Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 00:27

یەکێتی ئەوروپا پەیامێک ئاراستەی عێراق دەکات

کوردستان TV
100%

نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا پەیامێکی ئاراستەی عێراق کرد سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکوومەت، لەمبارەیەوە پیرۆزبایی ئاراستە کردوون.

جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا پەیامێک ئاراستەی عێراق دەکات و تێیدا هاتووە کە یەکێتی ئەوروپا پیرۆزبایی لە عەبدولـلـەتیف ڕەشید بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، دەکات.

هەر لە پەیامەکە جەختی کردۆتەوە کە ئەمانە هەنگاوی ئەرێنین بۆ پێکهێنانی حکوومەت دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2021، کە یەکێتی ئەوروپا ئەرکی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ کرد.

هەروەها یەکێتی ئەوروپا لە پەیامەکەی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییانەش دەکات کە لە نزیک پەرلەمانی عێراق کەمێک پێش دەنگدان بە سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕۆژی پێنجشەممەدا ڕوویان دا و دووپاتی کردۆتەوە کە توندوتیژی لە پڕۆسەی دیموکراسیدا جێگەی نییە و دەبێت ناکۆکییەکان بە ئاشتیانە لە ڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەرەوە لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن.

یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەش کردووە کە ئێستا زۆر گرنگە عێراق بە خێرایی حکوومەتێک پێکبهێنێت کە ئەرکێکی دەستووری و دەسەڵاتی تەواو بێت کە بتوانێت چاکسازییە زۆر پێویستەکان جێبەجێ بکات و وەڵامی پێداویستی و داواکارییەکانی گەلەکەی بداتەوە.

جەختیشی کردۆتەوە کە یەکێتی ئەوروپا هێشتا پابەندە بە بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار و سەقامگیری لە کۆمەڵگەدا.

یەکێتی ئەوروپا لە پەیامەکەی ئاماژەی بەوەش داوە کە عێراقێکی ئارام و ئاوەدان و دیموکراسی بۆ گەلەکەی و بۆ ناوچەکە و بۆ ئەوروپا بنەڕەتییە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.