقاڵی كاری فرۆشتنی كاسێت و تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانه‌ ، یه‌كێك بووه‌ له‌هاوڕێ نزیكه‌كانی  هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌د سه‌فایی ، له‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ تا ڕۆژی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند سه‌رسام به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی و پێوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه‌، له‌دیدارێكدا كاك ئه‌سه‌دی داوه‌ری ئاماژه‌ به‌ ( 45) كاسێتی تۆماركراوی  به‌زمی شادی و خۆشیی هونه‌رمه‌ند ده‌دات، له‌گه‌ڵ (3) كاسێتی عیرفانی خوێندوویه‌تی  و هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌لای خۆی پاراستوونی، خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت و سڵاو له‌ده‌نگ و گه‌رووی سه‌ید محه‌مه‌د بۆ ئه‌و هه‌موو به‌خششه‌ هونه‌رییه‌، سه‌باره‌ت به‌ئاهه‌نگی بڵاونه‌كراوه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، كاك ئه‌سه‌دی داوه‌ری  ده‌ڵێت (  ئاغای سه‌فایی مرۆڤێك بوو هه‌میشه‌ پێی خۆش بوو خه‌ڵك دڵشاد كات ، له‌بنه‌ڕه‌تدا نازناوی (ئه‌حمه‌دی ) یه‌ ، له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو شه‌وق و زه‌وقه‌ له‌كاتی گۆرانی خوێندا ناویان نا ( سه‌فایی) ، زه‌حمه‌تی زۆرم كێشاوه‌ به‌گۆرانیه‌كانی یه‌وه‌ و هه‌موویم كۆكردۆته‌وه‌ ، له‌ساڵی ( 1987) له‌ماڵی خۆمان ئاهه‌نگێكمان بۆ ئاغای سه‌فایی تۆماركرد، كاك ( ئه‌حمه‌دی سه‌رایی) ته‌شریفی بوو ، ئه‌حمه‌د سه‌رایی نه‌وار فرۆش پێكه‌وه‌ تۆمارمان كرد، به‌هاوكاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( عوسمان محه‌مه‌دی ناسراو به‌عوسمانه‌ سوور ، ئامێری باڵه‌بان یان نه‌ی ) ، هونه‌رمه‌ند ( سه‌یدقادر به‌رزنجی ئامێری زه‌ڕب) چه‌ند به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی شادی و كه‌یف و سه‌فای به‌خشی ئه‌وه‌نده‌ش به‌هه‌ڵس و كه‌وت و قسه‌ شیرینه‌كانی ، هه‌روه‌ها سێ گۆرانیم بۆ هه‌رسێ هونه‌رمه‌ندی شاری سه‌قز ( سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ، حه‌مه‌ی نه‌جاڕ و غه‌ریب خدر یار ) تۆماركردووه‌ و تائێستا بڵاوم نه‌كردۆته‌وه‌  و لای خۆم پاراستوومه‌) (9) .

له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، له‌ده‌سپێكی كاری هونه‌رییه‌وه‌ تا كاتی نه‌خۆشییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان گۆرانی خوێندووه‌، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و ژه‌نیاره‌ به‌توانایانه‌ بده‌م كه‌هه‌میشه‌ هاوكارو پشتیوانی هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی بوون ،

هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ئیبراهیمی قادری ، عه‌باسی كه‌مه‌ندی ، سه‌یدئیبراهیمی سه‌قزی ، عه‌لی سواره‌، خه‌سره‌وی ماملێ ، له‌ساڵی 1991 له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( عه‌تا چاوشین و كامه‌ران عومه‌ر ) به‌رهه‌می تۆماركردووه‌ ، سه‌باره‌ت به‌به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانی سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی و ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌نێو جه‌ماوه‌ردا و به‌رجه‌سته‌ كردنی دوو ئاهه‌نگ له‌لایه‌ن  برازای هونه‌رمه‌ند ، به‌ڕێز ( سه‌ید عادل ئه‌حمه‌دی ) ده‌ڵێت  ( مامم دوو نه‌واری هه‌یه‌ كه‌له‌كاتی گونجاودا وتویه‌تی و سیسته‌می تۆماركردنه‌كه‌شی زۆر باشه‌ ، نه‌واری یه‌كه‌م :

ئاهه‌نگێكه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ئیبراهیمی قادری) له‌زه‌ماوه‌ندی ماڵی ( فه‌یروزخانی ده‌ستگیر ) له‌ناوچه‌ی دیوانده‌ره‌.

نه‌واری دووه‌م: له‌ماڵی ( مسته‌فاخانی ئه‌میری) له‌دێهاتی ( قۆڵده‌ره‌) ی به‌شی هه‌وشار ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) له‌و ئاهه‌نگه‌دا چه‌ندین گۆرانی خۆش ده‌ڵێن، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، گۆرانی ( هه‌ی ناز) ده‌خوێنێ  و  مام گۆرانی ( یاره‌كه‌م مه‌لازاده‌) یه‌ ، ئه‌و نه‌واره‌ زۆر خۆش و پڕ چێژه‌) (10) .

هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینی به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد  ، ڕه‌سوڵی میرزا پوور و ئه‌حمه‌دی زولفی _ ئامێری ڤیۆلۆن ) ، ( عه‌زیزی سه‌یفی _ ئامێری سه‌نتوور و زه‌ڕب) ، ( عوسمانه‌ سوور ، قودره‌تی قادری  _ ئامێری باڵه‌بان) ،(  عه‌بدوڵڵا مه‌جیدی ،ناسراو به عه‌به‌‌ چكۆل ،عه‌لێ خاڵندی و سمایلی یه‌عقوبی _ ئامێری زه‌ڕب)  و (قادری به‌له‌نجه‌ _ ئامێری دووزه‌له‌)، به‌داوای لێبوردنه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆر هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست هاوكاری هونه‌رمه‌ند بوون ، ته‌نها ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌م به‌رده‌ست كه‌وتووه‌ ، هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیاره‌ خۆشه‌ویستانه‌ ، خۆشی جیا له‌ هونه‌ری خۆشخوانی و به‌سته‌ی شادی چڕین ، به‌ئامێری  ده‌ف و دایره‌ به‌شداربووه‌،

به‌شێك له‌ گۆرانییه‌ ناوداره‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی  ( ئای بۆهه‌لامه‌ ، ئای مه‌نێ مه‌نێ ، لۆركێ و لۆركێ ، چین چین و لۆلۆ ، ئه‌رێ له‌یل ، نازت بێ ، كاولی بادینان، ڕۆینه‌ ، ئامێنێ گیان تۆ گوڵه‌كه‌می ، چیمه‌ن چیمه‌ن، ده‌ی ده‌ی بارانه‌ نم نم دای داوه‌، ده‌مكوڵ ده‌مكوڵ، به‌له‌نجه‌، ڕه‌زیه و  كوڵه‌نجه‌ ڕێ ڕێ و  ...تاد) .

مه‌به‌ستمه‌  سه‌باره‌ت به‌دوو گۆرانی بدوێم و زانیاری بده‌م ،  گۆرانی یه‌كه‌م ( چیمه‌ن هۆ چیمه‌ن) ، ئه‌م گۆرانیه‌ به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند (ناسری ره‌زازی ) بڵاوبۆته‌وه‌،هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی له‌دیدارێكی كه‌ناڵی ئاسمانی (كوردسات ) له‌ساڵی (2001) ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌دركێنێ و ده‌ڵێت( ئه‌و گۆرانییه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هی هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی) یه‌ ، به‌ڵام ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌یخوێنێ و من ده‌ستكاریم كرد به‌وشێوازه‌ی خۆم خوێندم) .

 گۆرانی دووه‌م ( شه‌ریفه‌ باوكه‌ڕۆ) یه‌ كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان، ئه‌و گۆرانییه‌ زۆر به‌خێرایی له‌ناو دنیای گۆرانی و مۆسیقای میللیی دا بڵاوبۆوه‌و  له‌لایه‌ن هۆگرانی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی پێشوازی لێكرا، بۆ زانیاری خوێنه‌ران  ئه‌و گۆرانییه‌ هی هونه‌رمه‌ند سه‌فایی نییه‌ به‌ڵكو گۆرانی هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی شاری سه‌قزه‌،  ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ناوی ( محه‌مه‌د غه‌ریب  خدر یار 1939_2018) ه‌، ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی سه‌فایی گۆرانی چڕیوه‌و  تۆنی ده‌نگ و شێوازی گۆرانی گوتن نزیكه‌ له‌ ئاغای سه‌فاییه‌وه‌ ، كاتێك بڵاو بۆوه‌ له‌تۆمارگاكانه‌وه‌ به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی بڵاو بۆوه‌، خاتوو ( ئایشێ مورادی ) هاوسه‌ری هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، سه‌باره‌ت به‌گۆرانی شه‌ریفه‌ باوكه‌ڕۆ  ده‌دوێت و هه‌روه‌ها داوایه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌و ده‌نگبێژانه‌ ده‌كات كه‌ گۆرانییه‌كانی  هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێنه‌وه‌، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ری زۆر زه‌حمه‌ت و ڕه‌نجی كێشاوه‌ له‌وپێناوه‌دا ( له‌بنه‌ڕه‌تدا گۆرانی شه‌ریفه‌ باوكه‌ڕۆ ، گۆرانی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش محه‌مه‌دغه‌ریب خدریاره‌ ، به‌ناوی ئاغای سه‌فایی بڵاوبۆته‌وه‌، له‌كۆڕو ئاهه‌نگ دا جارجاره‌ داوایان له‌ئاغای سه‌فایی كردووه‌ خوێندوویه‌تی ، هه‌ردوكیان شێوه‌ی ده‌نگ و خوێندنیان لێكه‌وه‌ نزیكه‌، به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ تكا ده‌كه‌م له‌ هونه‌رمه‌ندان هه‌ركاتێك له‌ ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌نده‌كان گۆرانییه‌كانی ئاغای سه‌فایی ده‌ڵێنه‌وه‌ گوناح نییه‌ ناوی به‌رن ، چونكه‌ له‌ژیانیدا گه‌لێك زه‌حمه‌تی كێشاوه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یلێم هیچ یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌ گۆرانییه‌كانی ده‌ڵێنه‌وه‌ ، نازانن و ناتوانن وه‌ك شێواز و وتنی ئاغای سه‌فایی بیڵێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ خوێندنی گۆرانیدا كه‌سێكی تایبه‌ت بوو، من ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م كه‌ گۆرانییه‌كانی ده‌ڵێنه‌وه‌ به‌ڵام ناوی بێنن) (11).

وه‌ك په‌نده‌ كوردییه‌كه‌ ئێژێ ( قه‌دری زێڕ لای زێڕنگه‌ره‌) سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ند ئاغای سه‌فایی، هانام برده‌ به‌ر هزر و یاده‌وه‌ریی هونه‌رمه‌ندێك ، مامۆستای مۆسیقا ، ژه‌نیاری ئامێری كه‌مانچه‌ و ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ ، كاك ( ڕه‌شیدخانی فه‌یز نه‌ژاد) كه‌ مێژوویه‌كی جوانی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ئاغای سه‌فایی و داوام لێكرد به‌هه‌سته‌ جوانه‌كه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ  هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی بكات ، زۆر به‌ ڕاستگۆیی و پڕ له‌وه‌فا وه‌ به‌رامبه‌ر به‌هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( مامۆستا سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی خوالێخۆشبوو ، وێڕای ده‌نگه‌ به‌سۆز و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی كه‌زمان حاڵی هه‌موو ناوچه‌ و ده‌ڤه‌ره‌ جیاجیاكانی كه‌ڵهوڕی سه‌قز ، یه‌له‌كۆ ، جافایه‌تی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان ، هه‌روه‌ها شاره‌زوور و ده‌شتی گه‌رمیان به‌كه‌لار و كفری و ده‌ربه‌ندیخان و چه‌مچه‌ماڵ ، خاوه‌ن سه‌بك و شێوازێكی تایبه‌تبه‌خۆی بوو ، نه‌له‌پێش خۆی و نه‌له‌پاش خۆی كه‌سێكی تر نه‌بووه‌ كه‌نه‌ ئه‌و شێوازه‌ بدات و له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ بڕوات به‌داخێكی زۆرگران..! ئه‌وه‌نده‌ به‌نده‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی بووبێتم له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تریش كه‌له‌گه‌ڵی بووین زۆر زۆر خۆشه‌ویس بوو له‌لامان چوون هه‌تا بڵێی پیاوێكی له‌سه‌ر دڵان  و له‌دڵه‌وه‌ نزیك  و خوێن شیرین و ڕۆح سوك و به‌موحیبه‌ت بوو ، به‌ڕاستی كه‌م كه‌سم وه‌ك ئه‌و نه‌مره‌ بینیوه‌ كه‌تا ئه‌و كاته‌ی ژیا دڵی خه‌ڵكی ئاوا به‌وجۆره‌ ڕاگرتبێت و دڵی كه‌سی عاجز نه‌كردبێ و له‌حزه‌ به‌له‌حزه‌ خۆشه‌ویستر و له‌دڵ نزیكتر ئه‌بوو ، به‌ڕاستی با وه‌سفی ئه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی  (27) ساڵی به‌ڕه‌حمه‌تی خواچووه‌ هێشتا هه‌رئه‌ڵێی تازه‌ عه‌مری خوای كردووه‌ و تازه‌ له‌ناومان ڕۆیشتووه‌و  هه‌تا ئێستایش هه‌رده‌م جێگای دیاره‌و و خاڵییه‌) (12).

هونه‌رمه‌ندسه‌ید محه‌مه‌د سه‌فایی ، دوای ئه‌و ته‌مه‌نه‌ دوورو درێژه‌ وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی پرشنگداری بواری هونه‌ری مۆسیقای پڕ شادی و سه‌فا، ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ی كرد به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، كۆتا هه‌واری شاری سه‌قز ده‌بێـت ، له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی له‌و شاره‌ جوانه‌ درێژه‌ به‌ژیان ده‌دات ، به‌ڵام جێی داخه‌وه‌ ئه‌و گه‌روه‌و پاكه‌ ڕه‌سه‌نه‌ بێ خه‌وشه‌ كورده‌وارییه‌ ، له‌ساڵی (1994) دووچاری شێرپه‌نجه‌ی گه‌روو ده‌بێت، ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ كه‌هه‌موو كات خۆشیی و دڵگه‌شیی و به‌خته‌وه‌ری و خه‌نده‌ له‌سیمایدا ده‌باری ، ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌ده‌ست ئازاری نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌تلێته‌وه‌ ، ڕازییه‌ به‌و ژیانه‌ و هه‌میشه‌ سوپاسگوزاری به‌خششه‌كانی په‌روه‌ردگاره‌، له‌ دواساته‌كانی ژیانی به‌جه‌سته‌یه‌كی شه‌كه‌ت و ماندووی ڕۆژگار ، به‌سیمایه‌كی خه‌ماوییه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت ڕێزی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌تان بگرن تا له‌ژیاندان  ( فه‌قه‌ت داخوازیم ئه‌وه‌یه‌ له‌پاشی مردن ڕێزی لێ بگرن هونه‌رمه‌ند بزانێ و  كه‌ نه‌زانێ  ، كه‌لیمه‌یه‌كی وتبێ حه‌تمه‌ن به‌هونه‌رتان زانیوه‌ ، حه‌یفه‌ له‌مردندا شوێنی كه‌ون ، ده‌بێ به‌زیندوویی شوێنی كه‌ون ) (13).

به‌فه‌رمایشته‌كه‌ی پێمان ده‌ڵێت  ( زیندوو كوژی مردوو په‌رست مه‌بن) ،

به‌داخه‌وه‌ ئاغای سه‌فاییه‌كه‌ی هونه‌ری به‌زم و هه‌ڵپه‌ڕكێ ، له‌ڕێكه‌وتی (30/11/1995) بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و ژیانئاوایی له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و ده‌ف و خانه‌واده‌ ئازیزه‌كه‌ی كرد ، ته‌رمی هونه‌رمه‌ند سه‌ید محه‌مه‌د سه‌فایی له‌ گۆڕستانی ( شاناز) ی شاری سه‌قز ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كرێت،  

یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی  ئاغای سه‌فایی  هونه‌رمه‌ند له‌دڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌هلی زه‌وق و  كه‌یف و سه‌فان به‌به‌رزی و زیندوێتی ده‌مێنێته‌وه‌.

جه‌مالی ده‌لاك  12/9/2022 هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری زه‌ڕب و سه‌نتوور  و ، دروستكه‌ری ئامێری سه‌نتوور (عه‌زیزی سه‌یفی ) ( سلێمانی 5/9/2022).

(2و 4 و5 و 6 و 7 و9 و10 و 11 13) ئاوڕێك له‌ژیانی هونه‌ری سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ، به‌شی یه‌كه‌م / دیكۆمێنتی هاژه‌ ، ده‌رهێنه‌ر ( هه‌رمان وه‌تمانی ) تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ( ده‌نگ و ئاهه‌نگی كوردی ) تیلیگرام.

(3)كتێبی ئامێری موزیكی كوردی ، ئاماده‌كردنی ( عه‌لی ئه‌سغه‌ر نه‌سروڵڵاپوور ) ، وه‌رگێڕانی ( ستار كه‌ریم ) لاپه‌ڕه‌ ( 85 و 89).

سه‌یدمحه‌ممه‌دی سه‌فایی ، عه‌بدوڵڵا سه‌مه‌دی ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ، (5/5/2021).

(12) په‌یوه‌ندی كردن له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك  _ ماسنجه‌ر ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ده‌نگخۆش ( ڕه‌شیدخانی فه‌یز نه‌ژاد) ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌  (11/9/2022).

له‌دڵه‌وه‌ سوپاسگوزاری  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست ( مامۆستا ڕه‌شیدخانی فه‌یز نه‌ژاد و كاك عه‌زیزی سه‌یفی) ده‌كه‌م هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی یاده‌وه‌رییه‌كانیان زانیاریان پێ به‌خشیم ( ج،د).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.