Erbil 38°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 02:22

زۆرترین پڕۆژەى خزمەتگوزرایى لە سنوورى هەولێر ئەنجام دراوە

کوردستان TV
100%

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا زۆرترین پڕۆژەى خزمەتگوزرایى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجام دراوە و بۆ ساڵانى داهاتووش بەهەمانشێوە پلان و بەرنامەى ئامادەکراومان لە بەردەستدایە.

ئەمڕۆ سێشه‌ممە 11ـی 10ـی 2022 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، بە ئامادەبوونی جێگرانی پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار، لەدیوانى پارێزگا، سەرپەرشتى کۆبوونەوەیەکى تایبەتى کرد لەگەڵ سەرجەم قائیمقام و بەرێوەبەرە گشتییەکان و بەرێوەبەرانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر.

پارێزگارى هەولێر لەبارەى ئەنجامدان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022-2023، ڕایگەیاند: وەکو ئیدارەى خۆجێیى هەولێر بە شانازییەوە لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆربەى ئەو شوێنانەی کە پێویستى کردووە لە گەڕەکە هەژارنشینەکان، کۆمەڵگە، ناحییە و قەزا و گوندەکان بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەی شار پلانمان داڕشتووە و دەستمان بە ئەنجامدانى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کردووە، لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردووشدا زۆرترین پڕۆژەى خزمەتگوزرایى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجام دراوە، بۆ ساڵانى داهاتووش بەهەمان شێوە پلان و بەرنامەى ئامادەکراومان لە بەردەستدایە لەو هەموو ئەو شوێن و جێگەیەنەوە ده‌ست بە پڕۆژه‌ و كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانمان دەکەین كه‌ كه‌مترین ده‌ستى ئاوەدانى و خزمه‌تگوزارییان پێگه‌یشتووه‌ یان له‌ ڕابردوودا نه‌توانراوه‌ وه‌ک پێویست خزمه‌تیان بكرێت.

سەبارەت بە مەترسییەکانى ڕوودانى لافاو و زیانەکانى و چارەسەرکردنى هۆکارەکانى پارێزگارى هەولێر بڕیاری دا دەبێت بەردەوامى بدرێت بە پڕۆسەى پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس و کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان، کە دەبنە هۆکارى کۆبوونەوەى ئاو و مەترسى دروستبوونى لافاو.

پاشان بەشێوەیەکی گشتیی چه‌ند پرسێكی دیکەى گرنگ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، له‌وانە ڕێگرى کردن لە ئەنجامدانى زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتیی، پڕۆژە تەواونەکراوەکان، چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى خزمەتگوزارییەکانى (کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودێری، خزمەتگوزاریی گواستنەوە و گەیاندن، بایەخدان و پەرەپێدانى زیاتر بە کەرتی تەندروستیى و پەروەردە، هەروەها جەخت لە سەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاى هەولێر کرایەوە.

پارێزگارى هەولێر هەروەها دووپاتى لە کارکردنى یەک تیمى سەرجەم قائیمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیی و فەرمانگە حکومییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە و ڕایگەیاند: ئامانجى سەرەکى ئێمە خزمەتکردنى هاووڵاتییانە، هەموو ئەو کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى کە لە جێبەجێکردان، یان ئەو پڕۆژانەى لەنێو بەرنامە و پلانى کارەکانماندایە، مەبەست خزمەتکردنى هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمانە، لەو پێناوەشدا وەکو پارێزگاى هەولێر بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین، ئێوەش نابێت بەهیچ شێوەیەک درێغى بکەن لەکارەکانتان و کەم و کوڕى هەبێت لە ئەرکەکانتان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.