Erbil 38°C دووشەممە 30 ئەیلوول 00:23

تۆمه‌تباری به‌له‌مه‌ نوقمبووه‌كه‌ی كه‌ناراوه‌ ئاوییه‌كانی به‌ریتانیا چۆن ده‌ستگیر كرا؟

کوردستان TV
100%

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ئه‌مڕۆ سێشه‌م زانیاری له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كانی به‌له‌مه‌ نوقمبووه‌كه‌ی كه‌ناراوه‌ ئاوییه‌كانی به‌ریتانیای له‌ شاری ڕانییه‌ ئاشكرا كرد.

مقه‌ده‌م شۆڕش ئیسماعیل گوته‌بێژی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین بۆ ماڵپه‌ڕی (كوردستان تیڤی) ڕایگه‌یاند: دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی بەلەمە نقمبووەکەی کانارە ئاوییەکانی وڵاتی بریتانیا، لە بنکەی پۆلیسی شارەدێی حاجیاوا سكاڵا لەسەر سێ تۆمەتبار کە کاری قاچاخچییان کردووە تۆمار كرا، دادگای حاجیاوا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردن.

ڕاشیگه‌یاند: بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئەمڕۆ سێشه‌م لە شاری ڕانییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كانی بە ناوی (ب. م. ع) لەدایکبووی 1986 دەستگیر کرد و دواتریش ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی حاجیاوای کرد.

مقه‌ده‌م شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی: تۆمه‌تباری ده‌ستگیركراو یەکێک بووە لەو کەسانەی كه‌ کاری بازرگانیکردنی بە مرۆڤەوە کردووە و به‌هۆیه‌وه‌‌ بە پێی ماددەی 10 لە یاسای ژماره‌ 76ی ساڵی 2001ی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا کە ژماره‌ی ئه‌و خێزان و کەسوکارانه‌ی قوربانییانی بەلەمە نوقمبووە كه‌ سكاڵایان تۆماركردووه‌ نزیکەی 30 کەسن و دانیشتووی حاجیاوا و سۆران و قەڵادزێ و گەرمیانن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ لێکۆڵینەوەكان له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ بەردەوام دەبێت و لە داهاتووەیه‌کی نزیکدا له‌ کۆنگرەی ڕۆژنامه‌وانیدا زانیارییه‌كان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا ده‌كه‌ن.

جێی باسه‌ پارساڵ له‌ ڕۆژی 24ی 11ی 2021 له‌ كه‌ناراوه‌ ئاوییه‌كانی وڵاتی به‌ریتانیا به‌له‌مێك به‌ 34 سه‌رنشینه‌وه‌ نوقمبوو و به‌هۆیه‌وه‌ 28 كه‌س خنكان‌ له‌وان 21 كه‌سیان كورد بوون، ته‌رمی قوربانییه‌كانی تریش تا ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

ڕانییه‌ / ڕزگار مامه‌

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.