Erbil 38°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 03:46

ئێران بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی هێمن هەورامی دەکات

کوردستان TV
100%

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی 10ـی 2022 پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و شاندەکە بانگهێشنامەیەکی فەرمیان ئاراستە کرد بۆ سەردانی ئێران.

د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌هدی سه‌فه‌ری، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئیسلامیی ئێران و ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مانتار د. حه‌یده‌ری، له‌ ئه‌نجوومه‌نی شورای ئێران و د. فكرى، جێگری وه‌زیری دارایی و ئابووری، د.علی زادە تباتباشی، به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراق له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، كرد.

ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: له‌ دیدارێكدا، كه‌ نەسروڵڵا زارع ڕەشنوودى، كونسوڵی گشتیی كۆمارى ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ی بوو، په‌یوه‌ندییه‌ له‌مێژینه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و گه‌لان و وڵاتی ئێران باسی لێوه‌ كرا، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووى كلتووری و فه‌رهه‌نگیی هاویه‌شى نێوان هه‌ردوولادا.

ڕاشیگەیاند: لەسەرەتای دیدارەکە سه‌رۆكى شانده‌كه‌ى كۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی له‌ گرنگیی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی كرد، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوورییه‌وه‌.

ئەوەشی خستەڕوو کە له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانیش بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانى تێوان هه‌ردوولا، شانده‌كه‌ بانگهێشتنامه‌یه‌كی فه‌رمیی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورای ئێرانى ئاراسته‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد بۆئه‌وه‌ى سه‌ردانی ئێران بكات.

باسی لەوەش کردووە کە د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، په‌یوه‌ندییه‌ له‌ مێژینه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لانی كوردستان و گه‌لانی ئێرانى به‌رزنرخاند و سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ بانگهێشتنامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نی شورای ئێران ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند: "ئه‌م بانگهَێشتنامه‌یه‌ ده‌رفه‌تێكی گرنگ ده‌ڕه‌خسێنێت هه‌م له‌ ناساندنی ڕۆڵ و پێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی یاسادانان و هه‌میش بۆ دروستكردنی لێكتێگه‌یشتن و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر بۆ پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و فه‌رهه‌نگی و كلتوورییه‌كان.

لە ڕاگەیەنراوەکە هەروەها ئەوەش هاتووە کە له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ى كاری په‌رله‌مانى كوردستان له‌ خولی پێنجه‌میدا خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ له‌ئێستادا یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌یاساكان كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌رفه‌تی كاری نێوده‌وڵه‌تی، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنانه‌ و ده‌رفه‌تێكی باش ده‌بێت بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ئێرانی ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت وه‌ك هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێكی دیكه‌ی بیانی به‌شداربن له‌ وه‌به‌رهێنان و بونیادنانی پرۆسه‌ی ژێرخانی ئابووری و ئاوه‌دانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە له‌ به‌رامبه‌ردا، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپاسی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ پێشخستنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و فه‌رهه‌نگی و كلتوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد و گه‌شبینیی خۆیشی له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتوویی پرۆسه‌ی یاسادانان له‌ هه‌رێم و كاره‌كانی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ده‌ربڕی و هه‌ردوولاش هاوڕابوون له‌سه‌ر لابردنی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی بارزگانی و ئابووریی نێوان هه‌رێم و ئێران و هاووڵاتییان.

ئاماژەی بەوەش داوە کە هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، چه‌ندین بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌ بارزگانییه‌كان، به‌تایبه‌ت به‌هۆی هه‌بوونی سنوورێكی فراوان و دوورودرێژ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا، كه‌ ئه‌مه‌ش كارئاسانییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان له‌ كاتی به‌كارهێنانی ڕێڕه‌وه‌ فه‌رمییه‌كانی خاڵه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.