Erbil 38°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 02:13

وادەی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

کوردستان TV
100%

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی 10ـی 2022 ڕایگەیاند، حکوومەتی فیدراڵی عێراق تاوەکو 20 ڕۆژی دیکە نەوتى سپی بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت.

فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتی حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، لەسەر پرسى نەوت و هەناردەکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بەنزین و نەوتى سپى له‌لایەن حکوومەتى فیدراڵییەوە، ڕایگەیاند: بەپێی ڕێککەوتنى هەولێر و بەغدا، دەبێت تاوەکو 20 ڕۆژى دیکە ئەو بەشە نەوتە بگاتە هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند: بەپێى بڕیارى ژمارە (169)ـی ڕێکەوتى 07ـی 09ـی 2022 ئەنجوومەنى وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی دیکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەر لە هاتنی وەرزى زستان و بە خێرایی کێشەى نەوتى سپى و سووتەمەنى بە گشتیى، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی چارەسەر بکەن.

فارس عیسا هەروەها گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان، لە ڕێکەوتى 20ـی 09ـی 2022 لەگەڵ هەر یەک لە د.ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت و د.حامد یونس ئەلزەوبەعی، بریکارى وەزارەت کۆبووینەوە، تاوەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 257 ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی سپی لە حکوومەتی فیدراڵی بکڕێت و بۆ هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان 200 لیتر دابین بکات.

لە میانی سەردانى مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ هەرێمى کوردستان، سەرۆکى حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگرى لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانیش وەک سەرجەم هاووڵاتییانى دیکەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت لەڕووى دابینکردنى نەوت و گاز و بەنزینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی جوگرافى لەبەر چاو بگیرێت، چونکە کوردستان ناوچەیەکى شاخاوییە و زستانى ساردە و پێویستییەکانى سووتەمەنى زیاترن. لای خۆیەوە مستەفا کازمی، دڵنیایی داوەتە سەرۆکى حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پشکى هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

فارس عیسا ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارچێوەى ڕێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی پێیان راگەیاندین پشکى هەرێمی کوردستان تا سەرى مانگ، واتە تاوەکو 20 ڕۆژى دیکە دابین دەکرێت و پڕۆسەکە لە 15ـی 10ـی ئەمساڵ، دەست بە هەناردەکردنى ئەو بڕە سووتەمەنییە دەکرێت، بە ئومێدی ئەوەی وەک ساڵانى پێشووی لێ نەیەتەوە کە لە کۆی 257 ملیۆن لیتری ساڵانە، کەمتر لە 65 ملیۆن لیتر بۆ هەرێم نێردرا.

شایەنى باسە، پێشتر بە بەهاى بازرگانى نەوتى سپى دەدرایە هەرێمى کوردستان و بۆ هەر لیترێک 400 دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا داوا کراوە وەک هاووڵاتییانى دیکەى عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەم بەهایە بکرێت و بۆ هەر لیترێک 150 دینار وەربگیرێت و لە کۆبوونەوەى هەردوو سەرۆک وەزیرانى هەرێم و بەغداش ئەمە پەسەند کراوە و جێبەجێکردنەکەشى وەستاوەتە سەر بەغدا، چونکە لە ساڵی 2021دا لەسەر هەمان بڕ ڕێكکەوتن کرابوو، کەچى حکوومەتى فیدراڵی سەرەڕاى وەرگرتنى پارەکە، نەوتەکەشی نەنارد و تەنیا نێزیکەی 10 ملیۆن لیترى بۆ خەڵکى هەرێمی کوردستان نارد و ئێستا 9 ملیار و 268 ملیۆن دینارى هەرێمی کوردستان لایی وەزارەتی نەوتى فیدراڵە.

فارس عیسا هەروەها جەختی کردەوە کە یەکێک لە کاری هەرە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زامنکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمە و لەو بابەتەشدا پێشەنگ بووە و کاری پێویستی وەک ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێگەیاندووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.