Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 22:45

لاوێكی كورد له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران گیانی له‌ده‌ستدا

کوردستان TV
100%


لاوێکی خەڵکی ئیلام بەناوی محەممەد عەبدوڵڵاهی، کە لە کاتی ناڕەزایەتیییەکانی هەفتەی ڕابردووی شاری ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چوارشەممە 12 ی 10 ی 2022، لە بەرامبەر بینای فەرمانداری شاری ئیلام، محەممەد عەبدوڵڵاهی 36 ساڵ و خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیركرابوو، کە دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەست دەدا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە بڵاوی کردبووەوە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلام لە بەرامبەر بینای فەرمانداری چەندین هاووڵاتی دەستبەسەر و چەندین هاووڵاتی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدووڵڵاهی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی ئیلام کاتژمێر 1:30ی به‌ره‌به‌یانی  ڕۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییان بە باوکی محەممەدەوە گرتووە و پێیان وتووە کە کوڕەکەت بریندارە و لە نەخۆشخانەی خومەینی خەوێندراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی عەبدووڵڵایی هەر ئەوکاتە و دەستبەجێ خۆیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی خومەینی، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە پێیان ڕاگەیاندوون کە کەسێک بەو ناونیشانە لەوێ نەخەوێندراوە. دوای کاتژمێرێک دووبارە پەیوەندیان بە بنەماڵەی عەبدوڵڵاییەوە گرتووە و پێیان وتوون کە کوڕەکەتان گیانی لەدەستداوە و کاتژمێر 9ی بەیانی لە ساردخانەی بەهەشتی ڕەزای شاری ئیلام تەرمەکەی وەربرگرنەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی کە تەرمی محەممەدی بینیبوو لەمبارە وتی: ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر هەموو جەستەی محەممەد دیار بووە و سەری بەهۆی بەرکەوتنی شتێکی قورس (بە ئەگەری زۆرەوە باتۆم) شکابوو.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە ناوەندە ئەمنییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، لە کاتێکدا تەرمی محەممەدیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە کە بەڵێنی نووسراویان لە ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی باوکی محەممەد وەرگرتووە کە هۆکاری مردنی کوڕەکەی بە مردنی سروشتی ڕابگەیێنن و هەر هەمان ڕۆژ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو لە گۆڕستانی بەهەشتی ڕەزا لەژێر چاودێری چڕی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەچووە.

هەنگاو زانیویەتی، کە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەی توندیان لە بنەماڵەی محەممەد عەبدووڵاهی کردووە، کە مافی میدیایی کردنەوەی ئەم بابەتەیان نییەوە نابێت لەگەڵ هیچ ڕاگەیاندنێکدا قسە بکەن.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.