Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 08:09

نێچيرڤان بارزانى: چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، كليلى سه‌قامگيريى عێراقه‌

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌م سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى بيست و حه‌وتى زانكۆى دهۆك به‌شدار بوو و وتاريكى ده‌رباره‌ى خوێندن و په‌روه‌رده‌ ئاراسته‌ى ده‌رچووان و ئاماده‌بووان كرد.

نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پيرۆزبايى و هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ ده‌رچووان، پێزانينى بۆ ڕه‌نجى دايك و باوك و خێزانى ده‌رچووان و مامۆستايانى زانكۆ ده‌ربڕى كه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن هاوكار و پشتيوانى ده‌رچووان بوون، هه‌روه‌ها داواى له‌ ده‌رچووان كرد به‌ دڵێكى گه‌رم و پڕ له‌ ئومێد و به‌ گه‌شبينييه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ قۆناغى تازه‌ى ژيان و به‌رپرسياریيه‌تى بنێن و ئه‌و شاره‌زايى و پسپۆڕييه‌ى به‌ده‌ستيانهێناوه،‌ بخه‌نه‌ خزمه‌تى وڵات‌.

نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ى ده‌رچووان و پێويستيى بازاڕى كار هاوسه‌نگ نين و ڕه‌نگه‌ هه‌مووان نه‌توانن زوو كار بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام نابێ ده‌رچووان بێ هيوا ببن، به‌ڵكو ده‌بێ به‌رده‌وام تواناكانيان پێش بخه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش له‌وانه‌يه‌ هه‌ندێكيان بتوانن خۆبه‌خشانه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى كار بكه‌ن تا باشتر خۆيان پێ بگه‌يه‌نن و شانسى دۆزينه‌وه‌ى كاريان زياتر بێت.

هه‌روه‌ها داواى كرد ده‌رچووان ئه‌زموونى پێكه‌وه‌بوون و پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شى و به‌شداريى پێكه‌وه‌يان له‌ ساڵانى خوێندنى زانكۆ، بگوازنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و شوێنى كار و ئه‌و ئه‌زموونه‌ له‌ ژيانى ڕۆژانه‌ياندا ڕه‌نگ بداته‌وه‌ تا بتوانن كولتوورى لێبورده‌يى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن قووڵتر و فراوانتر بكه‌نه‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌ بيرى ده‌رچووانى هێنايه‌وه‌ هه‌رگيز وا بير نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌واوكردنى زانكۆ ئيتر پێويستى و هه‌وڵدانيان بۆ فێربوون كۆتايى دێت، چونكه‌ فێربوون و فراوانكردنى ئاستى زانين و تێگه‌يشتن دنيانبينی مرۆڤ، هه‌رگيز كۆتايى نايه‌ت و تاكو مرۆڤ زياتر بزانێت، باشتر له‌وه‌ تێ ده‌گات كه‌ هێشتا زۆرى ماوه‌ بزانێت. بۆيه‌ پێويسته‌ ده‌ر‌چووان به‌رده‌وام ئاستى فێربوون و زانين و شاره‌زايييان به‌رزتر بكه‌نه‌وه‌ و ببنه‌ چرايه‌ك بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ى ده‌وروبه‌ريان.

نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ پێشكه‌وتنى خێراى زانست و ته‌كنه‌لۆژيا واى كردووه‌ ژيانيش زۆر خێرا پێش بكه‌وێت، ئه‌وه‌ش پێويست ده‌كات مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ى سه‌رده‌م پێشكه‌وێت و خۆى نوێ بكاته‌وه‌. هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌وه‌ وه‌ك تاكه‌كه‌س ئه‌ركى ئێوه‌يه‌ و وه‌ك سيستمى په‌روه‌رده‌ و خوێندن و فێركردنيش ئه‌ركى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانه‌.

هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌: ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ پێويستييه‌كى ژيانييه‌ و وه‌ك پێشتریش گوتوومانه‌ كليلى سه‌ركه‌وتن، سيستمێكى باشى په‌روه‌رده‌يه‌، چونكه‌ به‌ ته‌نيا سيستمێكى باشى په‌روه‌رده‌ ده‌توانێت ئێستا و داهاتوومان مسۆگه‌ر و گه‌شتر و باشتر بكات و كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى پێشكه‌وتوو بنيات بنێت و گوتى: زانين و زانست و فێربوون، هێزێكى له‌بننه‌هاتووه‌، ئه‌و هێزه‌ى كه‌ ئێستا و داهاتوومان ده‌پارێزێت.

نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وێڕاى هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كان هێشتا زۆر كار ماوه‌ له‌ كوردستان بكرێت و ده‌بێ له‌ زۆر بارى جيادا بنيات بنێين، هه‌ر له‌ بنياتنانى مرۆڤ و مرۆڤسازييه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سوودوه‌رگرتن له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كانى وڵات، بايه‌خدانى زياتريشى به‌ خوێندنى پيشه‌يى و كردنه‌وه‌ى ئاماده‌يى و په‌يمانگه‌ و كۆلێژى پيشه‌يى به‌ پێويستزانى.

بۆ دروستكردنى هاوسه‌نگيى نێوان بازاڕى كار و بواره‌كانى خوێندنيش، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ سێگۆشه‌ى (حكوومه‌ت ـ بازاڕ ـ زانكۆ) پێكه‌وه‌ هاريكار و هه‌ماهه‌نگ بن. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ پێويستيى سوودوه‌رگرتن له‌ ده‌وڵه‌مه‌نديى سروشتى و مرۆيى و پته‌وكردنى ژێرخانى كشتوكاڵى، گه‌شتيارى و پيشه‌سازى و بايه‌خدان به‌ كار و بزنسى ئۆنلاين كرده‌وه‌.

بۆ هه‌ر پێشكه‌وتنێك به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پته‌وكردنى ژێرخانى په‌روه‌رده‌ى به‌ پێويستزانى كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ى لێكۆڵينه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى زانستى و گۆڕانكارى و چاكسازى له‌ سيستمى په‌روه‌رده‌ييدا ده‌كرێت، سيسته‌مێك كه‌ مرۆڤى بيركه‌ره‌وه‌، بنياتنه‌ر و داهێنه‌ر به‌رهه‌م بهێنێت و ده‌رچوون له‌ زانكۆ ته‌نيا بڕوانامه‌يه‌ك نه‌بێت.

له‌ كۆتاييدا نێچيرڤان بارزانى وێڕاى تیشكخستنه‌ سه‌ر مێژووی دامه‌زراندنی زانكۆ و ده‌ستخۆشى و پێزانين بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى زانكۆى دهۆك له‌ ماوه‌ى سى ساڵی د‌امه‌زرانيدا كردوويه‌تى، ده‌رباره‌ى دۆخى سياسيى وڵاتيش، وێڕاى دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ سه‌ركۆمار و سه‌رۆك وه‌زيرانى ڕاسپێردراو، هيواى خواست به‌ زووترين كات حكوومه‌تێكى وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواى ڕه‌واى هاووڵاتیيان بێته‌ ئاراوه‌ و هه‌موولايه‌ن و پێكهاته‌ عێراقييه‌كان پێكه‌وه‌ بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات كار بكه‌ن.

جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان ده‌بێ وانه‌ و په‌ند له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌ربگرن، حكوومه‌تى نوێى عێراقيش ده‌بێ دۆخى وڵات واقعيیانه‌ و وه‌ك خۆى ببينێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ تايبه‌تى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئه‌مه‌ى به‌ كليلى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.