ئێواره‌ی رۆژی 6 ی ئه‌و مانگه له كۆشكی كۆنسرتۆی سه‌نته‌ری ئه‌كادیمیای سویدی، له‌كۆی كۆمه‌ڵێك ئه‌دیبی كاندیدكراو، بڕیاردرا خه‌ڵاتی نۆبڵی بواری ئه‌ده‌ب بۆ ئه‌و ساڵ به (ئانی ئیرنۆ) ببه‌خشرێ. به‌وه‌ش ناوبراو له‌مێژووی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه بوو به‌یه‌كه‌م ئافره‌تی فه‌ره‌نسی و شانزده‌مین نووسه‌ری ئه‌و زمانه، ئه‌و خه‌ڵاته گه‌وره‌یه‌ی پێبدرێت. لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین ساڵی 1901 یه‌كه‌م خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی به (سولی پرودۆم) ی فه‌ره‌نسی به‌خشرا. لێژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ئیرنۆیان بۆ (ئازایه‌تی و لێهاتوویی بابه‌تیانه له خستنه‌ڕووی پرسه‌كانی ره‌گ و نامۆبوون و به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و یاده‌وه‌ری كه‌سی گه‌ڕانده‌وه. به‌و بڕوایه‌ی ناوبراو به‌رده‌وام له‌گۆشه‌نیگای جۆراوجۆری ژیان ئه‌و شتانه‌ی خستۆته‌ڕوو كه تایبه‌تن به زمان و ره‌گه‌ز و چین و هه‌موو ئه‌وانه‌شی به‌زمانێكی ساكار و پاك ده‌ربڕیوه). ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ردا خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه شه‌ڕه‌فێكی گه‌وره و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه.
شایانی ئاماژه بۆ كردنه له‌كۆتایی سه‌ده‌ی رابردوو و سه‌ره‌تای ئه‌و سه‌ده‌یه، ئیرنۆ له‌هه‌موو ژنه نووسه‌رێكی فه‌ره‌نسی زیاتر ده‌ستی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی ئه‌و وڵاته داگرتووه. به‌ڕۆمانه كاریگه‌ره‌كانی كه له‌چوارچیوه‌ی ئۆتۆبایۆگرافیدان، واتا زنجیره‌ی به‌دوایه‌كداهاتووی یاداشتی تایبه‌تی خۆی و ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌ی، جیهانێكی وروژێنه‌ر و كاریگه‌رانه‌ی پێشكه‌شكردووه. ناوبراو ده‌زانێت چۆن كه‌ش و هه‌وای بێهاوتا دابڕێژێ و به‌ستایلێكی تایبه‌ت و جیاوازیش، نهێنییه‌كانی ده‌روون و ئه‌ندێشه‌ی خۆی بخاته‌ڕوو. به‌و رێڕه‌وه‌ش توانی ره‌وتێكی نوێ له‌نووسینی رۆمانی فه‌ره‌نسی دابهێنێ. كه به (ئه‌ندێشه‌كردنی خودی Auto Fiction) ناسراوه و به‌هۆیه‌وه ریشاڵی ئه‌ده‌بی له‌ژیاننامه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت و به‌ستایلێكی ورد و ساكاری دوور له‌زیاده‌كاریش دایده‌ڕێژت. به‌وه‌ش هه‌وڵیداوه خوێنه‌ر له‌كێشه‌ی خودی رزگاربكات.
ئانی دوچیسن Annie Duchesne ناسراو به‌ئانی ئیرنۆ Annie Ernaux رۆژی 1 ی ئه‌یلولی ساڵی1940 له‌گوندێكی بچوكی شاری لیلوبۆنی وڵاتی فه‌ره‌نسا هاته‌دونیا. كاتێك ته‌مه‌نی گه‌یشته پێنج ساڵی خێزانه‌كه‌یان بۆ شارێكی بچوكی هه‌رێمی نۆرماندی گواستییانه‌وه كه ئه‌وسا جه‌نگ وێرانیكردبوو. له‌وێدا ژیانی سه‌خت و كوله‌مه‌رگییان به‌سه‌ربرد. دواتر له‌قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ژنه راهیبه‌كان، خوێندنی سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندی ته‌واوكرد. ئینجا له‌زانكۆی روان ئادابی خوێند. پاشان وه‌ك مامۆستای زمان و ئاداب له‌چه‌ندان دامه‌زراوه‌ی گشتی كاری كرد.
ساڵی 1974 رۆمانی (كۆگا به‌تاڵه‌كان Les Armoires vides) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه كه تایبه‌ته به‌باری ده‌روونی كچه پاڵه‌وانێك به‌ناوی ده‌نیس لوسۆری، تێیدا به‌وردی و راشكاوی روماڵی باری ده‌روونی خۆی كردووه كه له‌ڕووداوێكی تاڵ له‌ته‌مه‌نی بیست ساڵی، له‌و كاته‌ی قوتابی زانكۆ بوو به‌سه‌ریدا هاتبوو، ئه‌ویش له‌باربردنی كۆڕپه‌ڵه‌كه‌ی بوو كه له‌ئه‌نجامی پێوه‌ندییه‌كی ناشه‌رعی له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كی هاوڕێی رووی‌دابوو. ئه‌و له‌باربردنه‌ی به‌نهێنی ئه‌نجامدا بوو كه به‌هۆیه‌وه دووچاری هه‌وكردنی تووندببوو. به‌و كاره نه‌ك ته‌نیا جه‌سته‌ی به‌ڵكو گیانیشی ئازاری زۆری كێشابوو. له‌و به‌رهه‌مه‌شیدا ساته تاڵ و ئازاره سه‌خته‌كانی هێناوه‌ته‌وه پێش دیده كه خوێنه‌ر ده‌وروژێنێ. زۆر لێزانانه‌ش گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو یادگارییه‌كانی سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری كه ئه‌وسا له‌ناوه‌ندێكی وه‌ها ده‌ژیا. له‌ناوه‌ندی كچه هاوڕێكانی قوتابخانه‌ی نه‌ده‌چوو، كه ئه‌وان ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و ئه‌ویش ئیره‌یی پێده‌بردن.
ساڵی 1977 رۆمانی (ئه‌و شتانه‌ی به‌ر له‌هه‌موو شتێكه‌وه ده‌یانڵێین Ce qu'ils disent ou rien) و ساڵی 1981 رۆمانی (ئافره‌تی سه‌هۆڵی La Femme gelée) بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌ی دواییدا سه‌رده‌می منداڵی و هه‌رزه‌كاری و پێگه‌یشتنی خۆی له‌ناوه‌ندی خێزانێكی مامناوه‌ند و خوێندنی له‌زانكۆ و رواڵه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌ری خستۆته‌ڕوو. هه‌روه‌ها هه‌وڵدانی بێوچانیشی له‌پێناو رزگاربوون له‌ڕۆتینییه‌كان نیشانداوه كه له‌كۆتایدا ملی بۆ كه‌چ ده‌كات. واته به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و به‌رهه‌مه‌شدا باسی ئه‌وه ده‌كات چۆن پاڵه‌وانه‌كه‌ی، دوای ئه‌وه‌ی ئومێدی به‌هیچ شتێك نامێنێ، ده‌بێت به‌ژنێكی چه‌قبه‌ستوو.
دوای سه‌ركه‌وتنی ئه‌و به‌رهه‌مانه ئیرنۆ زیاتر چووه ناو یاده‌وه‌ری رۆژانه‌ی رابردووی و ئه‌و لایه‌نه بوو به‌سه‌ره‌كیترین پێكهێنه‌ری ئه‌ده‌به‌كه‌ی. ساڵی 1983 رۆمانی (شوێن La Place) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌شیان ئۆتۆبایۆگرافییه و تێیدا جه‌ختی له‌پێوه‌ندی نێوان خۆی و باوكی كردووه. كچه پاڵه‌وانه‌كه‌ی ناوی به‌رده‌وام یادگارییه‌كانی له‌گه‌ڵ باوكی و پێوه‌ندییه به‌تینه‌كه‌ی نێوانیان ده‌هێنێته‌وه پێشچاو. سه‌ره‌تا ئاماژه به‌وه ده‌كات، باوكی چۆن وه‌ك كرێكارێكی ساكار ده‌ژیا و دواتریش له‌ناو هه‌ژاران و كرێكاران چۆن رووبه‌ڕووی سه‌ختییه‌كان ده‌بۆوه كه له‌پێناو چاككردنی باری ژیان هه‌وڵی زۆری ده‌دا. ئه‌و رۆمانه به‌قه‌باره بچوكه، به‌ڵام كاریگه‌ره. سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی تۆماركرد و ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌شی هه‌بوو. به‌هۆیه‌وه خه‌ڵاتی ریناودۆی پێبه‌خشرا. له‌پێشه‌كیه‌كه‌یدا ئیرنۆ نووسیویه‌تی (ئه‌و به‌رهه‌مه زاده‌ی ئه‌و ئازارانه‌یه كه له‌ماوه‌ی هه‌رزه‌كاری چێشتم. ئه‌و كاته‌ی خوێندن ناچاری كردم تێكه‌ڵی كچانی وه‌ها بم كه له‌چینی بۆرجوازی بوون، واتا دووركه‌وتنه‌وه له‌باوك و ژینگه‌كه‌م). ئه‌نتۆنی كۆردییه‌ی ده‌رهێنه له‌ناوره‌ۆكی ئه‌و رۆمانه فیلمێكی ده‌رهێناوه.
ساڵی 1988 رۆمانی (ئافره‌ت Une femme) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌یان كه وه‌ك پۆرترێت وایه بۆ دایك، تێیدا ژیان و یادگارییه‌كانی دایكی و ئازار و خه‌ونه‌كانیشی خستۆته‌ڕوو. كه تۆپه‌ڵه‌یه‌كه له‌هه‌ست و ئازار و سۆز. ساڵی 1991 رۆمانی (فریودانی ئاسان Passion simple) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه له‌ئه‌ده‌بی ئیرۆسی فه‌ره‌نسی به‌كارێكی دیار و جیاواز داده‌نرێت. له‌ناوی دا لێهاتووانه ورده‌كارییه‌كانی هه‌ستی خۆشه‌ویستی و به‌ركه‌وتنی به‌نائاماده‌یی و پێوه‌ندی بڕینی خستۆته‌ڕوو و به‌خوێنه‌ریش ده‌ڵێت : "سۆزی گه‌وره تا سه‌ر به‌رده‌وام نابێت. ره‌فتاری هه‌رزه‌كاریش له‌هه‌ر كاتێكدا بێت ده‌توانی به‌سه‌ریدا زاڵبیت". هه‌روه‌ها به‌وردی و زۆر لێزانانه و به‌زمانێكی بارگاوی و دوور له‌په‌راوێزیش, وێنه‌ی ژیانی كچێك و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوڕێك كێشاوه. كوڕه‌كه كه‌سێكی نامۆیه كه له‌وڵاتێكی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات هاتووه. به‌ڵام كچه‌كه, هه‌موو جیهان له‌دیدگای پێوه‌ندییه‌كه‌ی به‌و كوڕه ده‌بینێ. واتا ده‌خوا و ده‌خواته‌وه و ده‌نوێ و به‌ئاگادێته‌وه و كارده‌كات و ده‌ژیه‌ت و هه‌موو ئه‌و كارانه, له‌به‌ر تارمایی ئه‌و پیاوه ئه‌نجامده‌دات و به‌بێ ئه‌ویش ناژیه‌ت. ئه‌و ناوه‌رۆكه كراوه‌ته فیلمی سینه‌مایی و دانییل ئاربید ده‌ریهێناوه.
Kamaran
Kamaran Haji
ساڵی 1993 رۆمانی (رۆژه‌كانی ده‌ره‌وه Journal du dehors) ی بڵاوكرده‌وه. له‌ناوی دا یاده‌وه‌رییه‌كانی ناو كه‌ش و هه‌وای جۆراوجۆری وه‌ك شه‌قام و گازینۆ و میترۆ و نه‌خۆشخانه و شوێنی دیكه‌ی كراوه‌ی تۆماركردووه. ساڵی 1997 رۆمانی (له‌شه‌وه‌كه‌م ده‌رناچمJe ne suis pas sortie de ma nuit ) ی بڵاوكرده‌وه. تێیدا جارێكی دیكه گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر یادگارییه‌كانی تایبه‌ت به‌دایكی و نه‌خۆشكه‌وتنی پێش مردنی. هاوكات رۆمانی (شه‌رم La Honte) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌وه‌شیان وه‌ك به‌شێك له‌زنجیره‌ی بایۆگرافی خۆی وایه و تێیدا به‌شێوه‌یه‌كی جوانی ئه‌ده‌بی، باسی له‌و هه‌ڕه‌شانه كردووه كه كاتی خۆی باوكی له‌دایكی كردبوو. له‌وانه رۆژێك كه ئیرنۆ له‌ته‌مه‌نی دوانزده ساڵی دا بوو، باوكی به‌كێرد هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له‌دایكی كرد. ئه‌و رووداوه‌ش ساڵانێكی زۆر ده‌روونی ئیرنۆی داگرت. كه‌واته ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌ره‌نجامی ئه‌و كاردانه‌وه‌یه و تێیدا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و جۆره ره‌فتاره‌ی پیاوانیشی كردووه و پێداگیریشی له‌مافه‌كانی ئافره‌ت له‌ناو چوارچیوه‌ی كۆمه‌ڵگه و خێزان كردووه.
ساڵی 2000 رۆمانی (رووداو L'Événement) ی بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌شدا جارێكی دیكه رووداوه تاڵه‌كه‌ی ژیانی تایبه‌تی خۆی خستۆته‌ڕوو. رووداوی له‌باربردنی منداڵه‌كه‌ی كه له‌ڕۆمانی یه‌كه‌می خستبوویه به‌ر دیده. رووداوه‌كانی له‌و شوێنه ده‌ستپێده‌كات كه چووه لای پزیشك تاكو له‌دژی نه‌خۆشی ئایدز پشكنینی بۆ بكات. ئه‌وسا خه‌یاڵی بۆ ئه‌و رووداوه گه‌ڕاوه كه له‌ته‌مه‌نی بیست و سێ ساڵی به‌سه‌ری داهاتبوو. له‌و بارودۆخه‌شدا هه‌م هه‌ست به‌ترس و هه‌میش به شه‌رم ده‌كات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌جۆرێكی دیكه په‌یامی ئاگاداركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دژی توندوتیژی له‌ئاست ژنان راگه‌یاندووه. ناوه‌رۆكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش كرا به‌فیلم و ئودری دیوان ده‌ریهێنا و فیلمه‌كه‌ش له‌فیستیڤاڵی ڤینیسیای نێوده‌وڵه‌تی خه‌لاتی شێری زێڕینی به‌ده‌ستهێنا. هاوكات رۆمانی (ژیانی ده‌ره‌كی La Vie extérieure) و ساڵی دواتریش رۆمانی (كوێرانه وه‌شاندن Se perdre) و ساڵی 2002 رۆمانی (ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن L'Occupation) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی دوایی كه به‌قه‌باره بچوكه، پڕه له‌سۆز و هه‌ست و ده‌ربڕین. تێیدا به‌هه‌ردوو ره‌هه‌ندی سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی خوێندنه‌وه‌ی بۆ ناخی مرۆڤ كردووه و به‌زمانێكی ساده و راسته‌وخۆ و دوور له‌ئه‌ندێشه و به‌پشبه‌ستنیش به‌ته‌كنیكه ساكاره‌كان دایڕێژتووه. تایبه‌ته به‌چیرۆكی ژنێك دوای به‌سه‌ربردنی ساڵانێك له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و دواتر ده‌ستبه‌رداربوونی، كه‌چی ناتوانێ بێ ئه‌و بژیه‌ت. به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی بیری بۆ ئه‌وه ده‌چێ، ئه‌و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژنێكی دیكه داده‌ڕێژێ، بۆیه ده‌كه‌وێته ناو خه‌یاڵی دژه‌كه‌ی، به‌جۆرێك نه‌توانێ ده‌ستبه‌رداری بێت. تا له‌خه‌یاڵی دا ئه‌و دژه نادیاره وه‌ك ئه‌وه‌ی لێدێت ده‌ستی به‌سه‌رداگرتبێ. ئینجا هه‌وڵی ته‌واوی بۆ ئه‌وه ده‌بێ هه‌موو شتێك له‌باره‌ی ئه‌و ژنه دژه نادیاره بزانێ. هه‌موو كاتی خۆشی ته‌رخان ده‌كات بۆ گه‌ڕان به‌دوای دا. وه‌ك دێوانه‌ش هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. لێره‌دا ئیرنۆ زۆر به‌وردی باری ده‌روون و هه‌ڵسوكه‌وتی پاڵه‌وانه‌كه‌ی كێشاوه، به‌جۆرێك كه تادێت زیاتر ئۆقره‌ی نامێنێ و هاوسه‌نگی له‌ده‌ستده‌دات و له‌ناخه‌وه داده‌ڕمێ. به‌و جۆره له‌بیرۆكه‌یه‌كی ساكار، شاكارێكی واقیعی داڕێژتووه.
ساڵی 2005 رۆمانی (به‌كارهێنانی وێنه L'Usage de la photo) و ساڵی 2008 رۆمانی (ساڵه‌كان Les Années) ی بڵاوكرده‌وه. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی دوایی ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو. تێیدا بۆ یه‌كه‌مجار به ئامرازی كه‌سی سێیه‌م باسی خۆی كردووه. هه‌روه‌ها وێنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی تا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نوێی كێشاوه. به‌هۆیه‌وه خه‌ڵاته‌كانی مارگرێت دوراس و فرانسوا موریاكی پێبه‌خشرا. هاوكات خه‌ڵاتی زمانی فه‌ره‌نسی بۆ سه‌رجه‌م كاره‌كانی تا ئه‌و كاته‌ی پێبه‌خشرا.
ساڵی 2011 رۆمانی (كچێكی دیكه L'Autre Fille) ی بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌شدا باسی له‌پێوه‌ندی كچێك له‌گه‌ڵ كچه مام و كچانی دراوسێی كردووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ساتی منداڵی خۆی و كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی فۆتۆگرافی ئه‌و سه‌رده‌می كێشاوه. هاوكات رۆمانی (L'Atelier noir) و ساڵی 2013 رۆمانی (گه‌ڕانه‌وه بۆ یڤیتۆت Retour à Yvetot) ی بڵاوكرده‌وه. له‌وه‌ی دوایدا سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ شوێنی له‌دایكبوونی خۆی راده‌كێشێ. هه‌روه‌ها تێیدا باسی له‌پێوه‌ندی خۆی به‌و شوێنه و یادگارییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی و كه‌سه‌كانی ده‌وروبه‌ری كردووه. ساڵی دواتر رۆمانی (رووناكییه‌كانی شاره‌كه‌م Regarde les lumières mon) ی بڵاوكرده‌وه. هاوكات له‌زانكۆی سێرجی پۆنتواز، دكتۆرای فه‌خری پێبه‌خشرا.
ساڵی 2016 رۆمانی (كچی یاده‌وه‌ری Mémoire de fille) ی بڵاوكرده‌وه و خه‌ڵاتی ستریجای ئه‌وروپیشی پێبه‌خشرا. ساڵی دواتریش خه‌ڵاتی (Marguerite Yourcenar) بۆ سه‌رجه‌م كاره‌كانی و ساڵی 2018 خه‌ڵاتی (Premio Hemingway) بۆ سه‌رجه‌م كاره‌كانی پێبه‌خشرا. ساڵی 2020 رۆمانی (هۆتێلی كازانۆڤا Hôtel Casanova) ی بڵاوكرده‌وه.
ساڵی دواتر وه‌ك نووسه‌رێكی نیوده‌وڵه‌تی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی شاهانه‌یی ئاداب هه‌ڵبژێردرا. ساڵی 2022 رۆمانی (لاوان Le jeune homme) ی بڵاوكرده‌وه. له‌و به‌رهه‌مه‌شدا پێوه‌ندی نێوان كچێك و پیاوێكی كێشاوه كه به سی ساڵ له‌كچه‌كه بچوكتره.
جگه له‌ڕۆمان، كۆمه‌ڵێك كتێبی دیكه‌ی جۆراوجۆری بڵاوكردۆته‌وه، له‌وانه (ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تLittérature et politique ) له‌ساڵی 1989. ئه‌مه‌و زۆر رۆمانی خۆشی كردۆته شانۆگه‌ری و چه‌ندان ده‌قی دیكه‌شی بۆ ئه‌و بواره داڕیژتووه..
شایانی باسه ئیرنۆ به‌زمانێكی ساده و ساكاره هه‌وڵی داوه جۆرێك له‌ده‌ق بنووسێ كه له‌نێوان چیرۆك و رۆماندایه و ناوه‌رۆكه‌كه‌شی له‌واقیعی ژیانی تایبه‌تی خۆی هه‌ڵێنجاوه. واتا له‌واقیع نزیكبۆته‌وه نه‌ك ته‌نیا له‌مه‌جرای رووداوه‌كان، به‌لكو له‌لێواری هه‌سته‌كان و یادگارییه‌كان و خه‌ونه‌كانیش. به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌وه‌ی له‌ڕۆمانه‌كانی ناوبراو شاره‌زابێت ده‌بینێ هه‌ر هه‌موویان تایبه‌تن به‌ڕوماڵكردنێكی ئه‌ده‌بیانه‌ی یادگارییه‌كانی تایبه‌ت به‌ژیانی خۆی و كه‌سه نزیكه‌كانی. كه له‌ناویان دا ئافره‌ت شوێنی به‌رزی هه‌یه، جا پاڵه‌وان بێت یاخود كه‌سه‌كانی ده‌وروبه‌ری.
ئاكۆ عه‌بدوڵا
ئافره‌تێكی فه‌ره‌سی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی پێبه‌خشرا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.