بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، کۆتاییهاتن بە بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر ماددە خۆراکییەکان کاریگەریی نەرێنی نەبووە و کەلوپەلی خۆراکی گران نەکردووە و گرنگیشە چاودێریی بازاڕ بکرێت بۆ ئەوەی بازرگانان ئەو بڕیارە بۆ خۆیان نەقۆزنەوە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی کۆتایی بە بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی هات لەسەر ماددە خۆراکییەکان، ئەو بڕیارە بەڕای من کاریگەریی لەسەر گرانبوونی کەلوپەلی خۆراکی نابێت، چونکە لە ماوەی ئەو چەند مانگەی لێخۆشبوونی گومرگی هەبوو کەلوپەلێکی زۆری خۆراک لەلایەن بازرگانانەوە هاوردە کراوە، بۆیە نرخەکان بەرز نابنەوە.
گوتیشی: گرنگە چاودێریی بازاڕ بکرێت بۆ ئەوەی بازرگانانیش ئەو هەلە نەقۆزنەوە و کەلوپەلەکان گران بکەن لە بازاڕ.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەلی خۆراک گران نەبێت، بڕیاری لێخۆشبوونی گومرکیی دا لەسەر 14 ماددەی خۆراک و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا کۆتایی بەو بڕیارە هات .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.