لێژنەی کاروباری پێشمەرگە داوا دەکات یهكهی نیشتهجێبوون بۆ پێشمهرگه دروست بكرێت و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش پێشوازیی لە داواکارییەکانی لێژنەكه بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجیبوون بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشهممه 19ـی 10ـی 2022 شاندێکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتیی ڕزگار محهمهد مهحمود، بڕیاردەری لێژنە و ئەندامیەتیی سەروان هەرکی، ئەبوبەکر هەڵەدنی و جهمال هەروتی، ئەندامانی لێژنەکە، سەردانی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانى کرد و لەلایەن د. محهمهد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پێشوازیى لێکرا.
ڕاشیگەیاند: لە دیدارەکەدا، شاندی لێژنەكهى پهرلهمان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، باسیان لە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هیزەکانی پێشمەرگە کرد و داواش کرا وەک چۆن لەماوەی ڕابردوودا بۆ بەشێک لە چین و توێژی فەرمانبەران یەکەکانی نیشتەجێبوون دروستکراون، بەهەمان شێوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەش دروست بکرێت کە لەگەڵ مووچە و بژێویی پێشمەرگە بگونجێت، لەسەر هەمان بابەت شاندی لێژنەكهی پهرلهمان داوای کرد کە دەستەی وەبەرهێنان وەکو لایەنی حکوومەت لەکاتی دابینکردنی زەوی بۆ یەكهکانی نیشتەجێبوون و پێدانیان بە وەبەرهێنەران، داوا لە وەبەرهێنەران بکرێت کە ڕِێژەیەک لە یەکەکانی پرۆژەکانیان بە نرخ و قیستێکی جیاوازتر بە پێشمەرگە بدرێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پێشوازیی لە داواکارییەکانی لێژنەكه بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد و باسى لەوەش کرد كه لەئێستادا دەست بە دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ شەهیدان کراوە و بەڵێنی ئەوەشى بە شاندی لێژنەی پێشمەرگەدا کە بە نووسراو ئەو داواکارییانە ئاراستەی و ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆئەوەی شتێکی لەو چەشنە بۆ هێزەکانی پێشمەرگەش بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.