ڕۆژی یەكشەممە 9ـی تشرینی یەكەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارتین یێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە كلاوس شترایشەر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین هەوڵەكان بۆ كۆتاییهاتنی بنبەستی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گەڵاڵەنامەی نێوان لایەنە كوردی و سووننە و چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختی لەوە كردەوە كە ئەو گەڵاڵەنامەیە لەسەر بنەمای دەستوور بەستراوە.
لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا وێڕای ئیدانەكردنی پەلاماری هێزەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل، ئەوەشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و خوازیاری ئەوە بوو لە ئاییندەدا ئەو پەیوەندییانە پەرەی پێ بدرێت بە تایبەت لە بواری بازرگانی. ئەوەشی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی لایەنگری ئەوەیە مافەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا بدرێت.
گۆڕانی كەشوهەوا و قەیرانی كەمئاوی لە ئاستی جیهانیدا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو.
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.