Erbil 38°C شەممە 28 ئەیلوول 18:30

كتێبی (پارتی و بارزانی لە ئەرشیفی رۆژنامەی ژینی سلێمانی) چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

 كتێبی (پارتی و بارزانی لە ئەرشیفی رۆژنامەی (ژین)ی سلێمانی)، لە نووسین و ئامادەكردنی زانیار سەردار قڕگەیی چاپ و بڵاو دەكرێتەوە.


لەوبارەیەوە نووسەر و رۆژنامەنووس زانیار سەردار قڕگەیی، بە كوردستان تی ڤی راگەیاند، ئێستا سەرقاڵی چاپكردنی كتێبێكی گرنگی مێژوویی و دیكۆمێنتارییە بە ‌ناوی ((پارتی و بارزانی لە ئەرشیفی رۆژنامەی (ژین)ی سلێمانی))، كە كۆمەڵێك بەڵگەنامەی مێژوویی گرنگی زیاتر لە 63 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لەخۆ دەگرێت، تایبەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان و بارزانی و بارزانییەكان، كە لە رابردوودا لە رۆژنامەی (ژین) بڵاو كراونەتەوە. زۆر لە كەسایەتییە ناسراوەكان و رووناكبیران و ئەدیبانی بەتایبەت شاری سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركووك بەگشتی، بابەت و بڵاوكراوەیان سەبارەت بە بارزانی و بارزانییەكان تێدا بڵاو كردووەتەوە، لەگەڵ دەیان برووسكە و نامەی تایبەت و نووسراو بۆ عەبدولكەریم قاسم، بە مەبەستی پشتگیری و پشتیوانی بۆ گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، لەگەڵ چەندین وتار و هۆنراوە و دیدار و راپۆتی رۆژنامەوانی، سەبارەت بە گەڕانەوەی بارزانی بۆ عێراق و سەردانیی بۆ شاری سلێمانی و هەواڵ و سەردان و بەسەركردنەوەكانی بارزانی لە شاری بەغداوە، هەروەها راپۆرتیك و چەند بابەتێك لەسەر كردەوە تیرۆرستییەكەی ساڵی 1971، كە دەرهەق بە بارزانی ئەنجام درا، لەگەڵ چەند نامەیەكی بارزانی، بۆ لاوانی سلێمانی لە یادی بێكەسی شاعیر و، بۆ قوتابییانی گشتیی عێراق لە سلێمانی و، بۆ لاوانی قەڵادزێ و، بۆ كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەورووپا و، چەند بابەتێكی دیكە.
 هەروەهانووسەر دەڵێت:  بەشێك لە نووسەران و رووناكبیر و شاعیرە ناسراوەكانیش، كە بابەت و بەرهەمیان سەبارەت بە بارزانی و بارزانییەكان نووسیوە و لە ژیندا بڵاو كراونەتەوە،‌ كە بریتیین لە: (ئەحمەد زرنگ- سەرنووسەری رۆژنامەی (ژین)، مامۆستا نەجمەدین مەلا، گۆرانی شاعیر، كامەران موكری، محەمەد تۆفیق وردی، ساڵح روشدی، ساڵح پێداوی، هەمزە عەبدوڵا، سەیدا ساڵح یوسفی، دارا تۆفیق، عیسمەت شەریف، كاكەی فەلاح، حەمەساڵح دیلان، بورهان قانع، د. كەمال فوئاد، د. ئیحسان فوئاد، پرۆفیسۆر فەرهاد ئەحمەد ئەمین، محەڕەم محەمەدئەمین، ئەحمەد غەفوور، ئیسماعیل عارف، كەریم زەند، مستەفا ساڵح كەریم، جەمال بابان، كەریم شارەزا و.. هتد.)، لەگەڵ سازدانی دوودیداری رۆژنامەوانی لەتەك (شێخ محەمەدخالید بارزانی و لوقمان مستەفا بارزانی)، لە شاری سلێمانیدا.
زانیار قڕگەیی، دەشڵێت: دەقی نامە مێژووییەكەی بارزانی بۆ عەبدولكەریم قاسم و وەڵامی قاسم بۆ بارزانی بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ وڵات، لەگەڵ تۆماركردنی بەشێك لە چالاكییەكانی ئەو سەردەمەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەگشتی و لقی سلێمانی پارتی، پاشان لقی چواری پارتی لە سلێمانی، لەگەڵ دەیان بەڵگەنامەی گرنگی مێژوویی لەم كتێبەدا سەبارەت بە بارزانییەكان تۆمار كراون". 
نووسەر درێژەی پێ دەدا و دەڵێت: "سەلام عەبدوڵا- سەرنووسەری رۆژنامەی (خەبات)، پێشەكی بۆ نووسیوە و پاشان هەر یەك لە (پرۆفیسۆر د. فوئاد حەمەخورشید، پرۆفیسۆر د. كەیوان ئازاد ئەنوەر، وەك مامۆستای مێژوو لە زانكۆی سلێمانی، پرۆفیسۆر د. نەزاكەت حوسێن، وەك مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی، لە روانگەی پیشەیی خۆیانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆی كردووە، نووسینەكەیان لە ناواخنی ئەم كتێبەدا بڵاو كراوەتەوە".
 ئاماژەی بەوەشدا كە بەشی زۆری بەرهەمەكە پێكهاتووە لەو بابەت و گفتوگۆ و برووسكانەی، كە لەڕابردوودا و لەو ساتەوەختەی (گەڕانەوەی بارزانی و بارزانییەكان و دواتر تا ساتی داخستنی رۆژنامەكە پەیوەست بەو مەبەستە بڵاو كراونەتەوە). چەند بەشێكیانم لە هەفتەنامەی (باس) و ( باسنیوز) بڵاو كردەوە، دواتریش چەند بەشێكی دیكەم سەبارەت بە 16ی ئاب و شۆڕشی ئەیلوول و بە بۆنەی مۆڵەتدان بە رۆژنامەی (خەبات) لەڕابردوودا، لە رۆژنامەی (خەبات) بڵاو كردووەتەوە. بەشێكی زۆریشی بڵاو نەكراونەتەوە و وەرم گرتوون، ئێستاش تێكڕایان لە دووتوێی ئەم كتێبەدا دەخەینە روو“.
 زانیار قڕگەیی گوتیشی: ” كۆی گشتیی ئەم بەرهەمە پەیوەستە بە بارزانی و بارزانییەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان و جەماوەری سلێمانی و چالاكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لە ساتی ناردنی نامە مێژووییەكەی بارزانی بۆ عەبدولكەریم قاسم، تاكو گەڕانەوەی بارزانی بۆ عێراق، تاكوو داخستنی رۆژنامەی (ژین) لە ساڵی 1963. دواتر لەگەڵ راگەیاندنی رێككەوتننامە مێژووییەكەی ساڵی 1970، تاكوو 1974، لەلایەن كاكەی فەلاح و عەبدولقادر بەرزنجی درێژەی دەبێ و چەند بابەت و بەرهەمی دیكەی تێدا بڵاو كراونەتەوە. هەموو ئەوانەمان وەرگرتووە و سەرلەنوێ دامانڕشتنەوە و ئاوێتەی نێو ئەم كتێبەمان كردووە".
ئەم كتێبە بە قەبارەیەكی باش و بە رەنگاوڕەنگ و بە تیراژی دوو هەزار دانە و (720) لاپەڕەی ئەی فۆڕ چاپ دەكرێت و بەم نزیكانە دەكەوێتە بەردیدەی خوێنەران.
 "كتێبەكە، هەندێ لە یادگارییە زێڕینەكانی كورد لە دوای شۆڕشی چواردەی تەمموز و، هەروەها چەند لایەنێكی كۆمەڵایەتی و ئەدەبی و سیاسییش لەخۆ دەگرێت. لەگەڵ دیدارێكی تایبەت بە سەركردەی كورد (مستەفا بارزانی)، هەروەها لەگەڵ بەشیك لە نامە و دیكۆمێنت و وێنەی كەسایەتییەكان لە رابردوودا و هەندێ وێنەی دیكە“.
 نووسەری كتێبەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: لە بەشێكی ئەو بابەتانەدا، بە بایەخ و گرنگیی زۆرەوە باس لەو وتانەی بارزانی دەكرێت، كە لەو سەردانانەی خەڵكی سلێمانی بۆ لای بارزانی ئاراستەی كردوون.
 لەكۆتاییدا، زانیار سەردار قڕگەیی، نووسەر و ئامادەكاری كتێبەكە دەڵێت: لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بكەم، كە یارمەتی و هاوكارییان كردم بۆ چنگكەوتنی زۆربەی ژمارەكانی رۆژنامەی (ژین)، كە بەهۆی كۆنی و رزیوی و پەرش و بڵاوییانەوە، زۆر بە زەحمەت و ماندووبوونێكی زۆر دەستمان كەوتن، لە ماوەی سێ ساڵ كاركردن تێیاندا، توانیومە كارێك بكەم و سوودی بۆ كتێبخانەی كوردی هەبێت و تا رادەیەك لە فەوتان رزگاریان بكەم، بەتایبەتی سوپاسی بەڕێزان لە: (كتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، كتێبخانەی گشتیی سلێمانی، بنكەی ژین، ئەرشیفی حزب و لایەنە سیاسییەكان لە سلێمانی، كتێبخانەی تاكەكەسی لەنێو ماڵی هەندێ لە نووسەرە بەئەزموون و دێرینەكانی شاری سلێمانی) بكەم، كە لە ماوەی ئەو سێ ساڵ كاركردنەمدا بە تایبەت رۆژانی كۆرۆنا و دواتر، هاوكار و یارمەتیدەرم بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.