Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 16:19

ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 10ـی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای ( وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان ) بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە خرایەڕوو .

سەرەتا سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران گرنگیی و بایەخیی هەبوونی پڕۆژەیاسای وەبەرهێنانی کانزایی دووپات کردەوە، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری هەرێم و ڕێکخستنەوەی بواری وەبەرهێنان لە سامانی کانزاکانی هەرێم بە دید و ستراتیجێکی نوێ کە باشترین ئەزموون و پێوەر و ڕێکارە کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت، چونکە تا ئێستا یاسایەکی کۆنی عێراقی بەرکارە کە هی ساڵی 1988ـە و بەربەست و ئاستەنگی زۆری تێدایە و ناگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێستا. وا چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیاسا نوێیە، ببێتە هۆی مسۆگەرکردن و هاندانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەم بوارە لە هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕوانگەی بایەخی ئەم یاسایە بۆ گەشەسەندنی ئابووریی هەرێم و هەمەجۆرکردن و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتەکانی ( سامانە سروشتییەکان ، پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی) و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە بارەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە خرانەڕوو بە ئاراستەی دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە و ئامادەکردنەوەی ڕەشنووسی پرۆژەیاساکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت خرایەڕوو. تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە سەر داوای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی داوە لە سەر ناردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم مانگە، وەک قۆناخی یەکەم، ئاماژەشی بەوە دا کە وەزارەت ئامادەکاریی پێویستی کردووە لە 20ی ئەم مانگەوە، سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانی هەرێم بە سەر هاووڵاتییان دابەش بکرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.

لە بڕگەی سێیەم، خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان سەبارەت بە لێخۆشبوون لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەخشینانە ( منحە ) ی وەریان گرتووە لەدوای بەرکاربوونی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2020 کە لە لایەن عەبدوڵا مەحموود محەمەد وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە ئەرکی حکوومەت کردەوە لە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان وبەرکەوتووانی چەکی کیمیاویی، کە شایستەی خزمەتکردنن و گرنگیی ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتیان، بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوانی پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی پێشنیارەکە و بەدەرکردنیان لە ڕێنمایی دارایی لەمبارەیەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.