Erbil 38°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 12:03

سه‌رۆكی هه‌رێم و باڵيۆزى فه‌ره‌نسا: عێراقییه‌كان شایانی ژیان و داهاتوویه‌كی باشترن

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵيۆزى فه‌ره‌نسا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌ میانه‌ی دیدارێكدا جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ عێراقييه‌كان شايانى ژيان و داهاتوويه‌كى باشترن و ده‌كرێ به‌ يارمه‌تى و هاريكاريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنن.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌م له‌‌ هه‌ولێر، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ ئێريك شۆڤاليێ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق، دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسى له‌ عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌وشی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان، پرسی‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌کان و دۆخى ناوچه‌كه‌يان به‌ گشتى تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا گرینگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌منيى عێراقيان بۆ سه‌قامگيريى ته‌واوى ناوچه‌كه به‌ پێويست زانى و جه‌ختيان له‌ پێكه‌وه‌كاركردنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كانى قۆناغه‌كه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ پشت به‌ گفتوگۆى بنياتنه‌رانه‌ و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوانيان ببه‌سترێت.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ عێراقييه‌كان شايانى ژيان و داهاتوويه‌كى باشترن و ده‌كرێ به‌ يارمه‌تى و هاريكاريى دۆستان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنن. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ تيشك خرايه‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك ماكرۆن و فه‌ره‌نسا له‌ يارمه‌تيدان و هاندانى لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان بۆ لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گرینگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دۆخی شه‌نگال، بارودۆخی ئێزدییان، خواستى دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌ورێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.