Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 10:30

گەورەترین پاركی شوێنەواریی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

بێكەس بریفكانی ، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك، رایگەیاند: لە ساڵی 2019 بە هاوكاری زانكۆی ئودونی ئیتاڵیا چەندین كاری لێكۆڵینەوەی شوێنەوارییمان لە دەڤەری فایدە ئەنجام دا و بە نیازین لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، گەورەترین پاركی شوێنەواریی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە سنووری پارێزگای دهۆك و لە ناوچەی فایدە بكەینەوە كە پێنج شوێنی شوێنەواریی گرنگ دەكەونە ناو ئەو پاركەوە كە بریتین لە شوێنەوارەكانی خنس، جەروانە، بەندەوایە، فەیدی و ئەشكەوتی هەڵامەت. پرۆژەكە تەنیا پارك نابێت، بەڵكوو لەناو پاركەكەدا سەنتەرێكی رۆشەنبیری گەورەش دروست دەكرێت و مۆزەخانە و تابلۆی شرۆڤەكردنیشی تێدا دادەنرێت.


بریفكانی ئاماژە بەوەشكرد كە رووبەری ئەو پاركەی ناحیەی فایدە كە نزیكەی 20 كیلۆمەتر لە باشووری سەنتەری پارێزگای دهۆك دوورە، 130 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ئەو ‌شوێنەوارەی دۆزراوەتەوە لە 13 نەخشی هەڵكۆڵراو پێكدێت، هەر نەخشەیەك درێژیەكەی چوار بۆ پێنج مەترە و بەرزییەكەشی مەترێك و 80 سم تاوەكو دوو مەتر بووە، وێنەی خوداوەند و شاكانی لەسەرە كە مێژوویەكەی بۆ سەدەی هەشتی پێش زایین دەگەڕێتەوە كە ئەو كات كەمئاوی پەیدابووە لە پایتەختی ئاشوورییەكان لە نەینەوا، بۆیە شا سەنحاریب پێشی دوو هەزار و 800 سەد ساڵ هەوڵیداوە ئاو بگەینێتە ئەم ناوچەیە و بۆ مەرامی كشتوكاڵیش سوودی لێوەربگیرێت كە درێژاییەكەی 100كم بووە و بەشێكی ئەو ئاوەش لە خنسەوە دەستی پێ كردووە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك ئاماژەی بەوەشكرد "ئەم پاركە دەبێتە مایەی ناساندنی ئەو شارستانییەتەی لە پارێزگای دهۆك هەبووە و كەرتی شوێنەوار و كەلوپووریش دەچێتە قۆناغێكی دیكەوە، چونكە بێجگە لەم پاركە ئێستا كار لەسەر چەندین شوێنی تری شوێنەواری دەكەین وەكو كنیشتی حزقێل لە گوندی شووش و دەرگای ئامێدی و قوتابخانەی قوبەهان و شوێنەواری چوار ستوون و ئێستا دەستمان كردووە بە دروستكردنی رێگای پیادە بۆ شوێنەواری چوار ستوون كە دەكەوێتە ناو گەلی دهۆك، رێگای پیادە تاوەكو كێلیەی شەداش دەگەیێنین، رێگاكە رووناك دەكەین و چوار ستوونیش نووژەن دەكەینەوە و سێكیۆرتیش بۆ دادەنیێن كە دیمەنەكێ جوانتر دەداتە شاری دهۆك و گەشتیارێكی زووریش ڕووی تێدەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك تاوەكو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار شوێنی شوێنەواریی لە سنووری پارێزگاكە تۆماركردووە. كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە 900 ملیۆن دیناری تەرخانكردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی و پاراستنی شوێنەوارەكانی هەرێمی كوردستان.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.