Erbil 38°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 06:23

قایمقامی شنگال: یەک خاڵی ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکراوە

کوردستان TV
100%

قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا یەک خاڵی ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکراوە کە دوو ساڵ بەسەر ڕێککەوتنەکەدا تێپەڕ بووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی نوێی عێراق کاری جددی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئەم قۆناغە بکرێت و ماددەی 140یش جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بەو کێشەیە بێت لە بنەڕەتەوە.

قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، نایف سیدۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا دوو ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی شنگالدا تێپەڕ بووە و لە کۆی پێنج خاڵ، یەک خاڵیشی جێبەجێ نەکراوە و ئەگەر جێبەجێ کرابووایە زۆر گرنگ بوو، چارەسەری بنەڕەتییش ئەوەیە کە کار بکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، چونکە کۆتایی بە هەموو کێشەکان دێنێت، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر گرنگ بوو، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

نایف سیدۆ ڕاشیگەیاند: چاوەڕێ دەکەین لە حکوومەتی نوێی عێراق کە دوای پێکهاتنی، بەجددی کار بکرێت بۆ ئەوەی ماددەی 140جێبەجێ بکرێت و ڕێککەوتنەکەش بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە تاوەکو ئێستا نازانرێت لەگەڵ کێ دانوستان بکرێت، لەبەر ئەوەی هەر لایەنێک خۆی بە دەسەڵاتدار دەزانێت و لایەنێک بە تەنها حوکم ناکات.

قایمقامی شنگال ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوەی کێشەیە تاوەکو ئێستا هێزەکانی میلیشیا لە شنگال بڕیارەکانی حکوومەت جێبەجێ ناکەن و تەنیا بڕیاری خۆیان جێبەجێ دەکەن، بۆیە ئەمە وای کردووە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، بەڵام گرنگ و پێویستە چیتر کوردانی ئێزدی لەم دۆخەدا نەمینێن و چارەسەری کێشەکانیان بکرێت و دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.