لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی هەسار و بەپێی پلانێكی ستراتیژی تاوەكو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار لە شاری هەولێر دەچێنرێن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ دووشەم پێشوازی لە گەشبین ئیدریس جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی هەسار بۆ زانستی زەوی و نەوزاد ئیبراهیم بەڕێوەبەری کۆمپانیای شاماران كرد.
لە دیدارەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە ڕێگەی چاندنی دار و نەمام و دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێردا و جەختی كردەوە حكوومەت بەپێی پلان كار بۆ پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكات.
لە بەشێكی تری گفتوگۆكەدا شاندی میوان پێشنیازی جێبەجێكردنی پلانێكی ستراتیژیان خستەڕوو كە دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندارەكان تاوەكو ساڵی 2030 زیاتر لە 100 ملیۆن دار كە زۆربەیان داربەڕوون لە سنووری شاری هەولێر بچێنن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی شاندەكە كرد و جەختی كردەوە ئەو پلانە بۆ خزمەتكردنی كوردستان لە ڕووی زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا زۆر پێویستە بە تایبەتی چاندنی داربەڕوو كە یەكێكە لە سیمبۆلەكانی سروشتی كوردستان و ئەوەی لەلایەن حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشەوە پێویست بێت بۆ سەرخستنی پلانە ستراتیژییەكە، هاوكار دەبین لە دابینكردنی زەوی لە پشتێنەی سەوزایی و پارك و باخچە دروستنەكراوەكان و هاوكات لە قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژییە چاودێر دەبین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.