Erbil 38°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 18:36

ڕاپۆرته‌ هه‌واڵێك له‌سه‌ر به‌رێوه‌چوونی یه‌كه‌م یاری كلاسیكۆی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌نێوان ریاڵ مه‌درید و بارسێلۆنا

کوردستان TV
100%


كاتژمێر پێنج و پازده‌ خوله‌كی ئه‌مرۆ ئێواره‌ به‌كاتی هه‌ولێر یه‌كه‌م یاری كلاسیكۆی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی ئیسپانیا له‌ هه‌فته‌ی نۆیه‌می خوله‌كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ڕیال مه‌دریدی پاڵه‌وانی وه‌رزی ڕابردووی خوله‌كه‌و بارسێلۆنای پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی یانه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
 
كارلۆ ئه‌نچیلۆتی ئیتاڵی و ڕاهێنه‌ری یانه‌ی ڕیال مه‌درید له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی یاری كلاسیكۆی ئه‌مرۆ ئێواره‌ی نێوان ڕیال و بارسا ڕایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یاری كلاسیكۆ هه‌رده‌م ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ له‌ نێوان دوو یانه‌ی گه‌وره‌ی ئیسپانیا، به‌ڵام یاریه‌كی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ نیه‌و چاره‌نووسی هیچ یه‌كێك له‌م دوو یانه‌یه‌ به‌م یاریه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌نچیلۆتی گوتیشی، هێشتا خولی ئیسپانیا زۆری ماوه‌و وه‌رزێكی دوورو درێژمان له‌پێشه‌، ئێستاش به‌و په‌ڕی گوڕوتینه‌وه‌ خۆمان بۆ یاری كلاسیكۆ ئاماده‌كردووه‌و ده‌مانه‌وێت سه‌ركه‌وتن له‌ یاریه‌كه‌ به‌ده‌ست بێنین و چێژ به‌ هانده‌رانمان ببه‌خشین.
ڕاهێنه‌ره‌ ئیتاڵیه‌كه‌ ئاشكراشی كرد كه ئه‌گه‌رچی‌ بارسێلۆنا ئه‌نجامه‌كانی له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا وه‌ك پێوست نیه‌و ڕووبه‌ڕووی چه‌ند گرفتێك بۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی ئیسپانیا ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌شكردووه‌و له‌ پێشه‌نگ دایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ وریاییه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ریان یاری بكه‌ن، ئه‌نچیلۆتی ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌ تیبۆت كۆرتوای گۆڵپارێزی تیپه‌كه‌ی به‌هۆی پێكان به‌شداری له‌ یاری كلاسیكۆ ناكات.
 
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ چاڤی هێرناندیز ڕاهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماده‌یی تیپه‌كه‌ی بۆ یاری كلاسیكۆ دووپاتكرده‌وه‌.
 چاڤی ئاشكراشی كرد كه‌ بردنه‌وه‌یان له‌ یاری كلاسیكۆی وه‌رزی ڕابردوو به‌ چوار گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر باكگراواندێكی به‌هێزیان پێده‌به‌خشێت بۆ تۆماركردنی ئه‌نجامێكی باش و كۆنتڕۆڵكردنی یاریگاو توندوتۆڵكردنی هێڵی به‌رگری و هێرشبردن به‌ شێوه‌یه‌كی به‌هێز بۆ سه‌ر گۆڵی ڕكابه‌ره‌كه‌یان و چوونه‌ ناو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ به‌ بارودۆخێكی باشتر له‌ وه‌رزی پێشوو.
 ڕاهێنه‌ری بارسا ئاشكراشی كرد كه‌ ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانیان له‌م وه‌رزه‌ی چامپیۆنس لیگ كاریگه‌ری نه‌رێنی كردۆته‌ سه‌ر تیپه‌كه‌یان، به‌ڵام هێشتا به‌ گه‌شبینیه‌وه‌ له‌ ڕكابه‌ریه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌ڕوانن و هه‌وڵی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان ده‌ده‌ن، سه‌باره‌ت به‌ باری ته‌ندروستی جولێس كۆندێی ئه‌ستێره‌ی هێڵی به‌رگری بارسا.
 چاڤی ڕایگه‌یاند كه‌ كۆندێ پێكانی به‌ ته‌واوی چاك بۆته‌وه‌و به‌ ڕێژه‌ی سه‌د ده‌ر سه‌د بۆ یاریكردن ئاماده‌یه‌، ڕاهێنه‌ری بلاوگڕانا گوتیشی، یاری كلاسیكۆ پێشبڕكێیه‌كی تایبه‌ته‌و ده‌رفه‌تێكه‌ تا ئه‌نجامێكی باش تۆماربكه‌ین و پێگه‌ی تیپه‌كه‌مان له‌ پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی لالیگا به‌هێزتر بكه‌ین .
 
یاری كلاسیكۆی نێوان ڕیال مه‌دریدو بارسێلۆنا مێژووێكی دوورو درێژی پڕ له‌ ڕكابه‌ری سه‌رسه‌ختی نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ی تۆپی پێی ئیسپانیا هه‌یه‌و زۆرترین بینه‌رو هه‌واداری وه‌رزشی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌ چاوه‌ڕوانی بینینی یاریه‌كه‌ دان .

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.