به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ سه‌ر به وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئاشكرای كرد كه دەست بە گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر كرا و له قۆناغی یه‌كه‌میشدا زیاتر له 2 هه‌زار مه‌تر بۆڕی ده‌گۆڕدرێ.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه ڕایگه‌یاند: لە ماوەی ڕابردوودا چەندجارێك بۆڕی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر شكا، هەرچەند چاک دەکرایەوە، بەهۆی کۆنییەوە دەشکایەوە، بەو هۆیەش بەشێكی هەولێر بێ ئاو دەبوون، بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی ئەو كێشەیەش بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕی پارەی پێویست بۆ گۆڕینی بۆڕی كۆنی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر بە بۆڕی نوێ تەرخان كرا .
ڕاشیگه‌یاند: ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ڕاسپارد بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.
له‌مباره‌یه‌وه ئاری ئەحمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ گوتی: ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕی كۆنی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر بە بۆڕییەكی نوێ دەستی پێ كرد.
هه‌روه‌ها گوتی: درێژی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە دوو هەزار و 750 مەترە، بڕیاریشە لە ماوەی 110 بۆ 120 ڕۆژ جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كۆتایی بێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه بۆ جێبەجێكردنی ئەم قۆناغە بڕی چوار ملیار و 650 ملیۆن دینار خەرج كراوە، هه‌روه‌ها تەواوی 11 كیلۆمەتر بۆڕییەكەی ئاوی ئیفراز سێ بڕی 21 ملیار دیناری پێویستە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.