لە درێژەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای چاکسازی و بە ئامانجى وردبینى و پێداچوونەوە بە لیستى بەرکەوتووانى چەکى کیمیاویى (ئەوانەى منحەى مانگانەیان هەیە) بۆ دەستپێکردن بە کارى لیژنەکانى تەندرووستى لە پارێزگاکانى (هەولێر، سلێمانى ،هەلەبجە) بۆ سەرلەنوێ پشکنینى بەرکەوتووانى چەکى کیمیاویى لە هەرێمى کوردستان، چەندین کۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتى کاروبارى شەهیدان وئەنفالکراوان و وەزارەتى تەندرووستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراوە.
بۆ ئەم مەبەستە نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و نوێنەرى وەزارەتى تەندرووستى سەردانى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیەکانى تەندرووستى پارێزگاکانى (هەولێر، سلێمانى، هەڵەبجە) یان کرد و گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمى دەستپێکردنى کارى لیژنە تەندرووستییەکان کرد بە مەبەستی سەرلەنوێ پشکنینى بەرکەوتووانى چەکى کیمیاویى بۆ دیارى کردنى جۆر و رێژەى بەرکەوتەیى ئەوانەی کە منحەی مانگانەیان هەیە.
بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانى وەزارەتی تەندرووستى پارێزگاکانیش ڕاسپێردراون بۆ ئەنجامدانى ئامادەکارى پێویست لە ڕووى زانستى و لۆجيستى پزیشکى بۆ دەستپێکردنى کارى لیژنەکان.
بڕیارە لە قۆناغى دووەمدا دەست بە پشکنینى ئەو هاووڵاتیانە بکرێت کە داواکاریان پێشکەشى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە بۆ ئەوەى وەک بەرکەوتووى چەکى کیمیاویی هەژمار بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.