جەستن ترودۆ ، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا، رایگەیاند، رێوشوێنی نوێی كۆچبەری دژ بە ئێران دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە و لەم چوارچێوەیەشدا 10 هەزار ئەندامی سوپای پاسداران بۆ هەمیشە چوونە ناو كەنەدایان لێ قەدەغە دەكرێت.
جەستن ترودۆ لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیران، كریستیا فریلاند، لە شاری ئۆتاوای پایتەخت، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشی ساز كرد و تیایدا ئەوەی خستەڕوو كە بڕیاری قەدەغەكردنی هاتنە ناو كەنەدا بۆ ژمارەیەك بەرپرسی ئێران كە ئەندامانی سوپای پاسدارانیش لەخۆدەگرێت، "قەدەغەیەكی هەمیشەییە".
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە بڕیارەكە لە پلەباڵاترین بەرپرسەوە دەستپێدەكات و نزیكەی لە سەدا 50ی سوپای پاسداران، دەگرێتەوە، گوتیشی: بەهێزترین كارتی فشارەكانمان بەكاردەهێنین بۆ رووخاندنی ئەم رژێمە بێبەزەییە. سزا بەهێزەكانی یاسای كۆچ و پاراستنی پەنابەران، تەنها بەرامبەر ئەو رژێمانە بەكاردێن كە هەستاون بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و كۆمەڵكوژیی".
جەستن ترودۆ ئاماژەی بەوەشدا كە لەپاڵ ئەم سزایەشدا وڵاتەكەی هەڵدەستێت بە فراوانكردنی ئەو سزایانەی پێشووتر خستبوونییە سەر ئێران، ئاماژەی بەوەشدا كە لەپێناو جێبەجێكردنی سزاكانی تایبەت بە "یاسای كۆچ و پاراستنی پەنابەران" كە لە رابردوودا بۆ كۆمەڵكوژییەكانی بۆسنا و رواندا بەكارهێنرابوو، هەروەها بۆ "بەهێزكردنی توانای كەنەدا بۆ جێبەجێكردنی سزاكان" بوودجەیەكی 76 ملیۆن دۆلارییان تەرخان كردووە.
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا گوتیشی: "ئەم بوودجەیە وا دەكات خێراتر بتوانین دەستبگرین بەسەر سامانی ئەو یەكانەی سزایان دەخرێتەسەر. هەروەها هاوكاری دابینكردنی پێویستییەكانی پۆلیسی ئەسپسواری شاهانەی كەنەدا و كردنەوەی نووسینگەیەكی نوێی تایبەت بە سەپاندنی سزاكانی فەرمانگەی كاروباری نێودەوڵەتیی كەنەدا دەكات".
لای خۆشییەوە جێگری سەرۆكوەزیرانی كەنەدا، كریستیا فریلاند جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی، ئێران لەسەر ئاستی دەوڵەت وەك رژێمێكی پاڵپشتی تیرۆر دەبینێت و سوپای پاسدارانیشی بە "رێكخراوی تیرۆریستی" ناو برد.
كریستیا فریلاند راشیگەیاند: "ئێران خاوەنی دەسەڵاتێكی ستەمكار و دژبە ژنە، سەركردایەتیی سوپای پاسدارانیش تیرۆریستن".
جێی وەبیرهێنانەوەیە رۆژی دووشەممەی رابردوو، حكوومەتی كەنەدا سزای نوێی بەسەر 25 بەرپرسی ئێرانی و نۆ دامەزراوەی ئەو وڵاتەدا سەپاند كە "پۆلیسی رەوشت"یشی لە نێودا بوو.
كەنەدا: بەهێزترین كارتی فشارەكانمان بۆ رووخاندنی رژێمی بێبەزەیی ئێران بەكاردەهێنین
10هەزار ئەندامی سوپای پاسداران بۆ هەمیشە چوونە ناو كەنەدایان لێ قەدەغە دەكرێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.