Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 02:21

یونامی: عێراق کاتێکی کەمی لەبەردەستدا ماوە

کوردستان TV
100%

نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی 10ـی 2022 دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی عێراق ڕایگەیاند، ئێستا کاتی کردارە و عێراق کاتێکی کەمی لەبەردەستدا ماوە.

لە ڕاگەیەنراوێک نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (UNAMI) پەیامێکی لەسەر تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق بڵاو کردۆتەوە و تێیدا هاتووە کە "ساڵێك لەمەوبەر، عێراقییەکان بە ئومێدی هێڵکاری داهاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنێکی بە زەحمەت بوو، بەهۆی فشارە گشتیەکانی خۆپێشاندانەکانی سەرتاسەری وڵاتەوە هاتە ئاراوە کە تێیدا سەدان گەنجی عێراقی گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربوون."

هەروەها ئەوەش هاتووە کە "بەداخەوە ئەم هەنگاوە دیموکراسییە سیاسەتی دابەشکەری بەدوای خۆیدا هێنا و بێهیوایییەکی تاڵی گشتی بەدوای خۆیدا هێنا."

یونامی جەخت دەکاتەوە کە "ئەمڕۆ عێراق کاتێکی کەمی لەبەردەستدا ماوە. قەیرانی درێژخایەن ناسەقامگیری زیاتر دێنێتە کایەوە و ڕووداوەکانی ئەم دواییەش بەڵگەی ئەوەن. جگە لەوەش مەترسی لەسەر بژێوی خەڵک دروست دەکات. پەسەندکردنی بووجە بۆ ساڵی 2023 پێش کۆتایی ساڵ زۆر گرنگە."

ئاماژەی بەوەش داوە کە "لە چەند هەفتە و مانگی ڕابردوودا هەوڵی بێوچان درا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان دەست بە هەنگاونان بەرەو سەقامگیری سیاسی بکەن، بەڵام بێئەنجام بوو. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چینی سیاسی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و وشە لەگەڵ کرداردا بگونجێنێت."

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی لەوەش کردووە کە "پێویستە هەموو لایەنەکان بەبێ مەرجی پێشوەختە بەشداری لە دیالۆگدا بکەن. لەڕێگەی سازانەوە دەبێت بەکۆمەڵ لەسەر دەرەنجامە سەرەکییەکان ڕێکبکەون بۆ دووپاتکردنەوەی وتەکانیان، کە خزمەتکردنی پێداویستییەکانی گەلی عێراقە و دامەزراندنی حکوومەتێکی تەواو بەهێز و کاریگەرە، ئێستا کاتی کردارە."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.