Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 20:23

خۆپیشاندان بەردەوامە.. شارەزایان پێشبینی دەكەن لەم نزیكانە رژێمی ئێران بڕووخێت

کوردستان TV
100%

شەهید بوونی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێرانی لێكەوتەوە كە گەورەترین تەحەدای ساڵانی ڕابردووی بۆ پیاوانی ئایینی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە دروست كردووە.
شارەزەیانی رۆژئاوا و ئێرانی پێیان وایە ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی كە گەیشتنە نزیكەی 140 شار و گوندی ئێران، ڕەنگە دواجار ببێتە هۆی ڕووخانی ئەو ڕژێمە ڕۆحانییە كە لە ساڵی 1979ەوە كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی كردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی هەواڵی "فۆكس"ی ئەمەریكا، خۆپیشاندەرانی ئێران بە دروشمی "مەرگ بۆ دیكتاتۆر" بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی پاوانخواز.
تۆڕەكە ئاماژە بەوە دەكات كە "بەپەلەترین پرسیار كە شارەزایان لەم كاتەدا دەیكەن ئەوەیە ئایا ئەم ناڕەزایەتیانە كۆتایی بەو دەسەڵاتە توندڕەویە دەهێنێت كە فەرمانڕەوایی وڵات دەكات؟". ڕژێم دەڕووخێنن.
لەوبارەیەوە لیزا دافتاری، پسپۆڕی كاروباری ئێران و سەرنووسەری ڕۆژنامەی زە فۆرین دێسك دەڵێت: "شێوازی ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە لە ڕێگەی خەڵكەوە دەبێت، هەمان ڕێگای هاتنە سەر دەسەڵات دەبێت".
دافتاری دەشڵێت، سەرەڕای دڕندەیی ڕژیم لە مامەڵەكردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان، دەبینین كە خۆپیشاندەران زیاتر لە جاران پاڵنەریان هەیە.
دافتاری ئاماژە بەوە دەكات كە "گەلی ئێران پەیامێك بۆ جیهان دەنێرێت كە توانای ئەوەیان هەیە بارگرانی ڕووخاندنی ڕژێم لە ئەستۆ بگرن، بەڵام پێویستیان بە یارمەتی هەیە".
ئەو پسپۆڕە لە كاروباری ئێران پێیوایە نابێت پاڵپشتی تەنیا لە لێدواندا قەتیس بێت، بەڵكو لەڕێی كاری رۆژئاوا كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكات، پاڵپشتی لە ئەركی دوورخستنەوەی رێژیمی ئێران بكات بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كەرتانەی كە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ رێژیمی ئێران دەكەن .
جگە لەوەش، دافتاری جەخت لەوە دەكاتەوە كە رۆژئاواش پێویستە دەستبەرداری دانوستانەكان بێت بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی كە ملیارەها دۆلار بە رژێمی ئێران دەبەخشێت.
لەلایەكی دیكەوە مریەم میمار سادقی، لە پەیمانگای ماكدۆناڵد لۆریەر لە كەنەدا، پێی وایە "خۆپیشاندەران نیشانیانداوە كە توانای ئەوەیان هەیە لە هەموو شارەكاندا بڕژێنە سەر شەقامەكان". گەورە و بچووك لە یەك كاتدا و زۆربەی بەشەكانی شارە گەورەكانی وڵاتەكە داگیر دەكەن." 
میمار سادقی دەشڵێت: "یەكگرتوویی گەلی ئێران لە دوای شۆڕشی 1357ەوە بێ وێنەیە.
هەروەها بێهنام بن تالبلو، پسپۆڕی بواری ئێران لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسییەكان گوتی: ڕۆژاوا ئەمڕۆ پێویستە پارە دابین بكات و پشتیوانی لە تاكتیكی پێویست بكات بۆ چالاككردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی.
ئەم تاكتیكانە بە گوتەی بێنتالێبلو بریتین لە "ناردن و دەستەبەركردنی ڕەقەكاڵای پێویست لە ئێران بۆ ئەوەی ئینتەرنێتی مانگی دەستكرد ببێتە واقیع، هەروەها دڵنیابوون لەوەی كە خۆپیشاندەران لە ئەگەری پچڕانی ئینتەرنێتدا توانای پەیوەندیكردنیان لەگەڵ یەكتردا هەیە، بەتایبەتی لە ڕێگەی مۆبایلەوە". 
بێنتالێب هەروەها داوای لە واشنتۆن كرد گەمارۆكان لەسەر نوخبەكان و بەرپرسانی رژێم لەسەر ئاستی نیشتمانی چڕتر بكاتەوە.
ڕاپۆرتی فۆكس لە كۆتاییدا دەڵێت :ئەو پرسیارەی ئێستا لە لایەن زۆرێك لە شارەزایانی ئێرانەوە دەكرێت، چیتر پەیوەندی بە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە كەی ڕوودەدات.
لەلایەكی دیكەوە دوای ئەوەی ئێران چەند رۆژێكی تاڕادەیەك ئارامی بەسەر برد، خۆپیشاندانەكان بۆ گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی كە لە رۆژدا دەستی پێ كرد، تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
ناوچەی تاران پارس كە لە تاران بە شوێنی موحافزكارەكان ناسراوە، بووە گۆڕەپانی خۆپیشاندان. خۆپیشاندەران بە سووتاندنی كۆنتێنەری زبڵ، رێگاكانیان بە رووی هاتوچۆدا داخست.
لەو دیمەنانەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیدا بڵاوكراوەتەوە، ژمارەیەكی زۆر خەڵك بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەی ناوچەی نازیئابادی تاران كردووە. لە كاتێكدا هێزە ئەمنییەكان دەستوەردانیان لە خۆپیشاندانەكانی پێشتردا دەكرد، هیچ دەستوەردانێكیان لەو خۆپیشاندانە قەرەباڵغەدا نەكرد.
لە كاتێكدا خۆپیشاندەران لە سێڕیانی ئازەری ئاگریان كردەوە و دروشمی دژبە حكوومەتیان دەوتەوە، هاوكات وێستگەی میترۆی شەقامی شەریعەتی كە هەموو رۆژێك ببووە گۆڕەپانی خۆپیشاندان، جارێكی دیكە بووەوە بە شوێنی چالاكی خۆپیشاندەران.
خۆپیشاندەران لە شەقامی ئەبوزەڕ تابلۆكانی حكوومەتیان سووتاند و لە زۆر شوێنی شاردا كۆنتێنەرەكانی زبڵیان سووتاند و بەربەستیان لەسەر شەقامەكان دانا.
خۆپیشاندانەكان لە زانكۆكان و زۆر شاری ئێران بەتایبەتیش تارانی پایتەخت تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
لەلایەكی دیكەوە، ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران لە هەواڵێكیدا باسی لەوە كرد لەو رووداوانەی دوێنێ ئێوارەدا ئەندامێكی بەسیج بە ناوی سەلمان ئەمیر ئەحمەدی لە 17مین ناوچەی تاران بەهۆی بەركەوتنی زەبر بە سەریدا برینداربووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
لە تارانی پایتەخت كە رێوشوێنی ئەمنی زۆر گیراوەتە بەر لە رۆژانی رابردوودا، زۆرینەی خۆپیشاندەران خوێندكارانی ئامادەیی و زانكۆكان بوون، لەگەڵ ئەوەشدا پاش ئەو بانگەوازانەی كران سەرلەنوێ خۆپیشاندانی بەرفراوان گۆڕەپانەكانی گرتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.