ڕەنگە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی ئێران لەلایەن ڕووسیاوە نیشانەیەك بێت بۆ ئەوەی مۆسكۆ لەم شەڕەی ئۆكراینادا كۆگای چەكی وردی خۆی لەدەست دەدات، بەڵام بۆ زۆرێك لە شرۆڤەكارانی سەربازیش جێگەی نیگەرانییە، چونكە ئەم جەنگە چەمكێكی نوێی بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێناوەتە ئاراوە.
دوایین هێرشی رووسیا بۆ سەر كیێڤ پایتەختی ئۆكرانیا، رۆژی دووشەممە پێش دەنگێك هات كە لە ئۆكرانیا تا دێت زیاتر ئاشنا دەبێت، دەنگی بزوێنەرێكی بچووكە، كە لە دەنگی چەمبڕ یان پاسكیل دەچێت، ئاماژەیە بۆ هاتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی كە ئێران دروستی كردووە.
ئەو شرۆڤەكارانەی كە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە دەڵێن: فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ڕێگەیان بە ڕووسیا داوە كە ژێرخانی وزە و ئامانجە مەدەنییەكان بكاتە ئامانج .
هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە قووڵایی خاكی ئۆكرانیا بڵاوكراوەتەوە و رووسیا ژێرخانی مەدەنی كردۆتە ئامانج و چەند كەسێكی سڤیلیش بەوهۆیەوە كوژراون.
بەرپرسانی ئۆكرانیا رایانگەیاند : ڕۆژی دووشەممە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە هێرشەكانی سەر خودی پایتەخت بەكارهێنراون، كە بارەگای دامەزراوەی نیشتمانی وزەی ئۆكراینایان كردە ئامانج و هەروەها زیانیان بە بیناكانی نیشتەجێبوون گەیاند.
بەرپرسانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیان كە نەیویست ناویان ئاشكرا بكرێت، بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان راگەیاندووە، ئێران بەم دواییە دەستیكردووە بە گەیاندنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چەكی دیكە بۆ رووسیا، هەروەها راوێژكاری تەكنیكی ناردووە بۆ مەشقپێكردنی هێزەكانی رووسیا لەسەر چۆنیەتی كارپێكردنیان.
نیویۆرك تایمز: فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران خەڵكی سڤیلی ئۆكراینی دەكوژن
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.