Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 04:32

هەواڵگری ئەمریكا ڕادەی زیانەكانی ڕووسیا ئاشكرا دەكات 

کوردستان TV
100%

بەپێی راپۆرتێكی هەواڵگری ئەمریكا كە رۆژی هەینی لەلایەن رۆژنامەی نیویۆرك تایمزەوە بڵاوكراوەتەوە، لە دوای لەشكركێشی بۆ سەر ئۆكراینا لە 24ی شوباتەوە، سوپای روسیا 6 هەزار پارچەو كەرەستەی سەربازی لەدەستداوە، هەروەها بە رێژەیەكی زۆر نەیتوانیوە قەرەبووی بكاتەوە، چونكە سزاكانی رۆژئاوا زیانی بە پیشەسازی بەرگری و سەربازی لە مۆسكۆ گەیاندووە.
ئەمەریكا هەر لە مانگی ئایاری ساڵی رابردووەوە دەستی كردووە بە دۆزینەوەی ئەوەی كە رووسیا لە پێداویستییە گرنگەكانی بزوێنەری دیزڵ و هێلیكۆپتەر و پارچەی بزوێنەری فڕۆكە و تانكە زرێپۆشەكانی كەم بووەتەوە و مۆسكۆ كێشەی هەبووە لە جێبەجێكردنی فرۆشتنەكانی بە سوپای بیانی.
لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی ئۆكراینا، ئەمریكا هەوڵەكانی لەسەر دوو بەرە چڕكردۆتەوە: پێشكەشكردنی یارمەتییە سەربازییە بەرچاوەكانی ئۆكرانیا، هەروەها زیانگەیاندن بە ڕووسیا لە ڕووی ئابوورییەوە لەڕێگەی سزای بەرفراوان و كۆنترۆڵكردنی هەناردەكردن.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە : توانای رووسیا بۆ دروستكردنی چەكی وردبینی پێشكەوتوو بەهۆی كۆنتڕۆڵی هەناردەكردنەوە زیانی پێگەیشتووە، كە دەستڕاگەیشتنی رووسیا بە تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو سنووردار دەكات. هەروەها سزاكانی رۆژئاوا بووەتە هۆی كەمبوونی تەكنەلۆژیای كەم ئاڵۆز. بۆ نموونە رووسیا بەدەست كەمی بیرینگەوە دەناڵێنێت، كە دەبێتە هۆی تێكدانی بەرهەمهێنان و چاككردنەوەی تانك و فڕۆكە و ژێردەریایی و سیستەمی سەربازی دیكە.
هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە، بۆ تێپەڕاندنی سزاكان، فەرمان بە دەزگا هەواڵگرییەكانی رووسیا دراوە "بە شێوەیەكی نایاسایی تەكنەلۆژیای رۆژئاوا و پارچەكانی بەدەستبهێنن". رووسیا رووی لە وڵاتانی وەك ئێران و كۆریای باكوور كردووە كە تا رادەیەكی زۆر لە دەرەوەی سیستەمی ئابووری نێودەوڵەتی كاردەكەن و هاوكات سزای رۆژئاواشیان لەسەرە، بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان. لەو كاتەوە ئەمریكا سزای بەسەر ئەو كۆمپانیا ئێرانییانەدا سەپاندووە كە تێوەگلاون لە دروستكردن و گواستنەوەی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی كە روسیا بۆ بەكارهێنانی لە ئۆكراینا كڕیویەتی.

لەلایەكی دیكەوە، دوایین ئاماری وەزارەتی دەرەوەی ئۆكرانیا كە رۆژی پێنجشەممە 232 رۆژ دوای لەشكركێشی رووسیا بڵاوی كردۆتەوە، زیانی هێزە چەكدارەكانی رووسیا بە ژمارە لە ئۆكرانیا، تا 13ی ئۆكتۆبەر دەردەخات.
وەزارەتەكە رایگەیاندووە كە لە سەرەتای لەشكركێشییەكەوە زیاتر لە 63 هەزار و 800 سەربازی روسی كوژراون، هەروەها "ئینفۆگرافیك"ی بڵاوكردەوە كە زیانەكانی لە ئامێرەكاندا دەردەكەوێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە،  كە 268 فڕۆكەی جەنگی، 240 هێلیكۆپتەر، 1182 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، 2511 تانك، 16 كەشتی جەنگی، 5167 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 1556 تۆپخانە، 357 مووشەك هەڵگر، 183 سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەناوبراون، ئەمە جگە لەوەی كەرەستەی دیكە لەناوبراون و 316 مووشەكی كروز خراونەتە خوارەوە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.