ئهمڕۆ شهممه 8ی ئۆکتۆبەری 2022، بە ئامادەبوونی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، دیداری (پرسی كورد له رۆژههڵاتی ناوهڕاست) کە لەلایەن زانکۆی سۆران و ناوهندی فەڕەنسی بۆ لێكۆڵینهوه لە عێراق ڕێکخرابوو لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارهكهدا گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: "بە درێژایی مێژوو زوڵمێکی زۆر لە کورد وەکو نەتەوە و وەکو پێکهاتەی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە، هەروەها لە خاکی کوردستان وەکو نیشتمان کراوە، ئەم زوڵمە نەک بە دەیان ساڵ، بەڵکو لە سەد ساڵی رابردوودا، تائێستا بەردەوامە، بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەری بنەڕەتی بکرێتەوە، زۆر جار خەریکی ئەوەن بیانوو بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە، وەکو پێویست چارەسەر نەکرێت، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ کێشەیەکی جیهانییە، پێویستە هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین دەست لەسەر ئەو گرفتانە دابنێین یان ئەو هەڵانەی لە مێژوودا دەرهەق بەم ناوچەیە و ئێمەدا كراوە، بۆ ئەوەی بتوانین رێگەی چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینەوە”.
سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی : لە ساڵانی رابردوو ئەو وڵاتانەی کە کێشەیان لەگەڵ کورد وەکو نەتەوە هەبووە نەیانهێشتووە کورد هەتا باسی کێشەکەی خۆشی بکات، هەر پێشنیارێکی خستبێتەڕوو بۆ چارەسەر، دواتر کورد تاوانبارکراوە بەوەی کە جوداخوازە یان کێشە و ئاژاوە دەنێتەوە، ئێمە وەکو هەر نەتەوەیەک، هەقی ئەوەمان هەیە کە پێمانوایە چۆن سەقامگیری ناوچەکە دەستەبەر دەبێت و ئێمە چۆن دەتوانین فاکتەرێکی بنیاتنەربین، هەروەها هەقی ئەوەمان هەیە باس لە بیروبۆچوونەکانی خۆمان بکەین لە پلاتفۆڕمەکانی نێودەوڵەتی، ئەم ماوەیەی کە کورد ڕێگەی پێدراوە دەنگی خۆی بە جیهان بگەیەنێت، توانیویەتی لە زۆر بوارەوە ئەم تەفسیرە هەڵەیەی کە سەبارەت بە نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان کراوە بڕەوێنێتەوە، جیهان شایەدی ئەوەیە ئێمە دەتوانین فاکتەرێکی بنیادنەربین، هەر لە سەردەمی بارزانی نەمرەوە تاکو سەرۆک بارزانی، هەمیشە داکۆکیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتەکان وا تەفسیر بکرێت کە ببێتە کێشەی نەتەوەکان، ئێمە هەمیشە ڕێزمان لە هەموو نەتەوەکان گرتووە و لەسەر ئەو پرەنسیپە بەردەوام دەبین، کێشەی ئێمە لەگەڵ نەتەوەکان نییە کە لەگەڵی یەکتر دەژین، بەڵکو کێشە لەگەڵ هەندێک دەسەڵاتدار و حکومەت بووە، کە بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی بیر لە حوکـمڕانییەکی یەکسان و دادپەروەرانە بکەنەوە ، بیریان لە چەوساندنەوەی نەتەوەیەکی ستەمدیدە کردووەتەوە، بەڵام ئێمە نەمانهێشتووە ئەوە ببێتە کێشەی نێوان نەتەوەکان، هەر کاتێکیش پێویست بووبێت هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک پێویستی بە کوردستان هەبووبێت، کوردستان دەرگای کردووەتەوە و لە باوەشی گرتوون".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی: "دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا و وڵاتانی دراوسێ، ڕوویان کردە کوردستان، هەرێمی کوردستان دەرگای خۆی بۆ کردنەوە، کە تاکو ئێستاش، بە شانازییەوە دەڵێین کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەوانەی لە دەستی تاوان و تیرۆر ڕادەکەن، کوردستان بە شوێنێکی پارێزراو دەزانن و ڕووی تێدەکەن، ئێمە منەت بەسەر کەسەوە ناکەین، بەڵکو ئەمە کولتوورێکە لەگەڵ ئێمەیە و ئەو پرەنسیپانەن کە بڕوامان پێیە".
سەرۆکی حکومەت هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئەوەی خستەڕوو: "چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەبێتە چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، دەمەوێت باس لە نموونەی عێراق بکەم، ئەگەر سەیری ڕووداوەکان بکەین لە سەد ساڵی رابردوو، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تاکو ئێستا، ئایا عێراق وەکو پێویست سەقامگیری بەخۆییەوە بینیووە؟ پێشکەوتووە؟ توانیویەتی بە یەکسانی خزمەتی هەموو خەڵک بکات؟، بێگومان نەخێر. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی ئەو هەموو نەهامەتییە، لەم وڵاتە ڕوویانداوە ئەوەیە کێشەی کورد چارەسەر نەکراوە، ڕژێمە دیکتاتۆرەکان لەجیاتی ئەوەی ڕێز لە مافی گەلی کوردستان و عێراق بە گشتی بگرن، بیریان لە قڕکردن و چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە، ئەمەش وایکرد خەڵکی کوردستان پارێزگاری لەخۆی بکات، لە ئەنجامی شەڕێکی نەخوازراو نەک هەر کورد زەرەرمەند بوو، بەڵکو هەموو عێراق تووشی وێرانکاری و زەرەر و زیانی گەورەبوو، دواتر لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەداخەوە حکومەتی عێراق پەلاماری خەڵکی کوردستانیدا، دوای رێککەوتنی 11ی ئازار لە ساڵی 1974 کە شەڕێکی سەرتاسەری بوو، وایلیهات حکومەتی عێراق، لە لێواری رووخاندا بوو، ئەمەش وایکرد تەنازول بۆ شای ئێران بکات و رێککەوتنی ئێران واژۆ بکات، زۆری نەخایاند بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە هەڵوەشێنێتەوە، پەلاماری ئێرانیدا و شەڕێکی هەشت ساڵەی وێرانکەری بەدوادا هات، کە ئەمە ئابووری وڵاتی عێراقی تێکدا، دواتر بۆ پڕکردنەوە و هەڵسانەوەی عێراق، بیریان لە داگیرکردنی کوەیت کردەوە، کە جەنگی کەنداوی لێکەوتەوە، ئەمە جگە لە وێرانکاری هیچی دیکە نەمایەوە، ئەگەر کێشەی کورد لەو سەردەمە، چارەسەر بکرابایە، عێراق ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەردەهات؟، من پێموایە ئەو ناسەقامگیریەی کە هەیە هۆکارەکەی ئەوەیە، بیرێکی جددی لە چارەسەرکردنی خەڵکی کوردستان نەکراوەتەوە“.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا کە: "کورد وەکو نەتەوە ڕێزی لێنەگیراوە، بەڵام لە کوردستان رێز لە مافی مرۆڤ و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان دەگیرێت، بەیەکەوەژیان بووتە پێناسەیەکی دیاری هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئێمە دەرفەتێکی وامان پێبدرابا کاربکەین، رێزمان لێبگیرابا، دان بە مافەکانمان دابنرابایە، بێگومان ئێمە دەمانتوانی پێشکەوتنی زۆر زیاتر نەک بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکەش دەستەبەر بکەین، لە ساڵانی رابردوودا هەموومان بینیمان کورد توانای شەڕکردنی زۆرە و هەر کوردیش بوو توانی بە خوێنی خۆی رێگە لە فراوانبوونی خەلافەتی داعش بگرێت و هێرشی داعش تێکبشکێنێت، لە سەرەتاوە پێشمەرگە ڕێگری لە داعش کرد، ئەوکاتەی کە 12 فیرقەی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعش بەداخەوە شکستیان هێنا".
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت لە وهڵامی پرسیاری بهشداربوویهكدا لهبارهی چارهسهركردنی كێشهی پۆستی سهرۆككۆماری عێراق ڕایگهیاند: بۆ یهكلاییكردنهوهی كاندیدی هاوبهشی كورد بۆ پۆستی سهرۆككۆماری عێراق، ئێمه پهرلهمانی كوردستانمان ههیه، پهرلهمان نوێنهرایهتی ههموو خهڵكی ههرێمی كوردستان دهكات، پێویسته لهنێو پهرلهماندا دهنگ به كاندیده كوردهكان بدرێت، كامه كاندید زۆرینهی دهنگهكانی بهدهستهێنا، با ببێته تاكه كاندیدی كورد بۆ پۆستی سهرۆككۆماری عێراق.
گوتیشی : هیچ خاڵێکی دەستووری و یاسایی نییە کە سەرۆکوەزیران بۆ شیعە بێت و سەرۆککۆمار بۆ کورد بێت یان سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە بێت، بەڵام وەکو نەریتێک هاتووە و تاوەکو ئێستاش پەیڕەو دەکرێت، بەڵام ئەو نەریتە چۆن هاتووە؟ زۆرینەی شیعە سەرۆکوەزیران بەربژێر دەکات و دواتر لە پەرلەمان متمانەی پێدەدرێت؛ زۆرینەی سوننەش سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشان دەکات. لێرەدا داواکارییەکە ئەوەیە کە زۆرینەی کورد دەبێت بەربژێری خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەستنیشان بکات”.
سەرۆکی حکومەت زیاتر ڕوونیکردەوە کە، لە سێ خولە یەکەمەکەی پەرلەمانی عێراقدا کورد بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی پشتیوانییان لە بەربژێرێک بۆ سەرۆککۆمار کرد، بەڵام "لە خولی پێشتردا بەداخەوە ئەو نەریتە تێکشکا؛ کەواتە سەرۆککۆماری عێراق کە دەبووایە لەلایەن زۆرینەی کوردەوە هەڵبژێردرێت پەیڕەو نەکرا، بە پێچەوانەوە لە پەرلەمان بەبێ کورد زۆینەیەکی شیعە هەڵبژاردنیان کرد و سەرۆککۆمارێکیان دەستنیشان کرد”.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی، ههموو كاتێك گهلی كورد ڕێزی له بڕیارهكانی لایهنه شیعه و سوننهكانی لهبارهی دیاریكردنی كاندیدهكانیان بۆ پۆستی سهرۆكوهزیران و سهرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق گرتووه، بۆیه كاتێك پهرلهمانی كوردستانیش تاكه كاندیدی كورد بۆ پۆستی سهرۆككۆماری عێراق دیاریدهكات، پێویسته حزب و لایهنه سیاسییهكانی عێراق ڕێز له بڕیاری پهرلهمانی كوردستان بگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.