Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 00:34

دەستەی مافەکانی مرۆڤی ئێران: ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئێران گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ 185 کەس

کوردستان TV
100%


دەستەی مافەکانی مرۆڤی ئێران (IHR) رایگەیاند کە ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لەو خۆپیشاندانانەی شەقامدا کە پاش گیانلەدەستدانی مەهسا (ژینا) ئەمینیی سەریانهەڵداوە لە ئەنجامی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکاندا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ 185 کەس.

لە راپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی دەستەی مافەکانی مرۆڤی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە کە ناوەندەکەی لە نەرویجە، زانیاری خراوەتەڕوو سەبارەت بەو خۆپیشاندانانەی ماوەی سێ هەفتەیە لە ئێران درێژەیان هەیە.

دەستەی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە راپۆرتەکەیدا زانیاری سەبارەت بە ئاماری 17 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگای وڵاتەکە خستووەتەڕوو، ئاماژەیش بەوە کراوە کە زۆربەی زیانە گیانییەکان لە پارێزگا سێستان-بەلۆچستان بووە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی سوننە مەزهەبە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە 90 کەس لە پارێزگای سێستان-بەلۆچستان، 27 کەس لە مازەندەران، هەر یەکێک لە گیلان و ئازەربایجانی خۆرئاوا 12 کەس، لە هەریەکە لە تاران و کوردستان هەشت کەس، لە کرماشان حەوت کەس، لە ئەلبورز پێنج کەس، لە خوراسانی رەزەوی سێ کەس، لە ئەسفەهان، قەزوین، کۆھگیلوویە و بۆیەر ئەحمەد، زەنجان و ئازەربایجانی خۆرهەڵات یەکی دوو کەس، لە هەر یەک لە ئیلام، بوشێهر و سەمنان یەک کەس گیانیان لەدەستداوە.

جەخت لەسەر ئەوەیش کراوەتەوە کە تەمەنی 19 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە خوار 18 ساڵەوەیە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە لەو خۆپیشاندانانەی شەقامدا کە پاش گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی سەریانهەڵداوە، تا ئێستا تێکڕا 21 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە، کە سەربازانی سەربە سوپای پاسداران، کارمەندانی یەکەی هەواڵگریی و ئەندامانی بەسیجیان لەنێودایە و زیاتر لە 200 کارمەندی ئەمنی ئەو یەکانەش برینداربوون.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی فارس کە بە نزیکی لە سوپای پاسداران ناسراوە لە خۆپیشاندانەکاندا، 15 ئۆتۆمبێلی پۆلیس، 70 وێستگەی میترۆ، 170 میترۆپاس، 323 لقی بانک، 85 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و 30 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە، جێگری پارێزگاری بوشێهر، ئەکبەر پورات بڵاوی کردەوە ئەو کەسانەیان دۆزیوەتەوە کە لە شارەکەدا رابەرایەتی خۆپیشاندانەکانیان کردووە و زیاتر لە 200 کەسی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامیان دەستگیرکردووە.

- خۆپیشاندانەکانی ئێران

رۆژی 13ی ئەیلوولی رابردوو، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" مەهسا (ژینا) ئەمینیی تەمەن 22 ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە رۆژی 16ی هەمان مانگ لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.

مەهسا (ژینا) ئەمینیی رۆژی 17ی ئەیلوولی رابردوو لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروستبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.

کەناڵی فەرمی ئێران لە 24ی ئەیلوولی رابردوو، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان 41 کەس لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیشیان لەنێودا بووە، بەڵام روانگەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە بڵاوی کردووەتەوە کە لە ئاکامی خۆپیشاندانەکان لانیکەم 154کەس گیانیان لەدەستداوە. هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.