لە كاتێكدا ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دووپات كردەوە، رۆبەرت مالی نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران سەبارەت بە ئەگەری رێككەوتنی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی رایگەیاند، هەوڵەكانی ئێستا بۆ گەیشتن بەم رێككەوتنە لە بەرنامەی كاردا نین .
تەركیزكردنی ئەمریكا بە ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە كاتێكدایە كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن، لە لێدوانەكانی ئەم دواییەیدا سەبارەت بە ئێران، باسی لەو ناڕەزایەتییانە كرد، هەروەها ستایشی ورەی ئێرانییەكانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی.
بلینكن تۆمەتەكانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ڕۆژاوا لە بواری ناڕەزایەتییەكانی ئێران ڕەتكردەوە و گوتی: كاربەدەستانی ڕژێمی ئێران تێگەیشتنێكی هەڵەیان لە گەل و وڵاتەكەی هەیە و ئەوە لەسەر حیسابی ئەوان دەبێت.
بلینكن ئاماژەی بە كردەوەكانی ئەمریكا كرد بۆ پشتیوانی لە گەلی ئێران، كە بریتین لە سزادانی ئەو كەسانەی كە ناڕەزایەتییەكان سەركوت دەكەن، هەروەها یارمەتیدانی ئێرانییەكان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی بێبەرامبەر.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لەبارەی بەراورد كردنی وەڵامی ئەمریكا لەم قۆناغەی ناڕەزایەتییەكانی ئێران لەگەڵ ناڕەزایەتییەكانی پێشووی ئەمریكا گوتی: لەم ماوەیەدا پێم وایە دەنگی ئێمە زۆر ڕوون بووە.
لای خۆیەوە، رۆبەرت مالی، نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران، رۆژی دووشەممەی رابردوو سەبارەت بە ئەگەری رێككەوتنی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی بە كەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند: ، هەوڵەكانی ئێستا بۆ گەیشتن بەم رێككەوتنە لە بەرنامەی كاردا نین .ئاماژەی بەوەشكرد، ئیدارەی بایدن پێی وایە پێویستە ئەمریكا ڕێگری لە ئێران بكات بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.