فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشتیاری پیشكەش بە سنووری زاخۆ و هاووڵاتییانی ئەو سنوورە كراوە وەکو قیڕتاوکردن و فراوانكردنی شەقامەكان بۆ ڕزگاربوون لە خۆڵ و قوڕ و قەرەباڵغی و سەوزکردن و ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانەكان بەشێکى دیکەى هەنگاوە جدییەکانى حکوومەتە لە ڕاست گەشەپێدانى زاخۆ.
سەبارەت بە قیڕتاوكردن و فراوانكردنی شەقامەكان، شڤان عەبدی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند: دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەکەمان جێبەجێ کراون. ئێستاش سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی 30 مەترین کە لەمەوبەر هیچ پڕۆژەیەكی لەمشێوەیە لە ئاستی فراوانی و گەورەیی پیشكەش بە خەڵكی زاخۆ نەکراوە. شەقامەکانی فراوان و ڕووناک کراونەتەوە و كۆڵانەكانیش قیڕتاو و بەرفراوانتر كراون.
ڕاشیگەیاند: لەگەڵ دەستبەکاربوونى ئیدارەى سەربەخۆ دەست بە قیرتاوکردنی 108 کیلۆمەتر لە شەقام و كۆڵانەكانی زاخۆ كراوە و ئێستا 35% كارەكانیان لەلایەن كۆمپانیای جیاجیاوە تەواو بووە و بڕیاروایە لە كۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی دابێت، تەواو ببن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستەڕوو کە "بەشێوەیەکی گشتى و لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 90 ملیار دینار بۆ پڕۆژە جیاجیاكانی زاخۆ خەرجكراوە بۆ قیڕتاوكردن و چاككردن و فراوانکردنی ڕێگەوبانەکان و دروستکردنى 5 پۆند و بەنداو لەسەر ڕووبارى خابوور و سەوزکردنى شارەکە بە شێوەیەکى فراوان و گەیاندنى خزمەتگوزارى بۆ ئەو شوینانەی تا ئێستا ڕێگایان نەگەیشتووەتێ، ئەمە سەڕەرای جێبەجێکردنی گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاریی پردی دەلال و دروستکردنى مۆزەخانە و فلكەی گوڵان ئەوانیش ئێستا لە حاڵى جێبەجێکردن دان."
باسی لەوەش کردووە کە "هەر لە چوارچێوەى ئەم پڕۆژانە، کار لەسەر ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانەكان كراوە وەك چاككردنی ئاو و سولین و ئاوڕێژی تایبەت لە دەڤەرە جیاجیاکانى زاخۆ لەگەڵ چاككردنی شەقامەكان بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان و بارانبارین، ئاو كۆ نەبێتەوە و نەبێتە هۆی ڕوودانی لافاو و زەرەرگەیاندن بە هاووڵاتییان."
ئاماژەی بەوەش داوە کە "بە جێبەجێبوونى ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشتیاریانە، شارەکە پاش ساڵێكی تر سیمایەكی جیاواز و جوان و گەشتر بە خۆیەوە وەردەگرێت و زیاتر ئاوەدان دەبێتەوە و لە شارێکى سنوورى و بازرگانی دەشبێتە شارێکى گەشتیارى بەرفراوان کە ئەمە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان."
چەند هاووڵاتییەكی دانیشتووی زاخۆ ئاماژە بەوە دەدەن کە ساڵانی پێشوو شەقامەكانیان زۆر ناخۆش بوون و هاتوچۆ زۆر زەحمەت بوو تێیاندا و بەهۆى بارهەڵگرەکانەوە دووسایدى شارەکە خراپ و تێک چووبوو و سەوزاییش هەتا دەهات کەمتر دەبووەوە بەمەش هاوینەکەى وشک و خۆڵاوی بوو و زستانەکەشی قوڕاوی و زەحمەت، "بەڵام بە کردنی زاخۆ بە ئیدارەی سەربەخۆ و دانانى بوودجە، ئێستا چەندین كار و پڕۆژە جێبەجێ کراون و جێبەجێ دەکرێن و خەڵکیش ئەم گۆڕانکارییانە بە ئاشکرا دەبینن و بە پیر و لاو و قوتابی و فەرمانبەرەوە ئاسوودەین لە هاتوچۆکردن و بینینى ئەم پڕۆژە گەشتیارییانە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.