Erbil 38°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 12:25

پرۆژەیەکی ستراتیژیی کارەبا لە سلێمانی جێبەجێدەکرێت

کوردستان TV
100%


 پەرپێدانی ژێرخانی کارەبا و جێبەجێکردنی پرۆژەی ستراتیژیی، یەکێکە لە بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەم لەپێناو دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان.

پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤیی تانجەڕۆ - سەیدسادق، پرۆژەیەکی ستراتیژیی کەرتی کارەبایە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە پێكهاتووە لە 161تاوەری کارەبا، لە وێستگەی کارەبای تانجەڕۆ بۆ وێستگەی نوێی کارەبای سەیدسادق بەدرێژایی 56 کیلۆمەتر.

ئازاد محەممەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: پرۆژەکە کاریگەریی زۆری لەسەر کەرتی کارەبا لە ناوچەکانی شارەزوور و سەیدسادق دەبێت، بەهەردوو لاینەکانییەوە توانای گواستنەوەی 300مێگاوات کارەبای هەیە.

پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤیی تانجەڕۆ – سەیدسادق، بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و 95٪ـی کارەکانی تەواوبووە، توانای گواستنەوەی 300 مێگاوات کارەبای هەیە و گوژمەکەی 17 ملیار و 200 ملیۆن دینارە.

سەرپەرشتیاریی پرۆژەکە ئەوەشی گوت:ئەو کەلوپەلانەی لەم پرۆژەیە بەکارهاتوون، لەلایەن ئەندازیارانی وەزارەتی کارەباوە لە تاقیگەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەی کەلوپەلەکانی کارەبا، تاقیکراونەتەوە و دوای دەرچوونیان ئینجا لە پرۆژەکە بەکارهێندراون.

پرۆژەکە لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەکەوێتە کار و بەتەواوبوونیشی، سوودێکی زۆری بۆ ناوچەکانی شارەزوور و سەیدسادق دەبێت و لەڕووی کارەباوە دەبووژێنەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.