Erbil 38°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 03:47

چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجامدراوە

28 ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینی زاخۆ تێپه‌ڕده‌بێت
کوردستان TV
100%


دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشتیاری پیشكەش بە سنووری زاخۆ و هاووڵاتیانی ئەو سنوورە كراوە وەکو قیرتاوکردن و فراوانكردنی شەقامەكان بۆ ڕزگاربوون لە خۆڵ و قوڕ و قەرەباڵغی و سەوزکردن و ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانەكان بەشێکى دیکەى هەنگاوە جدییەکانى حکومەتە لە ڕاستاى گەشەپێدانى زاخۆ.

سەبارەت بە قیرتاوكردن و فراوانكردنی شەقامەكان، شڤان عەبدی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی رایگەیاند:''دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەکەمان جێبەجێ کراون. ئێستاش سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ٣٠ مەترین کە لەمەوبەر هیچ پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە لە ئاستی فراوانی و گەورەیی پیشكەش بە خەڵكی زاخۆ نەکراوە. شەقامەکانی فراوان و ڕووناك کراونەتەوە و كۆڵانەكانیش قیرتاو و بەرفراوانتر كراون.''
لەگەڵ دەستبەکاربوونى ئیدارەى سەربەخۆ دەست بە قیرتاوکردنی ١٠٨ کیلۆمەتر لە شەقام و كۆڵانەكانی زاخۆ كراوە و ئێستا ٣٥% كارەكانیان لە لایەن كۆمپانیای جیاجیاوە تەواو بووە و بڕیار وایە لە كۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی دابێت، تەواو ببن.
بەشێوەیەکی گشتى و لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە ٩٠ ملیار دینار بۆ پڕۆژە جیاجیاكانی زاخۆ خەرجكراوە بۆ قیرتاوكردن و چاككردن و فراوانکردنی ڕێگاوبانەکان و دروستکردنى ٥ پۆند و بەنداو لەسەر ڕووبارى خابوور و سەوزکردنى شارەکە بە شێوەیەکى فراوان و گەیاندنى خزمەتگوزارى بۆ ئەو شوینانەی تا ئێستا ڕێگایان نەگەیشتووەتێ، ئەمە سەڕەرای جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاریی پردی دەلال و دروستکردنى مۆزەخانە و فلكەی گوڵان ئەوانیش ئێستا لە حاڵى جێبەجێکردن دان.
هەر لە چوارچێوەى ئەم پڕۆژانە، کار لەسەر ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانەكان كراوە وەك چاككردنی ئاو و سولین و ئاوڕێژی تایبەت لە دەڤەرە جیاجیاکانى زاخۆ لەگەڵ چاككردنی شەقامەكان بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان و بارانبارین، ئاو كۆ نەبێتەوە و نەبێتە هۆی ڕوودانی لافاو و زەرەرگەیاندن بە هاووڵاتیان.
بە جێبەجێبوونى ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشتیاریانە، شارەکە پاش ساڵێكی تر سیمایەكی جیاواز و جوان و گەشتر بە خۆیەوە وەردەگرێت و زیاتر ئاوەدان دەبێتەوە و لە شارێکى سنوورى و بازرگانی دەشبێتە شارێکى گەشتیارى بەرفراوان کە ئەمە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
چەند هاووڵاتییەكی دانیشتووی زاخۆ ئاماژە بەوە دەدەن کە ساڵانی پێشوو شەقامەكانیان زۆر ناخۆش بوون و هاتوچۆ زۆر زەحمەت بوو تێیاندا و بەهۆى بارهەڵگرەکانەوە دووسایدى شارەکە خراپ و تێک چووبوو و سەوزاییش هەتا دەهات کەمتر دەبووەوە بەمەش هاوینەکەى وشک و خۆڵاوی بوو و زستانەکەشی قوڕاوی و زەحمەت، "بەڵام بە کردنی زاخۆ بە ئیدارەیەی سەربەخۆ و دانانى بودجە، ئێستا چەندین كار و پڕۆژە جێبەجێ کراون و جێبەجێ دەکرێن و خەڵکیش ئەم گۆڕانکارییانە بە ئاشکرا دەبینن و بە پیر و لاو و قوتابی و فەرمانبەرەوە ئاسوودەین لە هاتوچۆکردن و بینینى ئەم پڕۆژە گەشتیارییانە".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.