Erbil 38°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 17:46

بڕیار لەسەر به‌ كوردی نووسینی بڕیاری دادگەكان درا

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان  بۆ یەکخستنی زمانی دادگەکان بڕیاری لەسەر به‌ كوردی نووسینی بڕیاری دادگەکان دا.

لە ڕاگەیەنراوێک ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان ڕایگەیاند: به ‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی زمانی دادگەكان، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا به‌ (به‌ كوردی نووسینی بڕیاری دادگەكان) له‌ گشت دادگەكانی هه‌رێمی كوردستان.

ڕاشیگەیاند: ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا له‌ ڕۆژی 26ـی 09ـی 2022 به‌ پشتبه‌ستن به‌ (ماده‌ 6 له‌ یاسای ژماره‌ 23ـی ساڵی 2007)ـی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و هه‌روه‌ها (ماده‌ 6ـی یاسای ژماره‌ 6ـی ساڵی 2014)ـی زمانه‌ فه‌رمییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری دا به‌ (به‌كوردی نووسینی بڕیاره‌كانی دادگە و هه‌موو ئه‌و ڕێكاره‌ دادوه‌رییانه‌ی كه‌ له‌ دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێن، ته‌نیا له كاتی پێویست به‌ زمانی عه‌ره‌بی بنوسرێت).

ئاماژەی بەوەش دا کە بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، دوای زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ئه‌كادیمیای كوردی هات، كه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌، لایه‌نه‌كانی ناوبراو سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی فه‌رهه‌نگێكی یاسایی یه‌كگرتووی كوردین بۆ یه‌كخستنی زمان و ده‌سته‌واژه‌ یاساییه‌كان كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و نوێنه‌رایه‌تی هه‌ریه‌ک له‌ په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی داد و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و ئه‌كادیمیای كوردی به‌ڕێوه‌ ده‌چن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.